مەترسییەکانی سەودا ئەتۆمییەکەی ئەمریکا و سعودیە؛ پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکە دەستپێدەکات؟

٣١ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٢٧ پاش نیوەڕۆ

 مەترسییەکانی سەودا ئەتۆمییەکەی ئەمریکا و سعودیە؛ پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکە دەستپێدەکات؟

پەنجەرە

دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنێکی هەماهەنگی ئەتۆمیی مەدەنی لە نێوان ئەمریکا و سعودیە،کە واشنتۆن بە "مێژوویی" وەسفیکرد، گۆڕەپانی سیاسیی ئەمریکا و ناوچەکە ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە هەڵا و نیگەرانیی بەرفراوان بووەوە.

ڕەخنەگران سەرە رمی ڕەخنەکانیان ئاراستەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن و تۆمەتباری دەکەن بەوەی "سازشی مەترسیدار"ی بۆ شانشینی سعودیە کردووە، بەشێوەیەک کە ڕەنگە ڕێگە خۆش بکات بۆ تێکدانی هاوسەنگیی هێز و شکاندنی بەندەکانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.

ڕێککەوتنەکە و هەڵوێستی فەرمیی واشنتۆن

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، ڕێککەوتنەکە لەلایەن کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا و شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، هاوتا سعودییەکەیەوە ئیمزا کراوە. 
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم بەڵگەنامەیە لەگەڵ ڕێککەوتننامەیەکی گەرەنتیی توندوتۆڵدا هاوپێچ کراوە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی وزەدا دەڵێت: ئەم دوو ڕێککەوتنە پێکەوە بنەمای یاسایی بۆ هاوبەشییەکی فرە ملیار دۆلاری دەستنیشان دەکەن کە چەندین دەیە دەخایەنێت؛ ئامانج لێی بەدیهێنانی پێشینە ئابووری و ستراتیژییەکانە، لە سەروویانەوە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی."

 لەلایەکی ترەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەوڵیدا نیگەرانییەکان بڕەوێنێتەوە و ڕایگەیاند، واشنتۆن هەرگیزاوهەرگیز دەست بۆ ڕێککەوتنێک درێژ ناکات کە مەترسیی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا لێ بکەوێتەوە.

خاڵە جێناکۆکەکان

تەوەرەی سەرەکیی ڕەخنەکان ڕوویان لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵە کە ئاشکرای کردووە: یەکێک لە بەندەکان ڕێگە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات دامەزراوەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاکی سعودیەدا بنیاد بنێن، بەمەرجێک توێژینەوەیەکی هاوبەش ڕەوایەتیی بەو کارە بدات.

ئەوەی شارەزایانی نیگەران کردووە، نەبوونی دوو خاڵی جەوهەرییە لە ڕێککەوتنەکەدا:
1. نەمانی "پێوەری زێڕین":  کە ڕێگریی لە وڵاتان دەکات لە پیتاندنی یۆرانیۆم و دووبارە پڕۆسێسکردنەوەی سووتەمەنیی ئەتۆمی، ئەو دوو ڕێگەیەی راستەوخۆ دەچنەوە سەر دروستکردنی کڵاوەی جەنگیی ئەتۆمی.

2. غیابی "پڕۆتۆکۆڵی زیادە": کە دەسەڵاتی فراوانتر دەداتە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاودێریکردنی ورد و نەپچڕاو.

مۆدێلی ئەم ڕێککەوتنە بە تەواوی پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەیە کە ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٩ لەگەڵ ئیمارات ئیمزای کرد، کە تێیدا ئەبوزەبی بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بوو لە بەرامبەر وەرگرتنی تەکنەلۆجیادا.

کاردانەوەکان: ترسی دەستپێکردنی پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی

سڕینەوەی ئەم هێڵە سوورانە شڵەژانی لای لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دروست کردووە. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە پرسیار لەسەر  سیاسەتی ئەمریکا دروست دەکات، بەتایبەت کاتێک بەراورد دەکرێت بەو گوشارە توندانەی خستوویەتییە سەر ئێران تا دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمەکەی ببێت.

لە ساڵی ٢٠١٨دا، شازادە محەمەد بن سەلمان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی CBS بەڕوونی ڕایگەیاندبوو: "ئەگەر ئێران سەرکەوتوو بێت لە چێکردنی بۆمبی ئەتۆمی، سعودیەش بەپەلە هەمان هەنگاو دەنێت."

 هۆشدارییەکانی کۆنگرێس

کەریس مێرفی، سیناتۆری دیموکرات لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) نووسیویەتی: "ئەم ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی دەستپێکردنی پێشبڕکێیەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا، بەمەش ئێران زیاتر سارد دەکاتەوە لەوەی سنوورێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی دابنێت."
 
لایخۆیەوە ڕۆزماری کیلانیک، لێکۆڵەر لە دامەزراوەی "دێفێنس پرایۆریتیز" پێیوایە کاتێک سعودیە دەستبەسەر توانای پیتاندندا بگرێت، دەتوانێت وەک کارتێکی گوشار بەرامبەر واشنتۆن بەکاری بهێنێت بۆ بەدەستهێنانی گەرەنتیی ئەمنیی گەورەتر لە داهاتوودا.

دیوی دووەمی یارییەکە: سەرکەوتنێکی ستراتیژی بەسەر چین و ڕووسیادا؟

سەرەڕای شەپۆلی ڕەخنەکان، بەشێک لە شارەزایانی جیوپۆلیتیک ئاماژە بە لایەنە ئەرێنییەکەی دەکەن بۆ ئەمریکا. لەبەر ئەوەی سعودیە پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەر لەگەڵ واشنتۆندا نەگاتە ڕێککەوتن، پەنا دەباتە بەر بێجینگ یان مۆسکۆ، کە خاوەنی پێوەری زۆر شلترن لە باری ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیدا.
جێنیفەر تی گۆردۆن، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی سیاسەتی وزەی ئەتۆمی لە "ئەنجومەنی ئەتڵەسی" ڕایگەیاند:پرسیارەکە هەرگیز لەسەر ئەوە نەبوو کە ئایا سعودیە بەرنامەی ئەتۆمی دەستپێدەکات یان نا، بەڵکو پرسەکە ئەوە بوو لەگەڵ کێدا دەستپێدەکات. بەم پێیە، ئەم ڕێککەوتنە نەک تەنها دەستکەوتێکە بۆ پیشەسازیی ئەتۆمیی ئەمریکا، بەڵکو سەرکەوتنێکی گەورەی سیستەمی چاودێریی جیهانییە لەژێر سەرکردایەتیی واشنتۆندا."

دواجار
ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی نێوان واشنتۆن و ڕیاز لە میانەی هاوسەنگییەکی باریک و مەترسیداردایە. لەلایەکەوە هاوبەشیی ئابووری و ستراتیژیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا قووڵتر دەکاتەوە و ڕێگە لە فراوانبوونی هەژموونی چین و ڕووسیا دەگرێت، بەڵام لەلایەکی ترەوە، دەرگای ئەگەری هاوکێشەیەکی نوێی سەربازی و ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا واڵا دەکات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو