هەواڵگریی ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوای موجتەبا خامنەییدا دەگەڕێن
٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٢٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرایکردووە کە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) و ئەمریکا (CIA) ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بەڕێوەدەبەن بۆ دۆزینەوەی شوێنی موجتەبا خامنەیی، ڕابەری نوێی ئێران.
موجتەبا لە دوای کوژرانی باوکی (عەلی خامنەیی) لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا لە ۲۸ی شوبات و وەرگرتنی دەسەڵات، بە تەواوی شاراوەتەوە و شوێنی دیار نییە.
دیارنەمانی ڕابەری نوێ و گێژبوونی دەزگا سیخوڕییەکان
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی، موجتەبا خامنەیی نزیکەی ١٥٠ ڕۆژە هیچ مۆبایل و کۆمپیوتەرێکی بەکارنەهێناوە. بڕوا وایە لە حەشارگەیەکی زۆر قووڵی ژێر زەویدا بێت، و بەهۆی ئەو برینانەی لە هێرشەکەی سەر باوکیدا بەر دەمووچاوی کەوتووە، شێوەی گۆڕاوە. ئەو لە ترسی مانگە دەستکردەکانی ئەمریکا ناوێرێت بێتە بەر ڕۆشنایی ڕۆژ.
لە کاتی بەئامانجگرتنی باوکیدا، ئیسرائیل و ئەمریکا لە ڕێگەی هاكکردنی کامێراکانی هاتووچۆی تاران و تەکنەلۆجیای پێشکەوتووەوە توانییان شوێنی عەلی خامنەیی و فەرماندە سەربازییەکان بدۆزنەوە. بەڵام ئەمجارەیان جیاوازە؛ تەکنەلۆجیا ناتوانێت یارمەتیدەر بێت، چونکە موجتەبا بە تەواوی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەلاناوە.
ئێستا کۆڵەکەی سەرەکی بۆ دۆزینەوەی، پشتیوانی بە "سەرچاوەی مرۆیی" (سیخوڕی مەیدانی) دەبەستێت نهێنییەکە لە ڕێگەی مرۆڤەوە بدۆزرێتەوە، نەک پێشكەوتنی تەکنەلۆجی.
دەزگا سیخوڕییەکان گومانیشیان هەیە کە ڕەنگە موجتەبا کوژرابێت و سوپای پاسداران هەواڵەکە بشارێتەوە بۆ پاراستنی ورەی شەڕ. بۆیە ئامانجی یەکەم سەلماندنی زیندووبوونیەتی، و پاشان دۆزینەوەی شوێنەکەیەتی (کە مەزەندە دەکرێت لە تونێلەکانی تاران یان حەشارگەیەکی سەربازی نزیک شاری قوم بێت).
پشتبەستن بە سیخوڕیی مرۆیی
«ڕامی ئیگرا»، بەرپرسی پێشووی بەشێک لە مۆساد ڕایگەیاندووە:
کێشەی ئێستامان وەک دۆزینەوەی بارمتەکانبوو لە غەززە؛ تەکنەلۆجیایەکی زۆرمان بەکارهێنا بەڵام سەرکەوتوو نەبووین چونکە پشتیوانیمان بە توانا مرۆییەکان نەبەستبوو.
موجتەبا مۆبایل بەکارناهێنێت، بەڵام بۆ ناردنی فەرمانەکانی پەیامی کاغەزی لە ڕێگەی نێردراوی تایبەتەوە بەکاردێنێت کە خۆشیان نازانن پەیامەکە بۆ کێ دەبەن. تەنها ڕێگا بۆ گەیشتن پێی، شۆڕبوونەوەیە بۆ ناو ئەم تۆڕە مرۆییە.
لاي خۆشیەوە، «ئەڤنێر ئەبراهام»، ئەفسەری پێشووی مۆساد ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە ڕێگرییەکان بەکارهێنانی “هاوشێوەکانی موجتەبایە (واتە ئەو کەسانەی لە خۆی دەچن، وەک ئەوەی سەدام حسێن دەیکرد). ئەو دەڵێت ڕەنگە ئەو کەسانەی خۆراکیشی بۆ دەبەن، نەزانن خۆراکیان بۆ خۆی بردوە یان بۆ هاوشێوەکەی.
دواڕۆژ و بڕیاری ئایندە
لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر مۆساد و CIA شوێنی موجتەبا خامنەیی بدۆزنەوە، بڕیاری کۆتایی لە دەستی سەرکردە سیاسییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت کە ئایا بیکوژن یان نا.
بەرپرسێکی پێشووی هەواڵگری ئەمریکا دەڵێت: "ئێمە بەس بەشی پێویست سەرکردەی ئێرانیی دەکوژین، مەگەر دڵنیابین لەوەی کەسێکی دیموکراتخواز و باشتر جێگەیان دەگرێتەوە."