پژاک جەخت لە مافی "بەرگریی لە خۆکردن" دەکاتەوە و هۆشداری دەداتە ئێران
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا ئاڵۆزییە ئەمنییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان لە زیادبوون کردووە، وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر ئامادەیی نەتەوەی کورد بۆ بەرگریی لە خۆکردن کردەوە.
جەختکردنەوە لەسەر خۆڕێکخستن و بەرگریی
ڕێوار ئاودانان، وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، لە پەیامێکدا بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی رایگەیاند کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی خۆڕێکخستن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە لەمەودوا لە بەرامبەر هەر هێرش و کۆمەڵکوژییەکدا وەڵامدانەوەیان دەبێت.
ئاوادانان جەختی لەوەش کردەوە: "هەر نەتەوەیەک بیەوێت بە ئازادی بژی، دەبێت پێش هەر شتێک بتوانێت پارێزگاریی لە خۆی بکات،" و ئاماژەی بەوە دا کە پەیڕوکردنی سیاسەتی دیموکراتیک بەبێ بوونی توانای بەرگریی ناکرێت.
پاشخانی رووداوەکان و هێرشە درۆنییەکە
ئەم هەڵوێستەی پژاک دوای زنجیرەیەک ڕووداوی ئەمنی ناوچەکە دێت. چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردەوە کە چەکدارانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە نزیک شاری مەریوان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا لانی کەم سەربازێکی ئێرانی کوژراوە و برینداریش هەبووە.
وەڵامدانەوە بۆ ڕووداوەکەی بانە
بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشە درۆنییەکە هاوكاتە لەگەڵ ئاشکراکردنی ئامانجی چالاکییەکە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو چالاکییەی نزیک مەریوان وەک تۆڵەکردنەوەیەک بووە بەرامبەر کوژرانی سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کورد لە نزیک شاری بانە، کە پێشتر لە ناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستڕێژی گوللەیان لێکرابوو و گیانیان لەدەستدابوو.