سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی گۆڕان: کۆمسیۆن کۆنگرەی بزووتنەوەکەی هەڵنەوەشاندووەتەوەو تەنها هەڵبژاردنی ڕێکخەری گشتیی ڕەتکردووەتەوە
٣٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان ( ئاراستەی کوردسات) ئاشکرایکرد، بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە واتای هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی کەرکووک نایەت، بەڵکو تەنها پرۆسەی هەڵبژاردنی دانا ئەحمەد مەجیدی وەک ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەکە ڕەتکردووەتەوە.
سەرچاوەکە لە لێدوانێکدا بۆ پەنجەرە ڕایگەیاند: "بڕیارەکەی کۆمسیۆن لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی گۆڕاندایە ( ئاراستەی کوردسات)، چونکە دان بە سەرکردایەتی، دەستوور و قەوارەی فەرمیی گۆڕاندا دەنێت و پەسەندی کردوون."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش بۆ چارەسەرکردنی پرسی پۆستی ڕێکخەری گشتی، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نائاسایی، تاوەکو بە شێوازێکی فەرمی ڕێکخەری بۆ بزووتنەوەکە هەڵبژێردرێت و ئەوەش وەک ڕێگەچارەی کۆتایی لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاریکراوە.