«دۆخەکە باش دەبێت!»؛ بەڵێنێک کە ڕیزەکانی بەنزینخانەی کورت نەکردهوە
٢ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان تەنها بارگرانی نییە بەسەر شانی هاووڵاتییانەوە، بەڵکو پەردەی لەسەر ئاستی بەڕێوەبردن و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەکان لەلایەن حکومەتەوە لاداوە.
شۆفێران ڕۆژانە بەشێکی زۆری کاتەکانیان لە ناو ڕیزە چەند کیلۆمەترییەکاندا بەسەر دەبەن، بێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک هەبێت دوای چەندین کاتژمێر چاوەڕوانی، بە بەنزینخانە بگەن و چاویان بە تابلۆی «بەنزین نەماوە» نەکەوێت.
لە پشت ئەم دیمەنە شڵەژاوەی شەقامەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادە نییە بە ڕاشکاوی دان بە هەڵەی بڕیار و لێکدانەوە نەپێکراوەکانیدا بنێت. بەرپرسانی حکومەت و وەزارەت هەمان رستەی دروشم ئاسای “دۆخەکە بەرەو باشی دەچێت و تەنها چەند ڕۆژێکی پێویستە” دووبارە دەکەنەوە.
تەسلیمبوون بە واقیع
پاش شکست هێنانی بەڵێنەکان، لە کۆتاییدا وەزارەت ناچار بوو بە ناڕاستەوخۆ ڕادەستی واقیعەکە بێت. بڕیاری پێشووی بۆ دابەزاندنی نرخ یان ڕێکخستنەوەی بدات و ڕەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی نرخەکان بۆ ئاستی پێشتریان دەرببڕێت.
ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی نەوت و کانزاکانی وەزارەتی سامانه سروشتییهكان، لهبارهی دابینکردنی بەنزین و پێداچوونەوە بەنرخەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کەمی بەنزین، کۆمەڵێک بڕیاری نوێ دەرکرا.
بڕیارەکان:
1. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵێک دەدات بەمەبەستی زیادکردنی پشکی حکومەتی هەرێم لە نەوتی خاو لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، کە لە ئێستادا تەنها رۆژانە (٥٠) پەنجا هەزار بەرمیل کە دەکاتە (٣٩،٤٦٪)ی پشکی هەرێم لە ڕێژەی شایستەی راستەقینەی هەرێم کە دەبێتە (١٢،٦٧٪) و یەکسانە بە رۆژانە (١٢٦،٧٠٠) سەد و بیست و شەش هەزار و حەفت سەد بەرمیل.
2. زیادکردنی بڕی بەنزینی جۆری نۆرماڵی پاڵپشتیکراوی حکومی ٧٥٠ دیناری بۆ هەر لیترێک بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
3. چاودێریکردنی بەنزینی بازرگانی ڕۆژانە بۆ جۆرەکانی (نۆرماڵ، موحەسەن، سوپەر) لە ڕووی کوالێتی و گونجانی لەگەڵ واقعی ڕۆژانەی بازاڕی ئێستای هەرێمی کوردستان.
4. زیادکردنی کاری لێژنەکانی چاودێری و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ پاراستنی کوالێتی جۆرەکانی بەنزین.
بڕیارەکانی وەزارەت چارەسەریی ریشەییان بۆ قەیرانی سوتەمەنی تێدا نییە، ئەو قەیرانەی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لایەنگران و هاوسۆزانی دەسەڵاتیش، بەر لە ئۆپۆزسیۆن، ڕەخنەی توندیان لە نەبوونی پلان ئاڕاستەی دامەزراوەکانی حکومەت کردووە.
لەژێر گوشار و شڵەژانی ئەم دۆخە سەختەدا، زۆربەی بەرپرسان تەنانەت توانای داڕشتنی ڕستەیەکی ڕوون و بەسوودیان نەمابوو بۆ وەڵامدانەوەی سادەترین پرسیاری میدیا.
لە لایەکی دیکەشەوە، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی حکومەتدا، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی حزبی ڕۆڵی کارمەندانی بەشی پەیوەندییەکانیان بینی و بە کردەیی هیچ پرسیارێکی جدی و ئاراستەکراویان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت نەکرد لەبارەی سەرچاوەی قەیرانەکە و وردەکارییەکانییەوە.
هەواڵێک لە ناو تاریکاییدا
لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانە ناوخۆییەدا و لەگەڵ هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران و دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان، تروسکاییەک ئەرێنی دەردەکەوێت.
کۆمپانیای «دانا غاز» دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی ڕاگەیاند،. گوایە بڕی پێدانی کارەبا بەرەبەرە بەرەو جێگیربوون بڕواتەوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە درۆنێک جارێکیتر ئەم هیوایە لەبار نەباتەوە.