راوێژکارێکی مەسعود بارزانی: چەندینجار بەڵگە و ناوی ئەو گرووپانەی هەرێم بوردومان دەکەن ڕادەستی حکومەتی عێراق کراوە

٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ

راوێژکارێکی مەسعود بارزانی: چەندینجار بەڵگە و ناوی ئەو گرووپانەی هەرێم بوردومان دەکەن ڕادەستی حکومەتی عێراق کراوە

پەنجەرە

كفاح مەحمود، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط»ی ڕاگەیاند، هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی زنجیرەیەک هێرشی ڕێکخراو و ئاڕاستەکراودان کە لە سەرەتای ململانێی ئەمریکا و ئێرانەوە تا ئەمڕۆ دەستیان پێکردووە و بەردەوامییان هەیە.

کفاح مەحمود پێیوابوو ئامانجی سەرەکیی ئەو هێرشانەی لەلایەن ئێران و گرووپە چەکدارەکانیەوە ئەنجام دەدرێن بریتییە لە بە ئامانج گرتنی ئەزموونی هەرێم، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە زۆربەی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجی مەدەنی بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە بنکەکان یان بوونی ئەمریکاوە نەبووە، لەکاتێکدا ئەو بوونەی ئەمریکاش بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بووە تا کاتی چوونەدەرەوەی ئەم هێزانە لە عێراق.

مەحمود جەختیکردەوە “دەسەڵاتدارانی هەرێم چەندین جار بەڵگە و ناوی ئەو گرووپانەیان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ کردووە کە هێرش دەکەنە سەر هەرێم، بەڵام بێ ئەوەی هیچ ڕێکارێک دژیان بگیڕێتە بەر، زۆربەی جار بە پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی بێ ئەنجامی ڕوون کۆتایی پێ دێت”.

چاودێران پێیانوایە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بارەگای پارتییەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەگەڕێتەوە بۆ ترسی ئێران لە دەستوەردان یان دزەکردنیان لە داهاتوودا بۆ ناوخۆی ئێران بە ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن.

بەڵام کفاح مەحمود ئەم ئەگەرە دوور دەخاتەوە؛ چونکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ڕێککەوتننامەیەکیان ئیمزا کردووە کە پابەندیان دەکات تەنانەت یەک فیشەکیش بەڕووی لایەنی ئێرانییدا نەتەقێنن.

مەحمود وتیشی: سەرجەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران کە نزیکەی چوار دەیەیە لە ناو سنوورەکانی عێراقدان، تووشی هیچ ململانێیەکی سەربازی لەگەڵ ئێران نەبوونەتەوە و پێشتریش چەکدارکردنیان لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکردووەتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو