جەنگی گەرووی هورمز؛ کڕیاران خۆیان نەوتی عێراق و قەتەر دەگوازنەوە

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٢٠ پاش نیوەڕۆ

جەنگی گەرووی هورمز؛ کڕیاران خۆیان نەوتی عێراق و قەتەر دەگوازنەوە

پەنجەرە

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەرچاوە بازرگانییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، کە کۆمپانیای نەوتی عێراق (سۆمۆ) و کۆمپانیای (قەتەر بۆ وزە) بڕیارێکی دەگمەنیان داوە؛ ئەویش فرۆشتنی نەوتە بە مەرجێک کە دەبێت کڕیارەکان خۆیان کەشتی بهێنن و نەوتەکە لە ناو گەرووی هورمزدا بار بکەن.

کۆمپانیای سۆمۆ دەیەوێت بۆ مانگی ئەیلوول (مانگی ٩) نەوتی قورس و مامناوەندی بەسرە لە ڕێگەی بەندەری بەسرە یان سەکۆ ئاوییەکانەوە بفرۆشێت. لە بەرامبەردا، قەتەر دەیەوێت بۆ مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم (مانگی ٩ و ١٠) نەوتی خۆی بفرۆشێت و کڕیارەکان لە بەندەرەکانی قەتەرەوە نەوتیان ڕادەست بکرێت. ئەم هەلی فرۆشتنەش تا ٢٥ی ئاب بەردەوام دەبێت.

ئەم کارەی عێراق و قەتەر نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە بازاڕدا. پێشتر فرۆشیار خۆی بەرپرس بوو لە دابینکردنی کەشتی و ڕەوانەکردنی نەوتەکە، بەڵام ئێستا بەهۆی مەترسییەکانەوە، فرۆشیاران ئەو بەرپرسیارێتی و مەترسییەیان خستووەتە سەر شانی کڕیارەکان خۆیان.

ئەم دۆخەش ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییانەیە کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردووەوە لە گەرووی هورمزدا دروست بوون. ئەو جەنگە بووە هۆی داخرانی پچڕپچڕی گەرووەکە و دابەزینی زۆری ژمارەی کەشتییەکان؛ بەجۆرێک پێشتر ڕۆژانە ١٣٠ تا ١٤٠ کەشتی تێدەپەڕین، بەڵام لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا ژمارەکە زۆر کەمی کردبوو.

ئەم مەترسییانە وەهایان لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە کردووە مەرجەکانیان سەختتر بکەن و کۆمپانیاکانی دڵنیاییش نرخی دڵنیاییدان بەرز کردووەتەوە. ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر نرخی نەوتی ناوچەکە. پێشتر کۆمپانیای سۆمۆ بۆ ئەوەی  کڕیارەکان ڕابکێشێت تا خۆیان مەترسییەکە بگرنە ئەستۆ، نزیکەی ٣٠ دۆلار داشکاندنی لە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت کردبوو.

پێشتریش کوێت و کۆمپانیای ئەدنۆکی ئەبو زەبی هەمان هەنگاویان نابوو و نەوتیان بە هەمان مەرج فرۆشتبوو، تا بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوتەکەیان بدەن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو