نرخاندنی بەنزین؛ ئایا حکومەت پێی دەکرێت بڕیارەکانی جێبەجێ بکات؟
٣٠ تەممووز ٢٠٢٦ - ٨:٢٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
"گلەیی دەکەن کە لەڕێگەی دوورەوە هاتوون بۆ بەنزین و نەماوە، چونکە ئێمە تەنها توانیمان سێ سەعات بەنزین بە نرخی ٨٥٠ دینار بفرۆشین". بەم وتانە، فاخیر هەریریی، خاوەنی وێستگەی سوتەمەنی لەهەولێر، باسی لە بڕیارەکانی دیارییکردنی نرخی بەنزینی نۆرماڵی کرد.
ڕۆژێک دوای ئەوەی حکومەت بڕیاریدا نرخی بەنزینی نۆرماڵ بکات بە ٨٥٠ دینار بۆ لیترێک، ئەم بەیانییە بڕیارێکی تری دەرکرد کە تیایدا نرخی هەموو جۆرەکانی بەنزینی دیارییکردووە.
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەنزینی نۆرماڵی حکومیی ٧٥٠ دینارە و هی نۆرماڵی بازرگانی ٨٥٠ دینارە.
هەرچی بەنزینی موحەسەنە بە هەزار دینار و سوپەر بە هەزار و ٢٠٠ دینار دیارییکراوە و نابێت وێستگەکانی سوتەمەنی لەم نرخە زیاتری بفرۆشن.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ ئێوارە نرخی بەنزینی سوپەر لە هەولێر، نزیکبوویەوە لە ٢ هەزار دینار.
ئایا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت؟
دوێنێ کە حکومەت بەنزینی نۆرماڵی کردبوو بە ٨٥٠ دینار، فاخیر هەریریی باسی لەوەکردبوو کە بە دەفتەر دۆلار زیان دەکەن، چونکە وەکخۆی وتی: بەنزینەکە لیتری لەسەر خۆیان بە هەزار و ٢٠٠ دینارە و دەبێت بیدەن بە ٨٥٠ دینار.
پرسیار ئەوەیە: کەواتە حکومەت چۆن ئەم بڕیارە نوێیەی دەرکردووە و تاچەند وێستگەکان پێوەی پابەند دەبن؟
وەڵامی ئەم پرسیارە دوو ڕووی هەیە.
ڕووی یەکەمیان ئەوەیە کە حکومەت دەتوانێت بڕیارەکە جێبەجێ بکات ئەگەر پاڵاوگە و کارگەکانی دروستکردنی بەنزین لەناوخۆدا ناچاربکات بە کەمکردنەوەی نرخەکانیان. بەوپێیەشی بەرهەمی نەوت لەناوخۆدا هەیە و پاڵاوگەکانیش سەر بە حزب و سەرکردەکانن، بۆیە ئەگەر دەستیان لەسەر قورس بکەن ئەوا دەتوانن نرخەکان دابەزێنن، بەمەش بەنزین تادەگاتە ناو ئۆتۆمبیلی هاوڵاتیان، بەو شێوە بەرزە نامێنێتەوە.
دیوی دووەمیش، پەیوەستە بەوەی کە ئەگەر حکومەت هەقی بەسەر پاڵاوگەکانەوە نەبێت کە سەرچاوەی دابینکردنی بەنزینەکەن و بڕیارەکە هەر ڕوو لە خاوەن وێستگەکان بێت، ئەوا بێگومان بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت. یان ڕەنگە هەندێک وێستگە بتوانن بۆ ماوەیەک "وەکو موجامەلەی دەسەڵات" جێبەجێی بکەن و دواتر ڕایبگرن یان هەر وێستگەکانیان دابخەن، چونکە هاوکێشەی قازانج و زیان ڕێگە بەوەنادات کاڵایەک بە نرخێکی گران بکڕی و بە هەرزانتر بیفرۆشیتەوە، مەگەر قازانجێکی تر لە هەرزانکردنەکەدا هەبێت.
نووسراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەخۆناگرێت کە چۆن ئەم نرخانە جێگیر کراون، ئەمەش گومانی ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە یان هەوڵێکی باڵاتر و جیدییتر دراوە و سەرچاوەی بەنزینی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دابینکراوە، یان خراپتر، وەکو بڕیارەکەی دوێنێی تەنها بڕیار دەبێت لەسەر کاغەز و زۆرینەی وێستگەکان پێوەی پابەند نابن.