هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران پێویستی بە چەند هەزار سەربازە؟
٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٠٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، پرسیاری گۆڕینی شێوازی شەڕەکە دەوروژێنرێت کە ئایا شەڕەکە لە هێرشی ئاسمانییەوە دەبێتە شەڕی زەمینی و سوپای ئەمریکا دەچێتە ناو خاکی ئێرانەوە یان نا؟ لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نییە بژاردەی شەڕی زەمینی ڕەتبکاتەوە، شارەزایانی سەربازی و بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکی گۆڤاری «فۆرێن پۆلیسی»دا دەڵێن: داگیرکارییەکی بەرفراوان ئەگەرێکی دوورە، بەڵام هێشتا بژاردەی ئۆپەراسیۆنی بچووک و سنووردار لە ئارادایە، وەک هێرشی بروسکەییی هێزە تایبەتەکان یان دەستبەسەرداگرتنی چەند دوورگەیەکی گرنگ و ستراتیژیی.
ئایا واشنتۆن پلان بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی دادەنێت؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبوو بژاردەی ناردنی سەرباز بۆ شەڕی زەمینی بەدوور بزانێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە جەنگەکە زیاتر لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز چڕ بووەتەوە، بازاڕەکانی ئۆپێک و وزەی جیهانی تووشی ئاڵۆزیی کردووە.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا سەربازی زیاتری ناردووەتە ناوچەکە، لەوانە هێزی تایبەت و تیمی پزیشکی، تا دەستی ترەمپ کراوەتر بێت بۆ هەڵبژاردنی بژاردەی سەربازیی جیاواز.
لە دانیشتنێکی ئەم هەفتەیەی کۆنگرێسدا، یاسادانەران لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپیان پرسی کە ئایا بیر لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەکرێتەوە؟ جێنراڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش، وتی ناکرێت بڵێین هەنگاوی داهاتوو شەڕی زەمینییە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە «هێزی ئاسمانی بە تەنیایی ناتوانێت هەموو شتێک بکات»، و ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای ئەمریکا بەردەوام بژاردەی جیاواز ئامادە دەکات.
زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەرباز
بەرپرسانی سەربازیی پێشوو و شارەزایان بە گۆڤاری «فۆرێن پۆلیسی»یان ڕاگەیاندووە کە ئاماژەکانی ئێستا ناڵێن ئەمریکا ئامادەکاری بۆ داگیرکارییەکی گەورە لە ناو ئێراندا دەکات، چونکە کارێکی لەو شێوەیە پێویستی بە هێزێکی زۆر زیاترە لەو ٥٠ هەزار سەربازەی کە ئێستا ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیەتی.
ئەوان پێیانوایە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی بچووکتر زیاترە؛ وەک دەستبەسەرداگرتنی دوورگە گرنگەکان (بەتایبەت دوورگەی خارگ)، یان هێرشی خێرای هێزە تایبەتەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان.
جێنراڵی خانەنشینکراو جۆزێف ڤۆتێل، کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ تا ٢٠١٩ فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (سێنتکۆم)، بە گۆڤارەکەی گوتووە: «بڕوا ناکەم ئێمە سەرباز بنێرینە ناوەڕاستی تاران».
وتیشی کە پێناچێت کۆشکی سپی بیر لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی بکاتەوە بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان. بە بڕوای ئەو، بەهێزترین سیناریۆ ئەوەیە کە هێرشی خێرا و سنووردار بکرێتە سەر ئەو شوێنە گرنگانەی کە ئێران پشتیان پێ دەبەستێت، بەتایبەت لە ناوچە کەناراوییەکان و هەندێک شوێنی ناوەوەی وڵاتەکە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەم ئامانجانە بریتی دەبن لە: ناوەندەکانی بڕیاردان و فەرماندەیی، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، کۆگاکانی چەک، تۆڕەکانی پەیوەندی و ئەو ژێرخانانەی ڕێگە بە ئێران دەدەن ڕێگری لە کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بکات.
کۆنتڕۆڵکردنی خاکی ئێران کارێکی ئاسان نییە
ڤۆتێل پێیوایە هەر ئۆپەراسیۆنێکی گەورەتر بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکانی وشکانی ئێران لە نێردراوی گەرووی هورمزدا، بە مەبەستی ئازادکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانی، کەمتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی ناوێت.
ئەو وتی: «ئەمە ڕووبەرێکی زۆر گەورەیە و دەبێت بزانین کە ئێران بە تەواوی توانای خۆییەوە شەڕ دەکات بۆ ئەوەی ڕێگریمان لێ بکات».
هەرچەندە بە بڕوای ڤۆتێل سوپای ئێران لە بەهێزترین سوپاکانی جیهان نییە، بەڵام دەتوانێت بەرگرییەکی سەخت بکات. جگە لەوەش، ئەمریکا بەهۆی جوگرافیا و سەختی سروشتی ئێرانەوە، دووچاری ئاستەنگی زۆر گەورە دەبێتەوە لە گواستنەوەی سەرباز و کەرەستە سەربازییەکاندا.
نیگەرانییەکان لە ناو کۆنگرێسدا
لە واشنتۆن، بیرۆکەی ناردنی سەرباز بۆ سەر خاکی ئێران نیگەرانییەکی زۆری لە ناو ئەندامانی کۆنگرێسدا دروستکردووە، چ لە نێوان لایەنگرانی ئیدارەی ترەمپ و چ لە نێوان نەیارانی.
تێد لیو، ئەندامی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران کە ئەفسەری پێشووی هێزی ئاسمانی ئەمریکایە و ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەیە، وتی کێشەکە لەوەدا نییە کە ئایا سوپای ئەمریکا دەتوانێت خاکەکە کۆنتڕۆڵ بکات یان نا، بەڵکو کێشەی سەرەکی ئەوەیە: دوای ئەوە چی ڕوودەدات؟
ئەو وتی: «ئەمریکا دەتوانێت هەر شوێنێک بێت داگیری بکات، بەڵام کێشە ڕاستەقینەکە ڕاگرتن و هێشتنەوەیەتی. ئەگەر واشنتۆن ناچار بێت لە ناو ئێراندا بێتەوە، ئەوا دەکەوینە ناو جەنگێکەوە کە هیچ کۆتاییەکی دیار نییە».
مەترسییە سیاسییەکان بۆ سەر ترەمپ
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەر بڕیارێک بۆ ناردنی هێزی زەمینی بۆ ئێران، مەترسییەکی سیاسی گەورە بۆ سەر ترەمپ و «پارتی کۆماری» دروست دەکات؛ چونکە پشتیوانی هاووڵاتیانی ئەمریکی بۆ ئەم جەنگە کەمی کردووە، نرخی سووتەمەنی بەرزبووەتەوە، و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)دا زۆر نزیک بووەتەوە.