ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە چاوەڕوانی سەعاتی سفردا
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٦:٠٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
شرۆڤەکاران، کۆکن لەسەر ئەوەی گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا تەنها لادانێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو ستراتیژێکی داڕێژراوە بۆ مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی. ئەو هەڵمەتانەی بەناوی "ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی" چ لە ڕابردوو، چ لە ئێستا دەستیان پێکردووە، زۆرتر لە شانۆگەرییەکی سیاسی دەچن بۆ تەسفیەکردنی نەیاری سیاسی و قۆرغکاری زیاتر سەرچاوەکانی داهات. بەڵام هەڵمەتی بەرەبەیانی عەلی زەیدی لە فۆڕم و ناوەڕۆکدا فەرقی هەیە و ئامادەکاریش ئەوە دەسەلمێنن کە قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی کە لە لایەن کارەکتەرە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکانەوە نەخشەی بۆ کێشراوە؛ و ئایکۆنەکانیش دیارن دەستپێکردووە. لەسەر وەختی دەسپێکردنی هەڵمەتی بەرەبەیان، ئێمەش لەو یەکەم کەسانەبووین کە زوو ئاماژەمان بەوە کرد کە ئەمە سەرەتای هاتنی قۆناغێک و کۆتایی قۆناغێکی (٢٣) ساڵەیە و دەرکەوتەکانی ئەم قۆناغە پێمان دەڵێت، خولی نوێ، هەڵگری ماکەکانی پێش (٢٠٠٣) و لە دەرفەتی تردا لەسەر ئەم پرسە زیاتر دەوەستم.
وەک دەردەکەوێت، بە ئیلهام وەرگرتن لە کاردانەوەکانی هەڵمەتەکەی (زەیدی) ئامادەکاری کراوە، بە فۆڕمێکی تر هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمیش دەست پێبکات، ئەگەر سەرنجیش بدەینە سۆشیاڵ میدیای نزیک سەرۆکی حکومەت، چەندین مانگە ئامادەکاری دەستپێکراوە و بە شێوەی ئاشکرا و سیمبولی ناوی چەندین کەسی سیاسی و خاوەن کۆمیانیا و سەرمایە دێت و بەپێی چەند زانیارییەکی میدیایش بێت هەڵمەتەکە بەشێوەیەکی نهێنی لە هەولێر و دهۆک دەستیپێکردووە، کە بێگومان ئەگەر وردبینەوە دەزانین لە زیانی کێ شکاوەتەوە و ئەمەش یەکەم هەڵمەتی بێدەنگ نییە، جا با چاوەڕوانی ئاشکراکە بین.
بێگومان دەستەی دەسپاکیش وەک ئەرکی سەرەکی خۆی ماوەیەکە بە چڕی هەڵمەت ڕاگەیاندنی دەستپێکردووە و داواکارە هەموولایەک هاوکاری بکەن و سەرەتای ئەم هەفتەیەش سەرۆکی دەستەکە لەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆبووەوە، دیاریشە ئەم دەستەیە لە مێژووی کارکردنیدا شتێکی نییە کە شانازی پێوە بکات. کەواتە هەموو لایەک ئامادەکاریی کردووە و چاوەڕوانی سەعاتی سفرن بۆ دەستپێکردنی شانۆگەرییەکی نوێ بۆ سەر ساحەی هەرێم.
کەواتە بۆ خزمەتی باسەکەمان با ئاوڕێک لە مێژووی بنەبڕکردنی گەندەڵی لە عێراق و هەرێمیش بدەینەوە. ڕاگەیاندنی هەڵمەتی چاکسازی و دژە گەندەڵی لە هەرێم بووە بە بەڵێنێک کە جێگەی ترس و پرسیارە، چونکە هەرکات یاسا، بڕیار و بەڵێن دراوە خەڵک تەنها بینەری بەڵینەکە نەبوون بەڵکو شایەتی خراپتربوونی دۆخەکەش بوون. لە پاش خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، (مەسعود بارزانی) سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان بەڵێنی چاکسازیی "سەرتاپاگیر"ی دا و لەو چوارچێوەیەدا ئەم کارانەکران:
• یاسای دەستەی دەسپاکی (ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١١)، لە کاتێکدا دیوانی چاودێری دارایی بە پێی یاسای (ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٠٨) دامەزرابوو، بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە بۆ وردبینیکردن لە خەرجی و داهاتەکانی حکومەت.
• یاسای چاکسازی (ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠)، کە تایبەتە بە "چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی"، بڕینی مووچەی نایاسایی و ڕێکخستنەوەی میلاکاتی فەرمانبەرانە.
• یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣)، ڕێگەی بە هەموان دەدات دەستیان بە زانیارییە گشتییەکانی دامودەزگاکانی حکومەت بگات.
• یاسای دیوانی چاودێری دارایی (ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٠٨)، دەسەڵاتێکی زۆر دەدات بە دیوانی چاودێری دارایی بۆ وردبینیکردن لە خەرجی و داهاتەکانی حکومەت.
• ستراتیژی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی (٢٠٢١ - ٢٠٢٥)، ئەم ستراتیژە پلانێکی گشتگیرە بۆ کارکردن لەسەر وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی لە دامەزراوەکاندا.
• ڕێنماییی گرێبەستە گشتییەکان (ڕێنمایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٦)، بۆ ڕێکخستنەوەی چۆنیەتی پێدانی تەندەر و پڕۆژەکان بە کۆمپانیاکان، بە مەبەستی کەمکردنەوەی واستە و گەندەڵی لە گرێبەستە گەورەکاندا.
بەڵام واقیع پێچەوانەکەی سەلماند. گەندەڵی لە کوردستاندا ئێستا مۆدێلێکی سیستماتیکی وەرگرتووە؛ نەک لە 2014ە وە بودجەی نییە و کەس نازانێت داهات و خەرجی چەندە و لەسەر چ بنەمایەک خەرج دەکرێت، بەڵکو "کەرتی تایبەت" و "بازاڕی ئازاد" تەنها ناوێکی شێوێندراون بۆ شاردنەوەی ئابووریی حیزبی و خێزانی. دیاردەی "دەوڵەمەندبوونی خێرا" لەسەر حسابی "هەژاربوونی خێرا"ی خەڵک، دەرەنجامی ئەو مۆنۆپۆلە سیاسییەیە کە ڕێگری لە دروستبوونی ئابوورییەکی نیشتمانی دەکات.
ئەمە لە عێڕاق مەترسیدارترە، چونکە قەبارەکەی ئییجگار گەورەترە، بەڵام شەریکی زۆرە و بەشی زۆرکەس دەکات، بۆیە قوڵتر ڕۆیشتووە. مێژووی شکستی چاکسازی لە عێراقیش، پڕە لە بەڵێنی بێکردار. با سەرنجی دوو نموونەی نزیک بدەین، یەکەم: هەڵمەتەکەی حەیدەر عەبادی، پاش خۆپێشاندانە بەرفراوانەکانی هاوینی ٢٠١٥ لە دژی خراپی خزمەتگوزارییەکان و بەرزبوونەوەی دەنگی مەرجەعیەتی نەجەف.
عەبادی ناچاربوو پاکێجی یەکەمی چاکسازی ڕابگەیەنێت و تیایدا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی پۆستەکانی جێگرانی سەرۆک کۆمار، (مەحمود مەشهەدانی، نوری مالیکی، ئەیاد عەلاوی، ئوسامە نوجەیفی) و جێگرانی سەرۆک وەزیران و کەمکردنەوەی پاسەوان و بودجەی بەشێک لە وەزارەت و دامەزراوەکان و کەمکردنەوەی ژمارەی وەزارەتەکان بۆ کەمکردنەوەی خەرجی دەوڵەت و چەندین هەنگاوی تر. بەڵام نیتوانی بەردەوام بێت چونکە هەم بەشێکی هەڵکەتەکەی بۆ لاوازکردنی بەرامبەرەکانی بەکار هێنا، هەم ئەوانی تریش بەتایبەت (نوری مالیکی) دژی وەستایەوە. دواتریش لە تشرینی یەکەمی (٢٠١٦)دا، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کە هەڵوەشاندنەوەی پۆستەکانی جێگری سەرۆک کۆمار نادەستوورییە، چونکە بەپێی دەستوور ئەو پۆستانە دیاریکراون و سەرۆک وەزیران بە تەنها دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەیانی نییە، کەواتە ئەنجام بووە مانۆڕێکی سیاسی و خراپتربوونی دۆخەکە.
دووەم: بە فەرمانی دیوانی ژمارە (٢٩ لە بەرواری ٢٧ی ئابی ٢٠٢٠)دا، مستەفا کازمی لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی و تاوانە سەختەکان ناسراو بە "لیژنەی ٢٩" بە سەرۆکایەتی (فەریق دەستور ئەحمەد ئەبو ڕەغیف) پێکهێنا. ئەم لیژنەیە دەسەڵاتیکی بەرفراوانی پیێراو پشتی بە هێزەکانی دژەتیرۆر دەبەست بۆ هەڵکوتانە سەر و دەستگیرکردنی کەسایەتییە باڵاکان، ئەمەش یەکەم جاربوو ئەم هێزە بەکاربهێندرێت لە چالاکییەکی وەهادا و چەندین بەرپرسی باڵا و بازرگانی ناسراو دەستگیرکران، وەک بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای کارتی زیرەک(Qi Card) ، سەرۆکی پێشووی دەستەی وەبەرهێنانی بەغداد، بەرپرسانی فەرمانگەی تەندروستی و خانەنشینی و چەندین بەرپرسی دیکە لە وەزارەتی تەندروستی و کارەبا و شارەوانییەکان. سەرەنجام ئەم هەوڵەش تووشی کێشەی یاسایی بووەوە، تەبعەن لە ناو دووکەوانەدا. لە مانگی ئاداری ٢٠٢٢دا، (دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق) بڕیاری دا کە پێکهێنانی ئەم لیژنەیە "نایاسایی و نادەستوورییە"، چونکە دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردنی تێکەڵ کردووە و پێشێلی بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی کردووە. ڕاپۆرتی (ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ) و چەندین لایەنی سیاسی تۆمەتی ئەوەیان خستە پاڵ لیژنەکە کە "ئەشکەنجە" و "فشاری دەروونی"یان بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانان لە دەستگیرکراوەکان.
ئیستا تۆزێک لەولاتریش، هەڵمەتەکەی شازادە (محەمەد بن سەلمان) لە ساڵی (٢٠١٧) هەیە، کە تیایدا (شازادەکانی تری لە هۆتێل ڕیتز کارڵتۆن دەستگیرکردبوو). ئەوەی لەوێ ڕوویدا و ئەوەی ئێستا لە بەغدا ڕوودەدات و لاشم وایە بەم زووانە لە هەرێمیش دەستپێدەکات، هەمان مۆدێلی "پاکسازیی سیاسییە" نەک "دارایی".
هەتا گەندەڵی 'سیاسی' بێت، چارەسەرەکەی بە شانۆگەریی 'یاسایی' و نمایشی هێز بۆ ترساندنی نەیارەکان ناکرێت. بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەقینەی گەندەڵی تەنها بە گۆڕینی بونیادی دەسەڵات و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی حەقیقی لە (ڕێکخراوەکان، سەندیکاکان، میدیای ئازاد و ناوەندەکانی توێژینەوە) دەکرێت ئەم ژینگەیەش بەبێ زەمانی هاوسەنگی هێز "توازن السلطات" ناکرێت، کە ئێستا کەس حەسوودی بە دامەوزراوەکانی ئێمە نایێت و تەنها دووکەس دەسەڵاتیان هەیە. ئێستا ئێمە لەبەردەم قۆناغێکداین کە گەندەڵی تێیدا بووەتە ئامرازی سەرەکیی مانەوەی سیستم، نەک هەڵەیەکی کاتی کە بە یاسایەک چاک بکرێت.