لە "خێمەی جەنگ"ەوە بۆ هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوە؛ دوا پێشهاتە مەیدانییەکانی سەرێکانی و حەسەکە

٣١ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٣٦ پاش نیوەڕۆ

لە "خێمەی جەنگ"ەوە بۆ هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوە؛ دوا پێشهاتە مەیدانییەکانی سەرێکانی و حەسەکە

پەنجەرە

ژمارەیەک لە ئەندامانی عەشیرەتە عەرەبەکان لە پارێزگای حەسەکە لەژێر خێمەیەکدا لە ناوچەی (مەیلەبییە) لە گوندەواری باشووری حەسەکە کۆبوونەتەوە، خێمەکە لە سەرەتادا ناوی "خێمەی جەنگ"ی لێنرابوو، پێش ئەوەی دواتر ناوەکەی بگۆڕدرێت بۆ "خێمەی گەڕانەوە و کەرامەت".

ئەم جووڵەیە دوای ئەو گرژییانە دێت کە شاری سەرێ کانی (رأس العين) لە گوندەواری حەسەکە بەخۆیەوەی بینی، بەدوای خۆپیشاندانانێکدا کە ڕەتیان دەکردەوە ئاوارە کوردەکانی دانیشتووی ناوچەکە بگەڕێنەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان، جگە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر چوونی پارێزگاری حەسەکە بۆ شارەکە و ئاڕاستەکردنی وتەی “نەشیاو” بەرامبەری لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمەڵەی پەروەردەیی لە سەرێ کانی، پێش ئەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی دەربچێت.

بەپێی چەندین تۆماری ڤیدیۆیی کە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ پێشتر کۆپییانی بڵاوکردبۆوە، ئەم جووڵە عەشایەرییە بە سەرکردایەتی کەسێک بووە بە ناوی "ئەحمەد حەماد ئەلئەسعەد ئال ئەلمەلجەم"، کە ناسراوە بە "ئەبو فازڵ"، کە پێشتر ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەرکەوتنی بە دەنگ و ڕەنگ تۆمار کردبوو، لەگەڵ لێدوانێکیدا کە تێیدا دانی نابوو بە بەشدارییکردنی لە ڕووداوەکانی سوەیدا کە پێشێلکاریی بەرامبەر بە پەیڕەوانی مەزهەبی دروز بەخۆیەوە بینی.
هەروەها ڕوانگەی سووری بەردەوامیی لێدوانە دژ بە کوردەکانی ئەحمەد حەماد و دژایەتیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ی تۆمار کردووە.

هەروەها ئەلئەسعەد لە چەندین بۆنەدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە دانی بەو پارێزگارەی حەسەکەدا نەناوە کە لەلایەن سەرۆکی سوریا "ئەحمەد ئەلشەرع"ەوە دەستنیشانکراوە، لە پێناو جێبەجێکردنی بڕگەكانی ڕێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەم و وەک جێبەجێکردنێک بۆ ڕێڕەوی تێکەڵکردنی دامەزراوەیی لە نێوان دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی سووریادا، لە سایەی بەردەوامیی دۆخی گرژیی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە پارێزگاکە بەخۆیەوەی دەبینێت.

چالاکوانانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ گەیشتنی ژمارەیەک لە ڕۆڵەکانی عەشیرەتەکانیان لە پارێزگای دێرەزوورەوە بۆ خێمەکە تۆمار کردووە، بەدوای داواکارییە عەشایەرییەکان بۆ بەشدارییکردن لەم جووڵەیەدا، لە کاتێکدا دیمەنە تۆمارکراوەکان دەریانخستووە کە ئامادەبووانی ناو خێمەکە بە تەواوی چەکدار بوون.
لە هەمان چوارچێوەدا، چالاکوانانی ڕوانگەی سووری ڕۆژی چوارشەممە چاودێریی ڕاگەیەندراوێکیان کرد کە لەلایەن عەشیرەتەکانی هۆزی "جبور"ەوە لە پارێزگای حەسەکە دەرچووە، کە تێیدا پشتیوانی و هاوخەمیی خۆیان بۆ جووڵە عەشایەرییەکە ڕاگەیاندووە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پەیوەندیکردن بەو خێمەیەی لە گوندەواری حەسەکە هەڵدراوە.

ئەمە لە ناوەڕاستی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دێت، لەگەڵ مەترسیی گواستنەوەی ناکۆکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەیدانی، لە سایەی بەردەوامیی وتاری ئاڵۆزکەر و کۆکردنەوەی چەکداریی عەشایەری.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسیارێتیی سەرکەوتنی ئەو ڕێککەوتنانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، و داوایان لێدەکات بەپەلە بجوڵێن بۆ ڕێگرییکردن لە تێکچوونی زیاتری بارودۆخەکە و ڕاگرتنی هەر دەركەوتەیەکی چەکدارانە بۆ کۆکردنەوەی هێز یان ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، و دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە بە شێوازێک کە سەقامگیری بپارێزێت و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان دابین بکات. 
ڕوانگە جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا، بێ جیاوازی، و پاراستنی مافەکانیان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتییان، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و یاساییە کە وەدواخستن هەڵناگرێت، و بەردی بناغەیە بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەرکەوتنی هەر ڕێڕەوێک بۆ چارەسەر و سەقامگیری.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو