لە توندڕەوییەوە بۆ دیپلۆماسی: نهێنییەکانی پشت ڕاپۆرتەکەی لیندسی سنێل
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی لیندسی سنێل (Lindsey Snell)، کە ڕووماڵی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز دەکات، ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی ۸ خولەکی لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاوکردەوە.
ئەم ڕاپۆرتە هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە چونکە تێیدا باسی چاوپێکەوتنێک دەکات کە پێش ۱۰ ساڵ (لە ساڵی ۲۰۱٦دا) لە گوندەواری حەلەب لەگەڵ کەسێکی دەموچاو داپۆشراوی سەر بە "بەرەی نوسرە"ئەنجامی دابوو.
سنێل جەخت دەکاتەوە کە ئەو کەسە دەموچاو داپۆشراوەی ئەو کاتە، هەمان “محەمەد قەناتری"یە، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ۲۰۲٦ەوە بووەتە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی سووریا لە واشنتۆن.
چیرۆکی ڕاپۆرتەکە و گەشتەکەی سنێل لە ۲۰۱٦
ڕاپۆرتەکەکە لە ماوەی دوو ڕۆژدا زیاتر لە ملیۆنێک بینەری هەبوو، چیرۆکی چوونە ژوورەوەی سنێل بۆ سووریا لە ڕێگەی تورکیاوە لە کاتی هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ۲۰۱٦ی ئەنقەرە دەگێڕێتەوە. دوای داخستنی سنوورەکان، ئەو لە سووریا گیرسایەوە و بە یاوەریکردنی "سوپای ئازادی سووریا"وە گوازراوەتەوە بۆ لای "بەرەی نوسرە".
لەوێ محەمەد قەناتری (کە ئەو کات خوێندکاری زانکۆ بوو لە قوبرسی تورکی) یاوەری سنێلی کردووە بۆ وێنەگرتنی بنکە سەربازییەکان و نەخۆشخانەکان. دواتر سنێل چاوپێکەوتنێکی لەگەڵدا ئەنجام دەدات بەو مەڕجەی قەناتری دەموچاوی دابپۆشێت. دوای چاوپێکەوتنەکە، سنێل لەلایەن هەمان ڕێکخراوەوە دەستگیر دەکرێت و بۆ دوو هەفتە زیندانی دەکرێت پێش ئەوەی دواتر بتوانێت ڕابکات.
بەڵگەکان بۆ ناسینەوەی قەناتری:
نیشانە دەنگی و ڕوخسارییەکان: سنێل دەڵێت لە ڕێگەی چاوەکانی، دەنگی، و شێوازی قسەکردنییەوە تەواو ڕوونە کە هەمان کەسە.
دووبارەبوونەوەی وشەکان: بەراوردی وشەکانی پێش ۱۰ ساڵی قەناتری کردووە لەگەڵ ئەو وتارەی کە لە کاتی دەستبەکاربوونی وەک یەکەم دیپلۆماتکاری سووری لە ئەمریکا پێشکەشی کرد.
سنێل ئاماژەی بەوەداوە کە لە مۆنتاژی ڤیدیۆکەدا دەستکاری ڕستەکانی کردووە تا ڕوون بێت، بەڵام دەنگی خۆی لە کاتی پرسیارکردن هێشتووەتەوە. لە چاوپێکەوتنەکەدا، قەناتری ئامانجی "بەرەی نوسرە"ی شی کردووەتەوە کە بریتی بوو لە پاراستنی گەل لە ڕژێمی ئەسەد و میلیشیا شیعییەکان، و کارکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی کە بە شەریعەت بەڕێوە بچێت.
بەراوردکاری لە نێوان چەمکەکانی ڕابردوو و ئێستادا
سنێل لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕەخنە لەو گۆڕانکارییە فکری و سیاسییانە دەگرێت کە بەسەر سەرکردەکان و هەڵوێستەکاندا هاتوون.
سنێل ئاماژە بەوە دەکات کە چۆن سەرۆکی ئێستای سووریا "ئەحمەد ئەلشەرع" (کە پێشتر بە ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی ڕابەرایەتی "دەستەی تەحریری شام/نوسڕە"ی دەکرد) چەندین جار لەگەڵ دوناڵد ترەمپ کۆبووەتەوە و ستایشی کردووە.
لە ۲۰۱٦دا، قەناتری ئەو کەسانەی هاوکاری ئەمریکایان دەکرد بە "گەمژە" وەسف کردبوو، چونکە پێی وابوو ئەمریکا کۆنترۆڵیان دەکات و ناچاریان دەکات شەڕی موسڵمانانی سوننە بکەن تا ڕێگە نەدەن دەوڵەتێکی ئیسلامی سوننە بێتە ئاراوە.
سنێل لێدوانێکی دەنگی ڕۆبەرت فۆرد (باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا) دەخاتە ڕوو کە دەڵێت لە ساڵی ۲۰۲۳وە ڕێکخراوێکی نا حکومی بەریتانی داوای لێکردووە هاوکاری شەرع بکات بۆ چوونە ناو جیهانی سیاسەت. هەروەها ڕەخنە لەو ڕۆژنامەنووسانە دەگرێت کە پێشتر دژی نوسڕە بوون و ئێستا ۱۸۰ پلە هەڵوێستیان گۆڕیوە و پشتگیرییان دەکەن.
سنێل ڕەتیدەکاتەوە تێوەگلان لە شەڕکردن بۆ دەوڵەتێکی توندڕەو تەنها وەک "نەفامی گەنجێتی" تەماشا بکرێت. هەروەها وەبیری دەهێنێتەوە کاتێک کێربی (وتەبێژی کۆشکی سپی) ڕایگەیاندبوو کە جیابوونەوە لە ئەلقاعیدە ناوی ڕێکخراوەکە لە لیستی تیرۆر ناسڕێتەوە.
سنێل جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەم کۆمەڵانە لەناوبردنی ڕژێمی ئەسەد و میلیشیاکان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی بووە، کە دوای ۱۰ ساڵیش هەر وەک ئامانجی کۆتاییان دەمێنێتەوە.
ڕەخنە لە یاسا و دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا
سنێل، کە وەک بەرگریکارێکی مافی مرۆڤ کار دەکات، ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکات دەربارەی حکومەتی ئێستای سووریا:
1. یاسای نوێی ڕاگەیاندن: ڕەخنە لە یاسای نوێی میدیا دەگرێت لە سووریا و بە ناڕوون وەسفی دەکات، چونکە بڕگەی دژی "هەواڵی فەیک" و "پەلاماردان"ی تێدایە بێ ئەوەی پێناسەیان بکات. ئەمەش هاوشێوەی یاساکانی تورکیایە کە بۆ سەرکوتکردنی ئازادی دەربڕین بەکاردێن.
2. پیشاندانی راستییەکان بە چەواشەکاری: ئاماژە بە وتارێکی خۆی دەکات کە تێیدا دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریای تۆمەتبار کردووە بەوەی بێسەروشوێنبوونی کچانی تایفەی عەلەوی وەک "ڕزگاربوون لە سەرکوتکاری خێزانی" پیشان دەدەن تا تاوانە ڕاستەقینەکان بشارنەوە.
. دژایەتی لەگەڵ تورکیا: سنێل هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر تورکیا هەیە، چونکە لە ۷ی ئابی ۲۰۱٦ دوای گەڕانەوەی لە سووریا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە تۆمەتی وێنەگرتنی ناوچەی سەربازی بۆ ماوەی دوو مانگ دەستگیر کرا و دواتر ئازاد کرا.
نهێنی کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە (بۆچی ئێستا؟)
سنێل بە ڕوونی هۆکاری بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی لەم کاتەدا دیاری نەکردووە، بەڵام چەند ئەگەڕێک هەن:
کاتی بڵاوبوونەوە: ڕەنگە پەیوەندیدار بێت بە یادکردنەوەی ۱۰ ساڵەی چاوپێکەوتنەکە، یان دەستبەکاربوونی قەناتری لە واشنتۆن (سەرەڕای ئەوەی لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا دەستبەکاربووە).
ڕووداوە سیاسییەکان: بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە هاوکات بوو لەگەڵ دیداری بنیامین نەتانیاهۆ و دوناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی. بەڵام دوورە ئەم هاوکاتییە بە ئەنقەست بێت، چونکە سنێل هیچ دڵسۆزییەکی بۆ ئیسرائیل نییە؛ بەڵکو لە پلاتفۆرمی "X" ڕەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە بەهۆی ڕۆڵی لە پاکتاوی ڕەگەزیی ئەرمەنییەکان لە ناگۆرنۆ قەرەباغ و دانپێنەنانی بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان.