لە 150 ملیار دۆلاری ساڵانەوە بۆ عەجزی مووچە؛ ئایا عێراق موچەی فەرمانبەرانی پێدەدرێت؟

٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٤ پاش نیوەڕۆ

لە 150 ملیار دۆلاری ساڵانەوە بۆ عەجزی مووچە؛ ئایا عێراق موچەی فەرمانبەرانی پێدەدرێت؟

پەنجەرە

ھێشتا ژمارەیەکی زۆری لە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی مووچەی مانگی تەمووزی ڕابردوویان وەرنەگرتووە. ئەمەش بەهۆی ئەو “تەنگژە ئابوورییە” سەختەی ڕووی لە دەوڵەتی عێراق کردووە.

هۆکاریی قەیرانە بۆ  هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و داخستنی تەنگەی هورمز دەگێڕدرێتەوە، کە زۆربەی نەوتی عێراق بەو گەرووەدا هەناردەی دەرەوە دەکرا، ئەمەش داهاتی عێراقی دوچاری داڕمان کرد کە پشتی بە داهاتی نەوت دەبەست.

لەگەڵ ئەگەری خراپتربوونی ڕەوشی ئەمنی لە تەواوی ناوچەکە و درێژەکێشانی داخرانی هورمز بێئومێدییەکی زۆر لای هاووڵاتیانی عێراق دروستبووە، بەتایبەت لای فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان، و سوودمەندبووانی تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی کە نزیکەی %23ی کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.

ڕەگوڕیشەی کێشەکە: تەنها جەنگ نییە

بە بڕوای زۆربەی شارەزایان و ئابووریناسان، قەیرانی دارایی ئێستا تەنها دەرئەنجامی داخرانی تەنگەی هورمز و وەستانی هەناردەی نەوت نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پێکهاتەی سیستەمی ئابووری، خراپی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و گەندەڵی بەربڵاوەوە هەیە.

پێشتر و لە ساڵی 2008دا، سیاسەتمەداری کۆچکردوو ئەحمەد چەلەبی پێشبینی ئەم دۆخەی ئێستای کردبوو، کاتێک ئاماژەی بەوە دابوو کە بەهۆی “خراپی بەڕێوەبردنی دارایی، هەڵئاوسانی کەرتی گشتی، و پشتگوێخستنی کەرتی تایبەت”، حکومەت لە ماوەی 10 ساڵدا توانای خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی نامێنێت.

تەنانەت ئەگەر حکومەت لە دابینکردنی مووچەی دوو مانگی داهاتووشدا سەرکەوتوو بێت، پێشبینییە ئابوورییەکان بەو ئاراستەیەن کە لەئەگەری بەردەوامبوونی دۆخی ئێستای ناوچەکە، ئەوا حکومەتی عێراق دووچاری گرفتی گەورە دەبێت بۆ دابینکردنی موچە.

کەلێن لە نێوان داهات و خەرجیدا

حکومەتی عێراق بەدەست کەلێنێکی گەورەی نێوان پارەی بەردەست و خەرجییە پێویستەکانەوە دەناڵێنێت. 
پێشتر فالح ساری، وەزیری دارایی دانى بە بوونی کورتهێنانی داراییدا نابوو کە ڕێگرە لە تەواوکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی. 
ئاشکراشیکردبوو کە کۆی پابەندییە مانگانەکان بۆ مووچە دەگاتە نزیکەی 7.8 تریلیۆن دینار (نزیکەی 6 ملیار دۆلار).

سەرەڕای داننانی حکومەت بە بوونی قەیرانێکی دارایی خنکێنەر، هێشتا جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان لێدوانی بەرپرسانی حکومی و کەسانی نزیک لە دەسەڵات لەگەڵ شارەزایانی دارایی و ئابووریدا هەیە دەربارەی مەودای قەیرانەکە، دەرئەنجامەکانی و ڕێگەچەرەکانی.

مەزهەر محمد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووریی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند:”بەردەوامبوونی جەنگ تا سەرەتای ساڵی داهاتوو و کاریگەرییەکانی لەسەر هەناردەی نەوت، ڕەنگە حکومەت ناچار بکات تێکەڵەیەک لە ئامرازەکانی دابینکردنی دارایی بگرێتە بەر، لەوانە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی، بەتایبەت ئەگەر یاسای قەرزکردن کە ئێستا لە پەرلەمانە پەسەند بکرێت.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە دووبارە ڕێکخستنەوەی لەپێشینەییەکانی خەرجیی گشتی و سودوەرگرتن لە یەدەگی دراوی بیانی هەیە وەکو ئامرازێک بۆ پاراستنی سەقامگیریی ڕەوتی دارایی و بەردەوامیی مووچە. 
جەختیشیکردەوە کە کێشەکە نەبوونی سەرچاوە یان مەترسیی ئیفلاسبوون نییە، بەڵکو قەیرانی “بەڕێوەبردنی نەختینەیە”لە بارودۆخێکی ئیستثنائیدا.

ڕەخنەی  ئابووریناسان

عماد لەتیف سالم، مامۆستای ئابووریی، پێیوایە کە دابینکردنی مووچەی 9.5 ملیۆن کەس (7.35 ملیۆن فەرمانبەر و 2.1 ملیۆن سوودمەندی چاودێری کۆمەڵایەتی) زۆر سەخت دەبێت و مانگ بە مانگ دۆخەکە بەرەو کورتهێنانی زیاتر  دەڕوات ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە.

سالم لە زنجیرە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «X» نووسیویەتی: پێویستە خەرجییەکانی دەوڵەت ڕێکبخرێنەوە. بەهەدەردان، پێویستنەبوون و هەڵئاوسانێکی زۆر لە بودجەی بەگەڕخستندا هەیە. سەدان هەزار فەرمانبەر و خانەنشینی وەهمی هەن، جگه لە ڕەوتی پاسەوانی تایبەت کە هیچ پێویستییەکیان نییە جگە لە بەهەدەردانی پارە.

ئەو ئابووریناسە دەشڵێت: “قەبارەی شکست و بێتوانایی دەسەڵاتێک کە دەزانێت جگە لە نەوت هیچ سەرچاوەیەکی تری نییە و ساڵانە  150 ملیار دۆلاری لەماوەی 23 ساڵدا دەستکەوتووە، کەچی هیچ پاشەکەوت و سندوقێکی سەروەریی نییە و ئێستا ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات!

لایخۆشیەوە، توێژەری ئابووریی، زیاد ئەلهەشیمی، باسی لەوە کردووە کە عێراق بە فەرمی چووەتە حاڵەتی «تەنگژەی دارایی» و حکومەت لە خراپترین دۆخیدایە.

ئەلهەشیمی لە «X» نووسیویەتی کە دانپێدانانی حکومەت بە کەمی نەختینە دوای مانگێکی درێژ لە نکۆڵیکردن مایەی سەرسوڕمان نییە، بەڵکو ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوە بوو کە کەسانێک هەبوون پێیان وابوو هەموو شتێک بە باشی دەڕوات!
 ئەو دەڵێت:لە بەدبەختیی عێراق، داهاتە نەوتییەکانی پێش ئەوەی بگەنە خەزێنەی دەوڵەت 'داهاتی لوشدراون'؛ گەندەڵکاران، مەکتەبە ئابوورییەکانی حیزبەکان، گروپە چەکدارەکان، قەرزدەران و فەرمانبەرە وەهمییەکان بەشە ڕێکخراوەکەی خۆیان دەبەن، و لە کۆتایی لیستەکەدا فەرمانبەری ڕاستەقینەی عێراقی دێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو