وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی ئامادەیە بۆ  هاوکارییکردنی بەغدا

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٢١ پاش نیوەڕۆ

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی ئامادەیە بۆ  هاوکارییکردنی بەغدا

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم: نێچیرڤان بارزانی ئامادەیە بۆ 
هاوکارییکردنی بەغدا

پەنجەرە

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب، رایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو پێشچوونی بەخۆیەوە بینیووە ، ئاماژەی بەوەشکرد کە عێراق بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و لە ئێستادا ڕووبەڕووی دوو قەیرانی گەورە بووەتەوە.

شەهاب لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە ئێستادا عێراق ڕووبەڕووی دوو کێشەی گەورە بووەتەوە؛ یەکەمیان پەیوەندی بە لایەنی ئابوورییەوە هەیە کە تایبەتە بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، کە ئەمەش قەیرانێکە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە دروست بووە، ئەمەش وڵاتی لە بەرامبەر ئاڵنگاریی دارایی جۆراوجۆردا هێشتووەتەوە."

وتیشی: "کێشەی دووەم بریتییە لە دۆسیەی چەکی گروپە چەکدارەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی". ڕوونیشیکردەوە کە "عێراق لە کاتی هەوڵدانیدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم دوو قەیرانە بە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردا  دەڕوات و بەرگەی دروستکردنی هیچ کێشەیەکی زیاتر ناگرێت."

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم بەردەوام بوو و وتی: "بەشداریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغدا، سەلماندی کە هەرێم بە تەواوی ئامادەییدایە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتگیریی و هاوکارییەک بۆ حکومەتی عێراق بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئەم دوو کۆسپە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکومەتی نوێی ئەلزەیدی کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ هەرێم دەکات، و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەر هەیە بێ ئەوەی هیچ هەوڵێک هەبێت بۆ بەکراوەیی هێشتنەوەی قەیرانەکان."

شەهاب لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "هەرێمی کوردستان هاوکار و پشتیوانی تەواوی ئەو هەنگاوانە بووە و دەبێت حکومەتی عێراق هەنگاو بنێت بەرەو چاکسازیی و چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرۆکی هەرێمیش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک لەم چوارچێوەیەدا."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو