لە جەنگەوە بۆ بازرگانی: ڕەهەندە ستراتیژییەکانی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی
٣١ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەم ساڵانەی دواییدا، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرچەرخانی سیاسی و دیپلۆماسی گرنگی بەخۆوە بینی، کە دیارترینیان ئیمزاکردنی ئەوە بوو کە بە "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی" ناسراوە، ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسرائیلدا بە ڕەزامەندی و سەرپەرشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام دران.
بەڵام ئەم ڕێککەوتنانە دەنگۆ و هەڵایەکی زۆریان لە ناوەندە سیاسی، فەرهەنگی و ئایینییەکاندا دروستکرد. لەکاتێکدا هەندێک کەس وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و هاوکاریی ئابووریی لە ناوچەکەدا لێیدەڕوانن، کەسانی دیکەش بە پێچەوانەی هەڵوێستە مێژووییەکانی پەیوەست بە دۆزی فەلەستین و هەروەها ئاساییکردنەوەیەکی بێمەرج لەگەڵ ئیسرائیلدا هەژماری دەکەن.
ململانێی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی ۱۹٤۸ەوە تا ئێستا، یەکێک بووە لە دیارترین ئاڵنگارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شێوازی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە جەنگی خوێناوی، دانوستانی ئاڵۆز و دەستپێشخەریی دیپلۆماسیی شکستخواردوو. بەڵام ساڵی ۲۰۲۰ وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوەی لە ڕێڕەوی ئەم پەیوەندییەدا پێكهێنا، دوای ئەوەی ئیمزاکردنی "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی" لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا ڕاگەیەندرا، لە هەنگاوێکدا کە وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە نەخشەی هاوپەیمانی و بەرژەوەندییە هەرێمییەکاندا وەسف کرا.
سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی، وەک میسر (لە ساڵی ۱۹۷۸) و ئوردن (لە ساڵی ۱۹۹٤)، پێش ئەم هەنگاوە کەوتبوون بە ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل لە حەفتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەڵام "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی" لەوەدا جیاواز بوون کە لە ئەنجامی جەنگێک لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەنجام نەدران، بەڵکو لە چوارچێوەی "لێکتێگەیشتنی سیاسی" بە سروشتێکی ستراتیژییەوە هاتنە ئاراوە.
"ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی"، کە بە ڕێککەوتننامەکانی ئیبراهیم (یاخود ئەبراهام)یش ناسراون، ناونانیان بەم ناوەوە بۆ پێغەمبەر ئیبراهیم دەگەڕێتەوە کە هەرسێ ئایینە ئاسمانییەکە (جوو، مەسیحییەت و ئیسلام) خۆیانی پێوە دەبەستنەوە. ئەم ناوهێنانە هەڵبژێردرا تاوەکو شێوازێک لە هاوبەشی لەسەر بنەمای ئایینی لە نێوان ئیسرائیل و عەرەب، یان بەواتایەکی تر لە نێوان جوولەکە و موسڵماناندا ببەخشێت.
دەقی ڕاگەیەندراوی "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی"، بەپێی ئەو دەقەی لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، جەخت لەسەر پابەندبوونی لایەنەکان بەم بڕگانەی خوارەوە دەکاتەوە:
* گرنگیی پاراستن و بەهێزکردنی ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهاندا، لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی یەکتر، پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە کەرامەت و ئازادیی مرۆڤ، بە ئازادیی ئایین و بیروباوەڕیشەوە.
*داواکاری بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بە مەبەستی چەسپاندنی دیالۆگی نێوان ئایین و فەرهەنگەکان، بۆ بەهێزکردنی فەرهەنگی ئاشتی لە نێوان هەرسێ ئایینە ئیبراهیمییەکە و تەواوی مرۆڤایەتیدا.
*باوەڕبوون بەوەی شیاوترین ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان بریتییە لە هاوکاری و دیالۆگ و گەشەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان وڵاتان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئاشتیی بەردەوام لە ناوچەکە و جیهاندا دەکات.
*هەوڵدان بۆ چەسپاندنی بەهاکانی لێبوردەیی و ڕێزگرتن لە هەر تاکێک، بۆ بونیاتنانی جیهانێک کە تێیدا هەموان بەبێ گوێدانە ڕەگەز، ئایین یان ڕەچەڵەکی نەتەوەیی، لە ژیانێکی شەرەفمەندانە و ئومێدبەخش بەهرەمەند بن.
* پشتگیریی زانست، هونەر، پزیشکی و بازرگانی، وەک ئامرازێک بۆ ئیلهامبەخشین بە مرۆڤایەتی، بەرزکردنەوەی تواناکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی لێک نزیکبوونەوەی نێوان گەلان.
* هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی توندڕەوی و ململانێکان، بە مەبەستی دابینکردنی داهاتوویەکی ڕووناکتر بۆ منداڵانی جیهان.
* بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ بینینێکی گشتگیر بۆ ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، پێشوازی لە پێشکەوتنەکانی بەدیهاتوو لە دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێدا دەکرێت، بەپێی ئەو پرەنسیپانەی لە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمیدا هاتوون.
"بەرهەمەکانی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی"
پەیمانگای ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی بۆ ئاشتی (کە بنکەکەی لە واشنتۆنە)، ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکان بەوە وەسف دەکات کە "خاڵی وەرچەرخانی بنەڕەتی بوو لە سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی".
هەروەها دەڵێت لە سایەی پشتگیریی بەردەوامی هەردوو حزبی سەرەکیی ئەمریکا، "لە ماوەیەکی کورتدا کە چوار مانگ تێنەپەڕی (لە نێوان ئاب/ئۆگست و کانوونی یەکەم/دیستمبەری ۲۰۲۰)، چوار وڵات دەستیان بە جوڵەی دیپلۆماسی کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا، بە چاودێریکردنی میسر و ئوردن لە
هاویشتنی ئەو هەنگاوە بەرچاوەدا."
پەیمانگاکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم ڕێککەوتنانە "ڕێگە خۆش دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی عەرەب و ئیسرائیل، ئاسۆیەکی نوێ بۆ داهاتوویەک لەسەر بنەمای ئاشتی، لێبوردەیی و یەکسانیی دەرفەتەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهاندا دەکەنەوە."
هەروەها پێیوایە کە ئەم ڕێککەوتنانە نوێنەرایەتی "دەستپێکی بەشێکی هەرێمیی نوێ دەکەن کە لەسەر بنەمای بینینێکی بەکۆمەڵ بۆ خۆشگوزەرانیی ئابووری دامەزراوە، و هەرچەندە پەیوەندییە بازرگانییەکان تۆکمەتر بن، بەهێزیی بەستەرەکانی نێوان گەلان و وڵاتان زیاتر دەبێت."
ئایا کەرتی بازرگانی ڕێگەی گەیشتنە بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
بەپێی پێناسەی پەیمانگاکە، ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی کۆڵەکەیەکە بۆ "پرۆسەیەکی ئاشتیی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی دەرخستنی دەستکەوتی بەرجەستە بۆ پەیوەندییە مرۆییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوکاریی هاوبەش.
ئەوە دەستپێشخەرییەکە بۆ قۆستنەوەی دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئازادکردنی تواناکانی ناوچەکە، بەهێزکردنی ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکان، و یارمەتیدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تێپەڕاندنی دەیان ساڵ لە ململانێ بەرەو قۆناغێکی نوێ لە هاوکاریی فرەلایەنە."
پەیمانگاکە پێیوایە ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی دەرفەتی بێسنووریان پێیە، کە ڕەنگە هاوکار بێت لە دابینکردنی تا چوار ملیۆن دەرفەتی کاری نوێ، و هاندانی چالاکیی ئابووری کە بە یەک تریلیۆن دۆلار لە دەیەی داهاتوودا مەزەندە دەکرێت.
بێگومان، ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبی هێنایە بەردەم ڕووناکی و ئاشکرا، و سیمای ململانێی عەرەب و ئیسرائیلی سەرلەنوێ کێشایەوە.
ئیمزاکردنی یەکەمین ڕێککەوتن لە ١٥ ی ئەیلوولی ۲۰۲۰دا بوو لە نێوان ئیمارات و بەحرێن لەلایەک، و ئیسرائیل لەلایەکی تر، بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان و پشتگیریی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، تا دواتر سودان و مەغریبیش ببنە بەشێک لێی.
ڕاگرتنی پلانی ئیسرائیل بۆ زەوتکردنی ناوچەگەلێک لە کەرتی ڕۆژئاوا لە تەممووزی ۲۰۲۰دا، ئیمارات چووە ناو دانوستان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە لە ئاب/ئۆگستدا هات، دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان فرۆشتنی ٥٠ فڕۆکەی جەنگیی جۆری "F-35"ی بە ئیمارات ڕاگەیاند.
لە هەمان کاتدا، وڵاتێکی دیکەی کەنداو پەلەی کرد لە پەیوەندیکردن بە کاروانی ئاساییکردنەوەوە، بڕیاری ڕێککەوتنێکی تر لە نێوان ئیسرائیل و بەحرێن ڕاگەیەندرا. چەند ڕۆژێک تێنەپەڕی بەحرێن پەیوەندی بە نوێنەرانی ئیمارات، ئیسرائیل و ئەمریکاوە کرد لە ئاهەنگی ئیمزاکردندا کە لە کۆشکی سپی بە سەرپەرشتیی ترەمپ بەڕێوەچوو.
ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ماوەی مانگەکانی دواییدا توانی بگاتە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی تر لەگەڵ مەغریب و سودان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. لە کانوونی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۰دا، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لە نێوان مەغریب، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بڵاوکرایەوە، و ئەمریکا بووە یەکەم وڵات کە دان بە سەروەریی مەغریبدا بنێت بەسەر سەحرای ڕۆژئاوادا.
لە هەمان مانگدا، ئەمریکا سودانی لە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر دەرهێنا، و لە کانوونی دووەمی ساڵی ۲۰۲۱دا سودان ڕاگەیەندراوی "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی"ی ئیمزا کرد، دانوستانەکانیش سەبارەت بە ڕێککەوتنی دووقۆڵی لە نێوان ئیسرائیل و سوداندا بۆ چەندین ساڵ دوای ئەوە بەردەوام بوو.
هەروەها ساڵانی دوای ڕێککەوتنەکان شایەتی ئیمزاکردنی زنجیرەیەک ڕێککەوتنی بازرگانی بوون لە نێوان لایەنە ئیمزاکەرەکاندا، کە دیارترینیان ڕێککەوتنەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بوون، کە قەبارەی بازرگانیی نێوانیان لە ساڵی یەکەمی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکاندا نیو ملیار دۆلاری تێپەڕاند.
سەرەڕای دابەزینی ڕێژەی پشتیوانیی گشتی بۆ ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی لە ساڵانی دواییدا، بەتایبەتی لە دوای ئەو وێرانکارییەی کەرتی غەززە بەخۆیەوە بینی دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە تشرینی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۳دا، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بێمتمانەیی وڵاتانی تر بۆ ئیمزاکردنی، بەڵام ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی وەک خۆیان بەپێوە مانەوە.
"ڕەهەندە ستراتیژییەکان"
هۆکاری ستراتیژیی دیکە لە پشت ئیمزاکردنی "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی" لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل لەو کاتەدا هەبوون؛ دیارترینیان ئەوەیە کە ئەم ڕێککەوتنانە بەشدارن لە پشتگیریی خواستەکانی ئیماراتدا ، یارمەتی دەدەن لە دروستکردنی خۆی وەک هێزێکی سەربازی، جگە لەوەی ناوەندێکە بۆ کارە بازرگانییەکان و گەشتیاریی دیار، بەپێی وتەی جێرمی بۆین (سەرنووسەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە BBC).
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن خۆیەوە یارمەتیدەر بوو لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکان لە ڕێگەی بەڵێندان بە دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ ئیمارات کە پێشتر دوور بوو لە دەستگەیشتن بەو چەکانە، لەوانە فڕۆکەی جەنگیی "F-35" و فڕۆکەی جەنگیی ئەلیکترۆنیی "EA-18G Growler".
لە هەمان کاتدا، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتگیری لە گومانەکانی ئیمارات و بەحرێن بەرامبەر بە ئێران دەکەن؛ چونکە تاران تا ساڵی ۱۹٦۹ بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بەحرێن (بۆ نموونە) بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکەکەی، و فەرمانڕەوا سوننەکانی بەحرێن پێیانوابوو هەندێک توێژ لە زۆرینەی شیعەی نائارامی وڵاتەکە ئەگەری هەبوونی ستوونی پێنجەمی دڵسۆز بۆ ئێران پێکدەهێنن.
هەروەها ڕێککەوتنەکان بەشدارن لە کەمکردنەوەی گۆشەگیریی هەرێمیی ئیسرائیل، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا دەستکەوتێکی ڕاستەقینەیە، بەتایبەتی کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین نەتنیاهۆ) ستراتیژییەک پەیڕەو دەکات کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بە "دیواری ئاسنین" لە نێوان ئیسرائیل و عەرەبدا ناسراوە؛ ستراتیژییەک کە لەسەر بڕوای ئەوە دامەزراوە کە باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل "لە کۆتاییدا عەرەب ناچار دەکات دان بە بوونیدا بنێن وەک واقیعێک کە ڕاگیرانی نییە."
هەروەها ڕێککەوتنەکان یارمەتیدەرن لە بەهێزکردنی هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا دژی ئێران، کە ئەوەش دەستکەوتێکی ترە بۆ ئیسرائیل. هۆکاری دیکەش ئەوەیە ئیسرائیلییەکان ئومێدێکی گەورەیان هەڵچنیوە لەسەر "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی" بۆ توکمەکردنی پەیوەندییەکانی داهاتوویان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کە لە ڕووی جۆگرافییەوە دوورن لە چەقی ململانێکانی قودس و زەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستین.
بێگومان "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی" وەرچەرخانێکی دیارە لە مێژووی پەیوەندییەکانی عەرەب و ئیسرائیلدا، دەرگای لەسەر هاوپەیمانیی لە ناوچەکەدا کردەوە کە لە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە ئابووری و ئاسایشییەکانەوە دەست پێدەکات و تا ڕادەیەکی زۆر ڕەچاوکردنە ئایدۆلۆژی و مێژووییەکان تێدەپەڕێنێت.
لەکاتێکدا هەندێک کەس "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی" وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتی و گەشەپێدان دەبینن (وەک ئەوەی بە فەرمی ڕاگەیەندراوە)، بەڵام چارەنووسی بەستراوەتەوە بە ڕادەی توانای لەسەر کاریگەریی ڕاستەقینە لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکاندا، و لە سەرووی هەمویانەوە دۆزی فەلەستین، کە تا ئێستاش بڕبڕەی پشتی ململانێکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.