ململانێی مانەوە: شەڕی گەورەی ئەمریکا و ئێران لەسەر خاکی عێراق
٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:٥٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حکومەتی عێراق کە لەلایەن "چوارچێوەی هەماهەنگی"یەوە پێکهێنراوە، لەبەردەم کێشەیەکی بنەڕەتیدایە، لە لایەک، ئەمریکا پەیوەستیان دەکات بەوەی هەژموونی ئێران ڕابگرن و دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان کەم بکەنەوە. لە لایەکی ترەوە، ئەم حکومەتە خۆی بەشێکی گەورەی دەسەڵات و مانەوەی لە سەرچاوەی هەمان ئەو هەژموون و گرووپە چەکدارانەوە وەردەگرێت.
لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە دژبەیەکەدا، حکومەت ناتوانێت هیچ بەرەوپێشچوونێک لە بەڵێنە ئابووریی و سیاسییەکانیدا بەدەستبهێنێت.
قووڵیی ئەم کێشەیە لە لێدوانەکانی ئەم دواییەدا بەڕوونی دەردەکەوێت، تەم بورشێت، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، وتی: کاتی خۆم بەفێڕۆ دا لە گوێگرتن لە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
لە بەرامبەردا گرووپە چەکدارەکان دیارییان دانابوو بۆ کوشتنی ترەمپ و بەرپرسانی ئێرانیش سەردانەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدییان بۆ واشنتۆن بە "شەرمەزاری" ناوزەد کرد.
کەواتە، سەرباری ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتنی ئابووریی لە واشنتۆن، ناوچەکە بەرەو زریانێکی سیاسیی گەورەتر دەڕوات و ناسەقامگیریی دەبێتە نیشانەی سەرەکیی داهاتووی عێراق.
دوو وەهمی گەورە لە ڕاگەیاندندا پڕوپاگەندەیان بۆ دەکرێت
١. وەهمی یەکەم: حکومەت دەتوانێت گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێنێتەوە.
وا بڵاودەکرێتەوە کە حکومەتەکەی زەیدی دەتوانێت دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات و بەمەش ڕێگە بۆ ڕژانی وەبەرهێنانی ئەمریکی خۆش بکات.
ڕاستییەکە ئەوەیە، ئەم گرووپانە تەنها هێزێکی سەربازیی ئاسایی نین بە بڕیارێک هەڵبوەشێنرێنەوە، بەڵکو بڕبڕەی پشتی دەسەڵاتی سیاسین لە دوای ٢٠٠٣وە و ئامرازی سەرەکیی ئێرانن لە عێراقدا. حکومەتێک کە خۆی لەم هاوپەیمانییە لەدایک بووبێت، هەرگیزاوهەرگیز ناتوانێت دەستکارییان بکات.
٢. وەهمی دووەم: هەژموونی ئێران لە عێراق کۆتایی پێهاتووە
وا پیشان دەدرێت کە زەیدی بەرامبەر فشارەکانی تاران وەستاوەتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا ئاسایی بوونەتەوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە، عێراق یەکێکە لە سێ کارتە بنەڕەتییەکەی ئێران بۆ مانەوەی خۆی (لەگەڵ گەرووی هورمز و ئاسایشی کەنداو). ئێستا کە ئاستی شەڕی ئەمریکا و ئێران ڕووی لە هەڵکشانە، عێراق ڕێک لە ناوەڕاستی ئەم زریانەدایە و هیچ دەرچەیەک بۆ ئاشتی دیار نییە.
ململانێی واشنتۆن و تاران؛ شەڕی مان و نەمانی دەسەڵات
ئەمریکا لە چەقبەستووییدایە، وەک چۆن ڕووسیا لە ئۆکرانیا ناتوانێت پاشەکشە بکات، ئەمریکاش ناتوانێت دەست لە ئامانجەکانی بکێشێتەوە. پاشەکشەی ئەمریکا واتا کۆتاییهاتنی باڵادەستیی جیهانیی واشنتۆن و لەدەستدانی ڕێککەوتنە تریلیۆن دۆلارییەکانی کەنداو، و لەبەرامبەردا بەهێزبوونی ڕۆڵی چین و ڕووسیا. بۆیە ئیدارەی ئەمریکا تەنها بژاردەی لەپێشدا، زیاترکردنی گوشاری سەربازییە.
ئێرانیش ناچارە بەردەوام بێت، دوای لاوازبوونی پێگەی لە ناوچەکەدا، تاران ئەم شەڕە بە "شەڕی مان و نەمانی خۆی" دەزانێت. سەرەڕای قەیرانی سەختی ئابووری و ناڕەزایەتیی ناوخۆیی ، ئێران ناتوانێت پاشەکشە بکات چونکە کشانەوە بۆ ناوەوە بە واتای ڕووشانی ڕژێمەکە دێت لە ناوخۆوە.
دەرئەنجام: عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟
سەرمایەدار و کۆمپانیا ئەمریکییەکان بڕوایان بە ئاسایش و ڕەوشی سیاسیی عێراق نییە، تەنانەت کاتێک ئاڵۆزییەکان زیادیان کرد، بەپەلە باڵیۆزخانە و کارمەندەکانیان ڕووەو دەرەوە گوێزایەوە.
ستایشەکانی ترەمپ بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق تەنها ئامرازێکی گوشارە بۆ سەر ئێران. لە ڕاستیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەسەڵاتێکی سەربەخۆی نییە و تەنها بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکارە، بە هەمان شێوەی سەرۆک وەزیرانەکانی پێش خۆی.
کۆتایی بڕیارەکە، داهاتووی عێراق بە لێکتێگەیشتن و ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لە واشنتۆن دیاری ناکرێت، بەڵکو یەکلاکردنەوەی ئەم دۆخە بەندە بە دەرئەنجامی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی لە ناوخۆی عێراقدا ڕوودەدەن.