بڕینی ڕێڕەوەکانی دۆلار و نەوت؛ ئامانجە شاراوەکانی واشنتۆن لە پشت گەمارۆدانی ئێران

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٢٥ پاش نیوەڕۆ

بڕینی ڕێڕەوەکانی دۆلار و نەوت؛ ئامانجە شاراوەکانی واشنتۆن لە پشت گەمارۆدانی ئێران

پەنجەرە

بەپێی شرۆڤەیەکی د. نەوزاد هیتوتی، دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەیتوانی لە ڕێگەی گوشاری سەربازییەوە ئێران ناچار بە سازش و کردنەوەی تەنگەی هۆرموز بکات، ئیدارەی ترەمپ دەستی بە جێبەجێکردنی ستراتیژییەکی نوێ و سەخت کردووە لە ژێر ناوی «ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئابووری» (Operation Economic Fury). 

ئەم ئۆپەراسیۆنە کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت، بە گەورەترین و گشتگیرترین گەمارۆی ئابووری دادەنرێت کە تا ئێستا بەسەر وڵاتێکدا سەپێندرابێت.

ستراتیژییە سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە

 سزاکانی لایەنی سێیەم (Secondary Sanctions): بەپێی ئەم بڕیارە، ئەمریکا وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەخاتە بەردەم بژاردەی یەکلاکەرەوە؛ یان بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا یان لەگەڵ ئێران. هەر دامەزراوەیەک مامەڵە لەگەڵ تاران بکات، لە تۆڕی جیهانیی SWIFT و سیستەمی دۆلار بێبەش دەکرێت.

 ڕووبەڕووبوونەوەی «کەشتیگەلی سێبەر» و داهاتی وزە: ئامانجی سەرەکی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێرانە بۆ نزیک لە سفر.
بۆ ئەم مەبەستە، چاودێریی توند دەخرێتە سەر ئەو کەشتییانەی ئاڵای وڵاتانی تر بەکاردێنن یان سیستەمی شوێنپێهەڵگرتن (AIS) دەکوژێننەوە. هاوکات گوشار دەخرێتە سەر کڕیارە سەرەکییەکان بەتایبەت چین، و تۆڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵی (وەک تەزەر و بیتکۆین) کە بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان بەکاردێن، دەستنیشان و سزادەدرێن.

 داخستنی کۆریدۆرە سنوورییە وشکانییەکان: واشنتۆن گوشارەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی ئێران زۆرتر کردووە. لەم چوارچێوەیەدا، ئیمارات پابەندبوونی خۆی بە ئۆپەراسیۆنەکەوە ڕاگەیاندووە و ڕێکارەکانی ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارەی تووندتر کردووە. هاوکات هەوڵەکان بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی دۆلار لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی بانکی ناوەندیی عێراق و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی تورکیا چڕتر بوونەتەوە.

 پەکخستنی کارتی تەنگەی هۆرموز: بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ئەمریکا ڕێگەیەکی نهێنیی دۆزیوەتەوە بۆ درێژەدان بە ڕەوانەکردنی ڕۆژانە ١٥ ملیۆن بەرمیل نەوت. هاوکات پشتیوانی لە پەرەپێدانی بۆڕییەکانی گواستنەوەی نەوتی عومان و عەرەبستانی سعودیە دەکات بەرەو دەریای سوور تا کۆنترۆڵی ئێران بەسەر تەنگەی هۆرموزدا بێکاریگەر بکات.

ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا

 ناچارکردنی ئێران بۆ گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان و ڕازیبوون بە کردنەوەی تەنگەی هۆرموز.
 دروستکردنی داڕمانی ئابووری و ناسەقامگیریی ناوخۆیی لە ئێران.
 لاوازکردنی توانای دارایی دامەزراوە سەربازییەکان و وشککردنی سەرچاوەی دارایی هێزە هاوپەیمانەکانی (پڕۆکسییەکان) ئێران لە ناوچەکەدا.
 گۆشەگیرکردنی تەواوەتیی ئێران لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو