بڕیارێک کە ببووە مایەی قەیران؛ چۆن دیاریکردنی نرخی بەنزین بازاڕی هەولێر و دهۆکی ئیفلیج کرد؟
٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٧:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی نرخی بەنزین و ناچارکردنی بەنزینخانەکان بەفرۆشتنی بەنزین بەو نرخە، قەیرانی لە هەولێر و دهۆک دروستکرد، بەجۆرێک نرخی دەبەیەک بەنزین گەیشتە سەرووی ٥٠ هەزار دینار.
بڕیارەکەی حکومەت بۆ ناچارکردنی بەنزینخانەکان بەفرۆشتنی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە ٨٥٠ دینار، وایکرد بەنزینخانەکان بەنزین نەفرۆشن یان هاوردەی نەکەن، بەوپێیەی نرخی لیترێک بەنزین سەرووی هەزار دینار لەسەر خاوەن بەنزینخانەکان دەکەوێت.
سامان نوح، رۆژنامەنوسی بنکۆڵکار دەڵێت: ئەو قەیرانە سەختەی بەرۆکی خەڵکی گرت و شۆفێران بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا راوەستان، هۆکارەکەی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بوو.
دەشڵێت: دڵخۆشیی خەڵک بە بڕیارەکەی وەزارەت بۆ دابەزینی نرخەکان تەنها چەند کاتژمێرێکی خایاند، ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکە، بەنزین لە بەنزینخانەکاندا بە تەواوی نەما و سەدان بەنزینخانە دەرگاکانیان داخست.
خاوەن بەنزینخانەکان دەڵێن، کۆگاکانیان بەتاڵن و بەو نرخەی حکومەت دیاریکردووە هیچ بەنزینێک لە بازاڕدا نییە بکڕدرێت.
پێداویستیی ڕۆژانەی هەرێم نزیکەی ٦ ملیۆن لیتر بەنزینە، بەڵام وەزارەت تەنها كەمتر لە ٢ ملیۆن لیتر بەنزینی ئاسایی دابین کردووە و لە دابینکردنی جۆرەکانی (موحەسەن و سوپەر) بە تەواوی دەستەوەستان بووە.
کەمبوونەوەی بەنزین ئاسەواری خراپی بەدوای خۆیدا هێنا و وایکرد، بازاڕی بەنزینی تێکەڵ بە نەوت و ئاو و کواڵێتی خراپ گەرم بێت، کە بووە هۆی سووتانی بەلایەنی کەمەوە سێ ئۆتۆمبێل.
هەروەها فرۆشتنی بەنزین لەسەر شۆستەکان سەریهەڵدایەوە و بەشێک لە هاووڵاتییانیش ڕوویان لە بەنزینخانەکانی شاری موسڵ کرد.
پارێزگای سلێمانی ڕەتیکردەوە بڕیارەکەی حکومەت جێبەجێ بکات و نرخە کۆنەکانی هێشتەوە (١١٥٠ تا ١٥٠٠ دینار)، بەوەی بەنزینخانەکان ڕایانگەیاند بەپێی "خستنەڕوو و داواکاریی بازاڕ" دەفڕۆشن. بەڵام لە هەولێر و دهۆک، هاووڵاتییان لە گێژاوی نۆرەبڕین و گەڕان بەدوای لیترێک بەنزیندا مانەوە.
لە گەرمەی ئەم قەیرانەدا، کەناڵە حزبییەکان و سۆشیاڵ میدیا سەرقاڵی تۆمەتبارکردنی یەکتر و دروستکردنی سیناریۆ بوون؛ لە کاتێکدا پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن ڤیدیۆی ڕۆیشتنی کاروانی تانکەرەکانی نەوتیان بەرەو تورکیا بڵاودەکردەوە و دەیانپرسی: "ئایا ئەم بارانە شەربەتی مێوژن کە هەناردە دەکرێن، لەکاتێکدا ناوخۆ سووتەمەنی نییە؟"
بەپێی زانیارییەکانی پەنجەرە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێم هەرچەندە دانی پێدا نانێن، بەڵام درکیان بەوەکردووە بڕیارەکەیان بۆ ناچارکردنی خاوەن بانزینخانەکان بۆ فرۆشتنی بەنزین بەو نرخەی دیارییانکردووە هەڵەبووە.
زانیارییەکانی پەنجەرە ئاماژە بەوە دەکەن، بەرپرسانی حکومەت بەدوای دۆزینەوەی دەرەچەیەکدا دەگەڕێن بۆ پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارەی کە داویانە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت رێوشوێنی تر بگرنە بەر.