"کودەتای بێدەنگ" لە بەغدا؛ زەیدی چۆن دەسەڵاتی وەزیرەکانی لەقاڵب دا؟

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٠ پاش نیوەڕۆ

"کودەتای بێدەنگ" لە بەغدا؛ زەیدی چۆن دەسەڵاتی وەزیرەکانی لەقاڵب دا؟

پەنجەرە

دوای ٧٤ ڕۆژ، لایەنە سیاسییەکان تێگەیشتن لەوەی کە ململانێ لەسەر وەزارەتە پڕ نەکراوەکان تەنها لەسەر ناوی وەزیرەکان نییە، بەڵکو لەسەر دەسەڵاتەکانیشیانە.

لە پڕێکدا لایەنەکان ڕووبەڕووی واقيعێکی نوێ بوونەوە، دوو وەزارەتی سیادی (ناوخۆ و بەرگریی) هێشتا لەسەر مێزی دانوستانن، بەڵام دەسەڵاتەکانیان بەرەو شوێنێکی تر دەگوازرێنەوە؛ بەتایبەت بۆ ناو "نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان"، کە لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆکی حکومەتەوە کارا کراوەتەوە و دەسەڵاتەکانی فراوان کراون.

بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی زەیدی دەستی بەسەر بەشێکی گەورەی بڕیارە ئەمنییەکاندا گرت، لایەنێک پێشنیازی "ئاڵوگۆڕی پۆستەکان"ی کردووە، واتە دانی پۆستێک لە بەرامبەر وەرگرتنی وەزارەتێکی ئەمنیدا.

تا ئێستا حکومەت تەنها بە ١٤ وەزارەتەوە بەڕێوە دەچێت. لە هەمان کاتدا، واشنتۆن ڕەتیدەکاتەوە ڕادەستکردنی وەزارەتەکان بە گرووپە چەکدارەکان پەسەند بکات و  ڤیتۆی لەسەر هەندێک لە وەزیرەکان داناوە.

نوسینگەی فەرماندەی گشتی؛ “کودەتایەکی سارد"

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت، ڕایگەیاندووە کە عەلی زەیدی بە ڕێکخستنەوەی مەکتەبی فەرماندەی گشتی، شوێنێک کە دوای ١٢ ساڵ لە هەڵوەشاندنەوەی دووبارە دروست کراوەتەوە، تووشی شۆکی کردوون. 
ئاماژەی بەوەشکرد کە لایەنە سیاسییەکان ئەم هەنگاوە بە جۆرێک لە "کودەتایەکی سارد" دەبینن بەسەر سیستەمی سیاسیی دوای ٢٠٠٣دا، چونکە یەکەمجارە سەرۆکوەزیران بەم ئاستە دەست بەسەر پۆستە ئەمنییەکاندا بگرێت.

فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی ئەم مەکتەبە بەم شێوازە بێپێشینەیە، بە بڕوای هەندێک لایەن بەو مانایەیە کە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی لە ناوەڕۆک بەتاڵ کراونەتەوە و تەنانەت ئەگەر وەزیریشیان بۆ دابندرێت، دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان نەمێنێت.

لە سەرچاوەیەکی نێو دانوستانەکانەوە زانراوە کە "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا"، کە کە وەزارەتی ناوخۆ بە پشکی خۆی دەزانێت، پێشنیازی دەستاودەستکردنی پۆستەکانی کردووە؛ بە شێوەیەک باسم ئەلبەدری (کە مانگێک لەمەوبەر بووە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی) بگوێزرێتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، و لە بەرامبەردا قاسم عەتا بچێتە شوێنەکەی بەدری.

نوری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا، جەخت لەسەر کاندیدکردنی قاسم عەتا دەکاتەوە، چی بۆ وەزارەتی ناوخۆ بێت یان هەر پۆستێکی دیکەی ئەمنی، ئەمەش گرێکوێرەیەکی نوێی خستۆتە بەردەم تەواوکردنی کابینەی حکومەت. 
پێشتر لە مانگی ئایاردا پەرلەمان دەنگدانی بە قاسم عەتا ڕەتکردبووەوە، بەڵام هەوڵێک هەیە دووبارە ناوەکەی بهێنرێتەوە ناو پەرلەمان.

دابەشکاریی تایەفی و دەسەڵاتەکانی زەیدی

بەپێی نەریتی سیاسی، وەزارەتی ناوخۆ بۆ پێکهاتەی شيعە و بەرگریی بۆ سوننەیە. بەڵام زەیدی هەردوو وەزارەتەکەی لە ژێر چەتری مەکتەبی فەرماندەی گشتیدا کۆکردووەتەوە و دەسەڵاتی خۆی بۆ ناو دەستەی حەشدی شەعبیش درێژکردۆتەوە.

سەعد مەعن، ڕاگەیاندکاری ئەمنی، ڕوونیکردۆتەوە کە ئەرکی نوێی ئەم مەکتەبە بریتییە لە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی زەیدی. 
بەپێی بەڵگەنامەیەکی درزپێکراو، مەکتەبەکە چەندین دامەزراوەی وەک (فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، سکرتارییەتی تایبەت، ناوەندی ئۆپراسیۆنی نیشتمانی، دەزگا ئەمنییەکان، دەروازە سنورییەکان و پیشەسازی سەربازی)ی لەژێر یەک ناودا کۆکردۆتەوە کە هەمویان دەکەونە ژێر ڕکێفی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیرانەوە.

درێژەکێشانی قەیرانەکە و بەهێزبوونی سەرۆکوەزیران

محەمەد نەعناع، توێژەر و ئەکادیمی، دەڵێت: دەستکراوەیی زەیدی لە دابەشکردنی پۆستەکان و هاوکات دواکەوتنی لایەنەکان لە یەکلاکردنەوەی وەزارەتەکان، مەترسی لای لایەنە سیاسییەکان دروستکردووە. ئەم بۆشاییە دەرفەتی زیاتری داوەتە سەرۆکوەزیران تاهەموو جومگەکانی دەوڵەت بەڕێوەببات.

بە بڕوای نەعناع، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی زەیدی کردوویەتی و دانانی ڕاوێژکاران لە وەزارەتەکاندا، قەیرانی تەواوکردنی کابینەکە پێدەچێت درێژە بکێشێت. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دوای هەڵمەتەکانی دوایی دژ بە گەندەڵی، هاوسەنگیی پشکەکان لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"دا تێکچووە.

"ڤیتۆی ئەمریکی" و کاریگەرییەکانی

پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق ڕوونیدەکاتەوە کە ڕێگرییەکانی ئەمریکا بوونەتە ئاستەنگی سەرەکی لەبەرامبەر تەواوکردنی کابینەی حکومەتدا. ئاستەنگەکان لە ڕەتکردنەوەی چەند ناوێک دەربازبوون بۆ هاوکێشەی ئاڵۆزتری سیاسی و ئەمنی.

ئەو دەڵێت: سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن دەریخست کە هەندێک وەزیر و کەسایەتی لە تیمی حکومەتدا هەن کە هاوبەشی و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا تێکدەدەن.
دوای دانوستانەکانی نێوان ترەمپ و زەیدی، وادەی ٣٠ی ئەیلول وەک وادەیەکی یەکلاکەرەوە دیاریکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە چەکدارانی میلیشیاکان و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەو کاندیدانەی سەر بە میلیشیاکانن.

عەسائیب لە ناوەڕۆکی گوشارەکاندا

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لایەنەکانی وەک "عصائب أهل الحق" بەم بڕیارانە ڕازی نین و جەخت دەکەنەوە کە ڕێگری لەوان دەبێت بەرامبەر ڕێگری بێت لە لایەنەکانی دیکەی وەک دەوڵەتی یاساش، بەمەش دیالۆگەکان ڕاگیراون.

سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە کە هیچ کەسێک لەوانەی بەشدارییان لە جەنگی ئەمریکا و ئێراندا کردووە، پۆستی جێبەجێکردن وەرناگرن، تەنانەت لە ئاستی بەڕێوەبەری گشتیشدا.

ناڕەزایەتییەکی توندی ئەمریکا هەیە بەرامبەر بە پێدانی وەزارەت بە عەسائیب، (کە بەپێی دابەشکارییەکە وەزارەتی کاریان بەردەکەوێت)، بەتایبەتی کاتێک باس لە کاندیدکردنی لیث خەزعەلی (برای قەیس خەزعەلی) دەکرێت بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی وەزیران. هەروەها باس لە هەڵمەتێکی فراوان دەکرێت بۆ دوورخستنەوەی چەکداران لە پۆستە کارگێڕییەکانی دەوڵەت.

وەزارەتە بەتاڵەکان وەک کارتی گوشار

ئیحسان شمەری، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا، پێی وایە کێشەی وەزارەتە بەتاڵەکان بووەتە کارتی گوشار لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە دژ بە زەیدی.
ئەو لایەنانە دەترسن لەوەی تەواوبوونی کابینەکە زەیدی سەربەست بکات لە بەڵێنەکانی بەرامبەریان، بۆیە بە ئەنقەست پرۆسەکە دوا دەخەن تاوەکو بەڵێنی ئەوەی لێ وەرگرن کە ڕووبەڕووی لایەنە نەریتییەکان نابنەوە. 
بە بڕوای شمەری، ئەگەر زەیدی بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوە بدات، ڕەنگە هەندێک لایەن وەزیرەکانیان بکێشێننەوە و حکومەت بخەنە لێواری دەستلەکارکێشانەوە.

لە بەرامبەردا، خالید وەلید لە "هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە" دەڵێت کێشەی وەزارەتەکان پەیوەستە بە ڕووداوەکانی یەکەم دانیشتنی متمانەدان. لایەنێک پێی وایە ئەوەی ڕوویدا پیلانگێڕی بوو، و لایەنێکی تر بە پرۆسەیەکی دیموکراتی دەبینێت کە تێیدا پەرلەمانتاران بڕیاری خۆیان داوە.

سەبارەت بە وەزارەتی ناوخۆ، وەلید ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆکوەزیران (زەیدی) داوای چەند کاندیدێک دەکات تاوەکو لەسەر بنەمای شارەزایی و پێداویستیی قۆناغەکە باشترینیان هەڵبژێرێت، لە کاتێکدا لایەنێک دەستگرتۆتەوە بە یەک کاندیدەوە.

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کارەکانی دەوڵەتیش، وەلید جەختی کردەوە کە زەیدی لە ڕێگەی دەسەڵاتدان بە وەکالەت و کاراکردنەوەی مەکتەبی فەرماندەی گشتی، ڕێگەی نەداوە بۆشایی لە دەزگا ئەمنییەکاندا دروست ببێت. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی مەترسیی ئاڵەنگارییەکان (وەک دەستبەسەرداگرتنی چەک، گەندەڵی و هەناردەکردنی نەوت)، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە حکومەت بە تەواوەتی پەکبخات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو