غیابی موجتەبا و درزەکانی دەسەڵات؛ ئێران چۆن بڕیار لە چارەنووسی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا دەدات؟
٧ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرکردەکانی ئێران لەسەر یەک ئامانجی هاوبەش کۆکن، ئەویش سەلماندنی ئەوەیە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان کە وڵاتەکەیان توانای بەرگەگرتنی شەڕی زیاتری هەیە بە بەراورد بە ئەمریکا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ناکۆکیی قووڵ لە نێوانیاندا هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
ڕەوتە جیاوازەکان و دانوستان
ڕەوتی توندڕەوەکان، دژی هەر جۆرە دانوستانێکن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەردەوام گوشار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی سەربازیی تەواوەتی.
لەکاتێکدا ڕەوتی میانڕەو و پراگماتییەکان بە سەرپەرشتیی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمار و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، پێیانوایە کە دەکرێت گوشاری سەربازیی وەک ئامرازێک بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە ڕێگەی دانوستانەوە لەگەڵ ئەمریکادا.
ئەم ڕەوتەی دووەم پاڵپشتیی زیاتری هەیە بەهۆی مەترسییە ئابوورییە سەختەکانی دەرئەنجامی شەڕەکە، لەگەڵ پێویستیی خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی وڵات.
کێشەی ونبوونی رابەر
ئەوەی زیاتر درز و جیاوازییەکانی ناو دەسەڵاتی قووڵتر کردووەتەوە، غیابی ڕابەری نوێ موجتەبا خامنەیییە لە دیمەنی سیاسیی وڵاتدا.
ئەو بە فەرمی وەکو جێگرەوەی باوکی دیاریکراوە، بەڵام ئاستی دەسەڵات و کۆنترۆڵی بەسەر جومگەکانی وڵاتدا هێشتا جێی گومان و پرسیارە.
موجتەبا لە کاتی کوژرانی باوکییەوە لە ۲۸ی شوباتەوە هیچ دەرکەوتنێکی نەبووە و تەنانەت لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی باوکیشیدا ئامادە نەبوو.
لێکدانەوەکان لەبارەی ونبوونیەوە لە نێوان هۆکاری ئەمنی و ئەو گێڕانەوانەدا دەسوڕێنەوە کە ئاماژە بە برینداریبوونی سەختی دەکەن.
بڕیار لەغیابی رابەردا
لە سایەی غیابی مەرجەعی یەکەم و بڕیاردەری کۆتایی، ناوەندەکانی دەسەڵات لە ئێران دەستیان کردووە بە جوڵە بەپێی حساباتی تایبەتی خۆیان.
سوپای پاسداران، هەوڵ دەدات ڕۆڵی خۆی وەک کاریگەرترین هێز لە دۆسیە ئەمنی و سەربازییەکاندا بچەسپێنێت. لەکاتێکدا پەرلەمان دەیەوێت پێگەی خۆی لە هاوکێشەی شەرعییەتی دەسەڵاتدا بپارێزێت.
حکومەتیش دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا بە ئامرازێک دەزانێت بۆ کەمکردنەوەی گوشارە ئابووریی و سیاسییەکان. بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی و دەزگا ئەمنییەکان سیاسەتێکی توندڕەوتر ڕەچاو دەکەن لە ڕێگەی شەپۆلی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانەوە، تاوەکو ڕۆڵی خۆیان لە پاراستنی ڕژێمدا نمایش بکەن.
توێژەرانی کاروباری ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەژموونی موجتەبا خامنەیی ئێستا دابەش بووە بەسەر نووسینگەی ڕابەر، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، سوپای پاسداران، سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەماندا.
دروشمی "تۆڵەسەندنەوە"
ململانێ و ناکۆکیی نێوان ئەم باڵانە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی قۆناغی ئێستا، سنووری سازشە گونجاوەکان لە دانوستاندا و شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ گوشارە دەرەکییەکاندا، پەرت دەکەن.
نزار جاف، توێژەر لە کاروباری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "الحرة" ئاماژە بەوە دەکات کە ناکۆکیی ئێستا ڕەنگدانەوەی جیاوازیی نێوان دامەزراوەکانە لەسەر شیاوترین ڕێگا بۆ پاراستنی ڕژێم لە قۆناغێکی سەختدا.
حکومەت و هەندێک ئەندامی پەرلەمان دانوستان بە هەنگاوێک دەزانن بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان، بەڵام سوپای پاسداران دەترسێت هەر سازشێک ببێتە دەستپێکی زنجیرەیەک داواکاریی ئەمریکی کە دەست بۆ کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕژێم بەتایبەت بەرنامەی ئەتۆمی و توانای مووشەکی ببات.
ئەم جیاوازییە بە ڕوونی لەو دەمەقاڵێیەدا دەردەکەوێت کە لەسەر دروشمی "تۆڵەسەندنەوە" دوای کوژرانی خامنەیی دروست بووە. ڕۆژنامەیەکی ئێرانی پرسیاری لەبارەی مانای ئەم دروشمەوە کردووە کە ئایا:
مانای ڕاگرتنی دانوستانەکانە؟
یان بەئامانجگرتنی کەسایەتییە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانە؟
یان کشانەوەیە لە لێکتێگەیشتنەکانی پێشوو؟
یانیش ڕۆشتنە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازیی؟
ڕۆڵی تایبەتی قالیباف و گەرمبوونی ململانێ ناوخۆییەکان
محەمەد باقر قالیباف مامەڵەیەکی تایبەت لەم دابەشبوونەدا دەنوێنێت، ئەو یەکێکە لە دیارترین ئەو بەرپرسانەی لە ڕیزەکانی سوپای پاسدارانەوە هاتووەتە دەرەوە و تێدەگات کە بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوەی کراوە رەنگە ببێتە هۆی قەیرانێک کە کۆنترۆڵکردنی بۆ ڕژێم سەخت بێت. بۆیە سوورە لەسەر هێشتنەوەی کەناڵەکانی دانوستان بە کراوەیی، تاوەکو دەوڵەت لە لێکەوتەکانی ململانێیەکی ناوخۆیی بپارێزێت.
نزار جاف دووپاتی دەکاتەوە کە دیارترین دۆسیەی ناوخۆیی لە ئێرانی ئەمڕۆدا دانوستانە، سوپای پاسداران لە بنەڕەتدا دژی دانوستان نییە، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە ببێتە هۆی سازشی ستراتیژی لەسەر توخمەکانی هێز.
ئەم هەڵوێستە کۆدەنگیی لەسەر نییە، کامران غەزەنفەری ئەندامی پەرلەمان، سەرۆک پزیشکیان و قالیباف و لایەنگرانی دانوستانی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی "ئینقیلاب" لە ناو ڕژێمدا.
لەکاتێکدا هەندێک میدیای ئێرانی هێرشیانکردە سەر لێدوانەکانی غەزەنفەری و بە "ناپەیوەندیدار و نالۆژیک" وەسفیان کرد و ئاماژەیان بەوە دا کە تۆمەتە ئاڵوگۆڕکراوەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە.
ململانێی دیپلۆماسی و دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان
ئەم دەمەقاڵێیە گەیشتووەتە گۆڕەپانی دیپلۆماسیش،
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە دووپاتیکردەوە کە دانوستانەکان بڕیارێکی بەکۆمەڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت بوون، و کۆتاییهێنان بە شەڕیش ناتوانێت بڕیاری یەک کەس بێت.
هەروەها بەرگری لە بەردەوامیی دانوستان کرد وەک بژاردەیەک کە تێچووی لە شەڕ کەمترە.
لەکاتێکدا میدیا توندڕەوەکان، ڕەخنەی توندیان لە عێراقچی گرت و تۆمەتباریان کرد بە زەرەرگەیاندن بە یەکێتیی نیشتمانی.