ئیمپراتۆریەتی «تارماییەکان»؛ مەکتەبە ئابوورییەکان چۆن خەزێنەی عێراقیان بەتاڵ کردەوە؟

٣١ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٣٣ پاش نیوەڕۆ

 ئیمپراتۆریەتی «تارماییەکان»؛ مەکتەبە ئابوورییەکان چۆن خەزێنەی عێراقیان بەتاڵ کردەوە؟

پەنجەرە، شەرقولئەوسەت

هاوینی 2010. دوای چەندین کاتژمێر لە لێکۆڵینەوەی توند، تۆمەتباری دۆسیەیەکی گەورەی دەستبەسەرداگرتنی ماڵی گشتی، هێشتا خۆڕاگرەو لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیشتووە. 

تۆمەتبارەکە قاچی خستۆتە سەر قاچ و بە هێمنی چاوەڕێی کۆتاییهاتنی دانیشتنەکە دەکات بۆ ئەوەی بڕوات، لە کاتێکدا لێکۆڵەرەکەی بەرامبەری لە گێژاوێکی قووڵدا نقوم بووە.

تۆمەتبارەکە بە نازەوە پرسی: «کەی ئەم سەرئێشەیە کۆتایی پێدێت؟»
لێکۆڵەرەکە بە زەبرەوە وەڵامی دایەوە: «کاتێک وەڵامی تەواوی پرسیارەکان دەدەیتەوە!»

لێکۆڵەرەکە وردبینێکی دارایی دێرین و بەئەزموون بوو؛ واشی دەزانی ڕاوەدووی کەسێک دەکات کە بە بەڵگەی بەردەستی گەمارۆی داوە.

لێکۆڵەرەکە گوشارەکانی زیاتر کرد و بەڵگەکانی یەک بە یەک لەسەر مێزەکە دانا. تۆمەتبارەکە بە زەردەخەنەیەکی ساردەوە گوتی: «ئەزیزم... بۆچی خۆت ماندوو دەکەیت؟ من ملیۆنێک دۆلارم بە زەرفکراوی خستۆتە لایەک تەنها بۆ ئەوەی لەم ژوورە بێمە دەرەوە!»

لێکۆڵەرەکە ڕەنگیدا و گوتی: «من ڕەشوە وەرناگرم.»
تۆمەتبارەکە بە سەرسوڕمانەوە سەری هێنایە پێشەوە و گوتی: «کێ گوتی ئەوە بۆ تۆیە؟!»
بێدەنگییەکی کوشتندە ژوورەکەی تەنی. تۆمەتبارەکە بە هێمنی گوتی: «شوێنی خۆت بگرە و لەسەرخۆ بە ئەزیزم.»
لێکۆڵینەوەکە کۆتایی هات.

ئەو لێکۆڵەرەی لە ساڵی 2012 خانەنشین بوو، دەڵێت: «دۆسیەکە تا ئێستاش دانەخراوە.» بەڵام ئەمڕۆ هیوایەکی کەمی دروستکردووە کە ئەو شەپۆلە دەستگیرکردنەی لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و بەرپرس و سیاسییە گەورەکانی گرتۆتەوە، ئاقارێکی جیاواز تۆمار بکات.

ئەم دیمەنە تەنها دڵۆپێک بوو بەرامبەر ئیمپراتۆریەتێکی ئاڵۆزی ملیارەها دۆلاری. دەرکەوت ئەو "ملیۆن دۆلارە" بۆ پاراستنی تاکەکان تەرخان نەکراوە، بەڵکو بۆ پاراستنی قەوارە سێبەرەکان بووە کە خۆیان پەرەپێداوە و بوونەتە بەشێک لەوەی بەرپرسێکی پێشوو پێی دەڵێت: «دۆسیەی ڕەشی عێراق».

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، حیزبە عێراقییەکان و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێران، پێکهاتەیەکیان دروستکرد بە ناوی «مەکتەبە ئابوورییەکان»؛ ئەرکی سەرەکییان قووتدانی پشکی دااهاتی نەوت بووە لە ڕێگەی گرێبەست و عمولەی نایاساییەوە بۆ ناو خەزێنە ناڕەسمییەکان. بەیاساییکردنی تاوانبارکردنیان کارێکی ئەستەم بوو، باجە سیاسییەکەشی سەخت و مەترسیدار.

دەوڵەتی مەکتەبە ئابوورییەکان

بۆ یەکەمجار، ئەم بەدواداچوونە پەردە لەسەر «ئەلگۆریتمی» مەکتەبە ئابوورییەکان لادەدات. تۆڕێک کە لەلایەن کەسانی خاوەن تایبەتمەندی بەرزەوە دەچێنرێت، و شانەیەک لە فەرمانبەران، بەڵێندەران و بازرگانان لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق دەوریان داون.

زانیارییەکانی بەرپرسان، لێکۆڵەرانی پێشوو، ژمێریاران و پەرلەمانتاران ئاشکرای دەکەن کە سیستەمی دیزاینکراوی ئەم مەکتەبانە ڕێگەی پێداون بە تێپەڕبوونی کات، سیستەمێکی خۆکار بونیاد بنێن کە مەکتەبی لاوەکی نوێ بەرهەم دەهێنێت؛ هێزەکەی لە گروپە چەکدارەکان و هەڵبژاردنەکانەوە وەردەگرێت.

ڕاوێژکارێکی ئاگادار لە پێکهاتەی حکومەت ڕوونیدەکاتەوە کە چۆن ئەم "ئابوورییانە" لە مۆدێلێکی سادەی ساڵی 2006ەوە گەشەیان کردووە بۆ ئەلگۆریتمێکی ئاڵۆزی ئەمڕۆ، بە سێ قۆناغی گەشەکردن و خۆگونجاندندا تێپەڕیون.

لە پشت ئەم سیستەمەوە، ئێران دەستکەوتی دارایی گەورە لە نفووزی ئەم قەوارە هاوتەریبانه وەردەگرێت بۆ تمویلکردنی «میحوەرەکە»، لەگەڵ داپۆشینی چالاکییەکانی بڕینی سزاکانی ئەمریکا.

ئەم زانیارییانە پەردە لەسەر دوو ئاستی ئەم مەکتەبانە لادەدەن:
1. ئاستی تایبەت (VIP): ڕابەرانی حیزبە شیعە و سوننەکان دەگرێتەوە، ڕۆڵیان تەنها ئیمزا کردنی گرێبەست و وەرگرتنی ڕێژەی قازانجەکانە، قۆناغەکانی جێبەجێکردن بۆ ئاستی دووەم بەجێدەهێڵن.

2. ئاستی دووەم (ئاستی جێبەجێکردن): بازنەیەکی بەربڵاوتر و ئاڵۆزترە کە کارە مەیدانییەکان بەڕێوەدەبات.
بڕوایەک هەیە کە دەستگیرکراوانی ئەم دواییە و ئەو پارانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، تەنها لە چوارچێوەی ئاستی دووەمدان، و هێشتا زووە بوترێت دەسەڵاتداران لە هێلانەی ئاستی یەکەم نێزیک بوونەتەوە.

لە 28ی حوزەیرانی 2026، دەسەڵاتداران نمایشێکی سەربازی توندیان بەجوڵە پێکردنی تانک و زرێپۆش لە ناوچەی سەوز ئەنجامدا بۆ هەڵکوتانە سەر بارەگای سیاسییەکان لە بەغدا و دەیان کەسیان دەستگیرکرد. پرۆسەیەک کە سیاسییەکان بە "ئینقیلاب" ناویان برد و ناونیشانی «صولة الفجر»ی لێنرا. دوای ئەو بەیانییە، دەستگیرکردنەکانی تر بە بێدەنگی و دور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوون.
 دەستگیرکردنەکان سەرنجیان لەسەر دوو بەرپرسی باڵای کەرتی وزەیە: عەدنان جومەیلی (بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ بوارەکانی پاڵاوتن) و عەلی مەعارج (بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ بوارەکانی دابەشکردن). پێدەچێت ئەم دوو کەسە ئەڵقەی سەرەکی ڕێڕەوی بەقاچاغبردنی نەوت و تێپەڕاندنی سزاکانی ئەمریکا بووبن.

گەندەڵی شەرمەزاری نییە!

هەڵمەتەکانی ڕابردووی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەمیشە بە هەرا و زەنای میدیایی دەستیان پێکردووە و بە بێدەنگی و ڕێککەوتنی سیاسی کۆتاییان هاتووە. ئەمەش ئەو بڕوایەی لای رای گشتی چەسپاندووە کە هەڵمەتەکان تەنها بەرگێکن بۆ یەکلاییکردنەوەی حسابات لە نێوان جەمسەرەکانی دەسەڵاتدا.

بەرپرسێکی حکومی دەڵێت: «ئێستا بابەتەکە جیاوازە، تا ئەو ئاستەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان ڕاستەوخۆ پێمان دەڵێن: کاتێک باس لە قەیرانی دارایی دەکەن بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، پارەکان لە دەوروبەرتانن... لە هەموو شوێنێک دەبینرێن و بۆنی گەندەڵییان لێدێت.»

لە ماوەی دوو دەەی ڕابردوودا، گەندەڵی نەبووەتە هۆی شەرمەزاری کۆمەڵایەتی، بەڵکو دەوڵەمەندە گومانلێکراوەکان وەک ئەستێرەی کۆمەڵگە مامەڵەیان لەگەڵکراوە. هەندێک لە ڕەخنەگرانی حیزبە ئیسلامییەکان پێیان وایە ئاساییکردنەوەی ئەم تاوانانە دەگەڕێتەوە بۆ فەتواگەلێک کە دەستبەسەرداگرتنی ماڵی دەوڵەت بە "مەجهول الم مالک" هەژمار دەکەن.

خەمڵاندنی جیاواز بۆ پارە دزراوەکان هەیە کە لە نێوان دەیان بۆ سەدان ملیار دۆلاردایە. 

سادق ڕیکابی، شارەزای ئابووری لە لەندەن، خەمڵاندنی ئەوە دەکات کە مەکتەبە ئابوورییەکان ساڵانە نزیکەی 15.3 ملیار دۆلار لە بودجەی گشتی دەبەن.
حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی بودجەیەکی سێ ساڵەی بە بڕی 450 ملیار دۆلار پەسەند کرد، بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئێستا عەلی زەیدی ڕایدەگەیەنێت کاتێک خەزێنەی ڕادەستکراوە، تەنها نزیکەی ملیارێک دۆلاری تێدا بووە!

تارماییەکانی وەزارەت

فکرەی دروستکردنی مەکتەبی ئابووری حیزبەکان زۆر سادەیە، بەڵام هەر ئەم سادەییەش نھێنی ئاڵۆزییەکەیەتی؛ حیزب کەسانی جێبڕوا و کۆنتڕۆڵکراو هەڵدەبژێرێت تا ئۆپراسیۆنە داراییەکان بەڕێوەبەڕن. 
ئەوان وەک تارمایی لە دامەزراوە فەرمییەکاندا کار دەکەن و «ئیمزا لەسەر هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی ناکەن».
لێکۆڵەرێکی پێشوو دەڵێت: «ئەندامانی ئەم مەکتەبانە هەندێک جار لە کەسە زۆر نێزیکەکانی سەرۆکی حیزبن، بەڵام هەندێک جاریش کەسانێکن کە بەهیچ شێوەیەک گومانیان لێ ناکرێت... 

بە تێپەڕبوونی کات، حیزبەکان کەسانێکیان پەروەردە کرد بە کارامەیی تایبەت لە هونەری دانوستاندن، شارەزایی لە بەڕێوەبردن، و کەناڵی تایبەت بۆ بانقەکان و ڕێگاکانی دەربازبوون لە چاودێری.
زیاد هاشمی، شارەزای ئابووری لە بەغدا، دەڵێت: «بەرپرسی مەکتەبی ئابووری دەبێت پەیوەندییەکی بەربڵاوی هەبێت. دەتوانێت لە هەر کاتێکدا لە دەرگای بەرپرسە گەورەکان بکۆکێت و سەودایەکی چەور پێشکەش بکات.»

بەرپرسی مەکتەبی ئابووری ناوێکە لە سێبەردا گەشە دەکات. وەک دوو سەرکردەی «چوارچێوەی هەماهەنگی» دەڵێن: «وەزیر ببوو بە فەرمانبەر لە لای ئەوان!»

دوای هەرهەڵبژاردنێک، حیزبەکان دەکەونە دانوستان بۆ پێکهێنانی حکومەت؛ لە ڕوودا باس لە سیاسەت دەکەن، بەڵام لە جەوهەردا سنووری مەکتەبە ئابوورییەکان و پشکی چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەکەن.

سوڕی پارە... لە ڕاوکردنەوە بۆ دامەزراوەییبوون

لە ماوەی دوو دەیەدا، جوڵەی پارەی ئەم مەکتەبانە لە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە:

1. قۆناغی یەکەم (2004 - 2008): پارە دزراوەکان ڕاستەوخۆ ڕەوانەی دەرەوە دەکران بۆ کڕینی خانوبەرە و زەوی و هوتێل.
2. قۆناغی دووەم (2010 - 2014): مەکتەبەکان ناچار بوون بانکی ناوخۆیی دروست بکەن تا پارەکان تێیدا دابنێن و لە جیاوازی نرخ لە سەکۆی فرۆشتنی دراو سوودمەند بن.

3. قۆناغی سێیەم (لە دوای توندکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا): ڕوویان کردە دروستکردنی کۆمپانیای ڕاستەقینە لە بازاڕدا، وەک کۆمپانیای خانوبەرە، مۆڵ، و کارگەی بچووک.
نموونەی سەرەتایی ئەم مەکتەبانە لە سەردەمی حکومەتەکەی ئیبراهیم جەعفەری و نوری مالیکیدا چەسپا. لێردەدا حیزب دەستی بەسەر گرێبەستی وەزارەتدا دەگرت و ڕاستەوخۆ بە کۆمپانیایەکی دەفرۆشتەوە بەرامبەر 30%ی قازانجەکە. بەڵام دواتر پێیان زانی ئەمە قازانجی کەمە، خۆیان کۆمپانیایان دامەزراند و ڕێژەکەیان بەرزکردەوە بۆ 50% تا 60%.

دواتر مۆدێلی سێیەم هاتە ئاراوە: دروستکردنی کۆمپانیای وەهمی ناوەندگیر. ئەم کۆمپانیایە گرێبەستەکە لە حکومەت وەردەگرێت، دواتر لەگەڵ کۆمپانیایەکی پسپۆڕی ڕاستەقینە دەکەوێتە دانوستان و زۆرترین جیاوازی نرخ بۆ خۆی هەڵدەگرێت.

بازدانی بۆماوەیی: دۆسیەی عەدنان جومەیلی
عەدنان جومەیلی و تۆڕەکەی بە «بازدانی بۆماوەیی» لە میژووی ئابوورییە سێبەرەکاندا دادەنرێن. جومەیلی فەرمانبەرێکی ئاسایی بوو لە وەزارەتی نەوت و دواتر لە پاڵاوگەی بێجی پلەی بەرز بویەوە.
لە ساڵی 2023دا، بووە بەڕێوەبەری گشتی پاڵاوگەکانی باکوور و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بووە بریکاری وەزارەت بۆ بوارەکانی پاڵاوتن و دەسەڵاتی ڕەهای گرێبەستەکانی پێدرا. جومەیلی لەگەڵ 4 کەسی تر ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی "ئابووری" پاڵاوگەکەیان پێکهێنا.
لە یەکێک لە گرێبەستەکاندا، ئامێری هاوردەکراو لە ڕۆمانیای بە بڕی 450 ملیۆن دۆلار کڕی کە کۆن بوون و بە کەڵکی کارکردن نەدەهاتن. کاتێک گومانەکان زیادیان کرد، لە تەممووزی 2025دا درۆنێکی نەناسراو ناوچەی ئامێرەکانی بۆردومان کرد و تەواوی بەڵگەکانی سوتاند!

جومەیلی لە ماوەیەکی پێوانەییدا گرێبەستی بە بڕی 4 ملیار دۆلار تێپەڕاند. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جومەیلی تێبینی و داواکارییە داراییەکانی سەرکردە سیاسییەکانی لە «دەفتەرێکی شیندا» تۆمار دەکرد؛ دەفتەرێک کە ئێستا بوەتە بەڵگەیەکی بەنرخ لە دەستی دادگادا.

حوتەکانی عێراق لە گۆمی نەوتدا

عێراق نەوت دوو جار بە ڕەسمی دەفرۆشێت، جارێکیش لە ڕێگەی تۆڕەکانی قاچاغچییەتییەوە.
قاچاغچێتی «نەوتی ڕەش» بازرگانییەکی سێبەرە کە تۆڕە جیاوازەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بەپێی بەڵگەکان، تۆڕی قاچاغچییان بڕێکی زۆر لە نەوتی ڕەش ڕەوانەی بەندەرە ناوچەییەکان دەکەن و بەشێکیشی تێکەڵی نەوتی ئێرانی دەکەن تا وەک نەوتی عێراقی بفرۆشرێت. 
ئەم پرۆسەیە ساڵانە قازانجێکی 2.6 ملیار دۆلاری بۆ مەکتەبەکان مسۆگەر کردووە.
لەلایەکی ترەوە، سزاکانی ئەمریکا لە ئایاری 2026 بەسەر عەلی مەعارج، بریکاری وەزارەتی نەوتدا سەپێنران، بەهۆی ئاسانکاریکردن بۆ تێکەڵکردنی نەوتی ئێرانی لەگەڵ عێراقیدا. مەعارج لە حوزەیرانی 2026دا دەستگیرکرا.

بڕیارەکان و ئایندەی «صولة الفجر»

دیمەنی ملیۆنان دۆلاری کاش کە لە ژێر زەوی، ناو ماڵ و کێڵگەکان و حەوشەکاندا دۆزراونەتەوە، میدیاکانی تەنیوە. شارەزایان پێیان وایە هۆکاری هێشتنەوەی ئەم هەموو کاشە لە لایەن تۆڕەکانەوە، زەحمەتی سپیکردنەوەیان بووە لە بانقەکاندا.

تا ئێستا دەستگیرکردنەکان سەرنجیان لەسەر ئاستی دووەمە و نەکەوتوونەتە وێزەی ئاستی یەکەم (VIP). بەڵام لە 12ی تەممووزی 2026دا، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکۆتایە سەر ماڵی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرکردەی فەسیلی «جند الإمام»، پرۆسەکە هەنگاوێکی بەرەو ئاستی باڵاتر نا.
سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی پەیمانی گەورەی داوەتە واشنتۆن بۆ لێکجیاکردنەوەی مەکتەبە ئابوورییەکان لە دەوڵەت و بڕینی سەرچاوەی دارایی ئێران. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا زەیدی دەتوانێت ڕەگی ئەم «ئەلگۆریتمە» بهێنێتە دەرەوە بێ ئەوەی تەواوی سیستەمە سیاسییەکە داڕمێت؟ یان ئەمەی ڕوودەدات تەنها ڕێکخستنەوەی هاوکێشەی هێزە لە سێبەردا؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو