سەرەتای کۆتایی شەڕ؛ چارەنووسی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا یەکلا دەکرێتەوە

١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٠ پاش نیوەڕۆ

سەرەتای کۆتایی شەڕ؛ چارەنووسی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا یەکلا دەکرێتەوە

پەنجەرە

پەرلەمانی تورکیا کەوتووەتە سەروبەندی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی رەشنووسی یاسایەکی بێپێشینە کە راستەوخۆ پەیوەستە بە چارەنووسی سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کەجەکە. ئەم یاسایە کە بە ناونیشانی "یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکخستنی کۆمەڵایەتی" ئامادەکراوە، لە بنەڕەتدا وەک چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ لێبووردنێکی مەرجدار سەیر دەکرێت کە پاش سازان و رێککەوتنی نێوان دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجالان هاتووەتە ئاراوە.

رەشنووسەکە بە واژۆی ٣٦٠ پەرلەمانتار پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە، کە بەپێی ماددەی ٨٧ی دەستووری تورکیا ئەمە دەقاودەق ئەو ژمارە زۆرینەیەیە کە پێویستە بۆ ڕاگەیاندنی هەر جۆرە لێبووردنێکی گشتی یان تایبەت. 
چاوەڕوان دەکرێت بەر لە دەستپێکردنی پشووی ساڵانەی پەرلەمان – کە ئەمجارەیان وادەکەی دواخراوە – یاساکە پەسەند بکرێت. 
ڕەنگە دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە بایەخێکی سیمبولی تایبەتیان بە مانگی ئاب دابێت، چونکە پەکەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤دا یەکەم فیشەکی شەڕی چەکداری دژی دەوڵەت تەقاند، ئێستاش لە هەمان مانگدا کار بۆ تۆمارکردنی سەرەتای کۆتاییهاتنی ئەو بزووتنەوە چەکدارییە دەکرێت.

کاتی بوون و مەودای جوگرافیی یاساکە

دیارە ئەم یاسایە تەنیا بۆ پەکەکە/کەجەکەیە و تەمەنێکی دیاریکراوی دەبێت؛ بە جۆرێک ئەو ئەندامانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، دەتوانن تەنیا لە ماوەی شەش مانگدا کەڵکی لێ وەربگرن. ئامانجی ئەم هەنگاوە تەنیا کۆکردنەوەی چەک نەکراوەتە ئامانج، بەڵکو یەکلاکردنەوەی چارەنووسی هەزاران ئەندام و لایەنگری پەکەکەیە کە لە لە کیشوەری ئەورووپا، کەمپی مەخموور، هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان/سووریا و لە ناو زیندانەکانی تورکیادا دەژین.

بەڵام جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بە مەرجێکی قورسەوە بەستراوەتەوە؛ بەپێی زانیارییەکان، پێویستە سەرەتا پەکەکە/کەجەکە بە کردەیی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و دواتریش سەرجەم ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لەبەردەستیدان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیداریان بکانەوە.

کێشەی جیاوازی تێگەیشتن لە چەمکی "هەڵوەشاندنەوە"

لێرەدا جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان روانگەی پەکەکە و ناوەندەکانی بڕیار لە تورکیا سەبارەت بە چەمکی "هەڵوەشاندنەوە" لە ئارادایە:
بۆ لایەنی پەکەکە، هەڵوەشاندنەوە زیاتر بە مانای گۆڕینی فۆڕمی خەبات دێت بۆ فۆڕمێکی دیکە؛ وەک گواستنەوەی تەواوی رێکخستن و تواناکانی بۆ ناو پارتێکی سیاسی-یاسایی فەرمی لە ناوخۆی تورکیادا. 
ئەم تێگەیشتنەش بەرهەمی پڕۆسەیەک بوو کە دوای بانگەوازەکەی ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتی ساڵی رابردوو دەستی پێکرد، پەکەکە لە ماوەی نێوان ٥ تاوەکو ٧ی ئایاری هەمان ساڵدا، لە کۆنگرەی ١٢ی خۆیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی دا. زیاتر لە دوو مانگ دواتریش، لە هەنگاوێکی سیمبۆلیدا بۆ پشتیوانی لە بانگەوازەکەی ئۆجالان، ژمارەیەک لە چەکەکانی خۆی سووتاند و لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا هێزەکانی بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کشاندەوە، کە پێدەچێت ژمارەیەکی زۆر نەبووبن.

بەرامبەر بەمە، ڕوانگەی تورکیا بۆ "هەڵوەشاندنەوەی کردەیی" گەلێک جیاوازتر و توندترە. ئەنقەرە هەڵوەشاندنەوە بە بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی زنجیرەی فەرماندەیی و بڕیاری حیزبی، پچڕاندنی پەیوەندیی ئۆرگانیی نێوان دامەزراوە و ئەندامەکان، کشانەوەی جوگرافیی زیاتری ئەو ئەندامانەی کە یاساکە نایانگرێتەوە، و هەروەها لەناوبردنی تەواوی توانستی شەڕکردن، راگەیاندن و دارایی ئەژمار دەکات؛ کە تێیاندا هەم چەک و هەم جوگرافیا و شوێنی مانەوە رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.

ڕەهەندەکانی گەڕانەوە لە ئەورووپا و ناوچەکە

لە چوارچێوەی ئەم رەشنووسەدا، سەرەتا باس لە گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە لە ئەورووپا دەکرێت. رەمزی کارتـال، کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی رێکخراوەکە، رایگەیاندووە ئەگەر ئۆجالان داوابکات، ئەوان دێنەوە. بەڵام گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە لە ئەورووپا گەڕانەوەیەکی ئاسایی تاکەکەسی نییە؛ بەڵکو کێشانەوە و گواستنەوەی سەرچاوەیەکی بێئەندازە گرنگی دارایی، مرۆیی و راگەیاندنی ئەو رێکخراوەیە لە دەرەوە بۆ ناوچەکە و بۆ ناو چوارچێوەی هەر پارتێکی گریمانەیی یاسایی لەناو تورکیادا.

هاوکات، گەڕانەوەی دانیشتووانی کەمپی مەخموور و نزیکەی ١٥٠٠ تاوەکو ٢٠٠٠ ئەندامی چەکداری ئەو رێکخراوە—کە زۆربەیان لە چیاکانی هەرێمی کوردستان و بەشێکیشیان لە رۆژئاوای کوردستاندان—توانای مرۆیی رێکخراوەکە وەک هێزێکی شەڕکەر تا ئاستێکی زۆر دادەبەزێنێت. 
ئەگەر ئەم پرۆسەیە هاوکات بێت لەگەڵ رادەستکردنی چەک و تەقەمەنییەکان، ئەوا ئەو گرووپەی کە یاساکە نایانگرێتەوە، تا رادەیەکی زۆر توانای دەستپێکردنەوەی شەڕ لەدەست دەدەن، تەنانەت ئەگەر لە سازانەکەش پەشیمان ببنەوە.
 ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوران کالکان، سەرکردەی دیاری پەکەکە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان بە هیچ جۆرێک جارێکی دیکە بیر لە بژاردەی شەڕ ناکەنەوە.

پێگەی ئۆجالان و هەڵاوێردکراوەکانی یاساکە

هەرچەندە عەبدوڵڵا ئۆجالان لایەنێکی سەرەکی و بزوێنەری ئەم سازانەیە، بەڵام رەنگە یاساکە بە فەرمی و ئۆتۆماتیکی خودی ئۆجالان نەگرێتەوە. بەپێی رەشنووسەکە - کە هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە - بێجگە لە ئۆجالان، یاساکە ژمارەیەک کادیر و بەرپرسی باڵای رێکخراوەکەش ناگرێتەوە کە بەر لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە. بەپێی مەزەندە سەرەتاییەکان، ژمارەی ئەوانەی یاساکە نایانگرێتەوە لە نێوان ٢٥٠ تا ٥٠٠ کەس دەبن.

یاساکە زیاتر لە "لێبوردنێکی بێدەنگی مەرجدار" دەچێت؛ چونکە لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی تاواننامەی هەندێک رەفتاری پێشوو کار دەکات. بۆ نموونە: ئەندامبوون لە پەکەکە کە پێشتر لە بەندەکانی سزاداندا تاوان بوو، بەڵام لەگەڵ نەمان و هەڵوەشانەوەی ڕێکخراوەکەدا ئەو تاوانە و سزاکەشی دەسڕێتەوە. بەڵام بۆ ئەوانەی سزای بڕاوەی دادگایان لەسەرە دۆخەکە جیاوازترە؛ بە جۆرێک کە دەشێ دوای ٢ تا ٣ ساڵ لە جێبەجێکردنی، بوار بۆ هەندێکیان بڕەخسێت تا بەشداری لە سیاسەتدا بکەن.

پێگەی ئۆجالان بۆ هەردوو لا هاوکێشەیەکی سەنگینە: پەکەکە وەک دەرفەتێک تەماشای دەکات تا لە رێگەیەوە دەرگایەک بۆ خەباتی مەدەنی و سیاسی لە ناو تورکیادا بکاتەوە؛ حکومەتی تورکیاش لەبەر رای گشتیی ناوخۆ، دەیەوێت خۆی لەوە بەدوور بگرێت کە راستەوخۆ رۆڵێکی ئاشکرا بەرامبەر رای گشتی بداتە ئۆجالان، بەڵام باش ئاگاداری ئەوەیە کە بەبێ ئۆجالان پرۆسەکە سەرناگرێت و پێویستە ناوبراو خاوەنی دەسەڵات و سەنگێکی ڕێکخستنی-سیاسی بێت بەسەر جەماوەرەکەیەوە.

کشانەوەی جوگرافی و داهاتووی ناوچەکە

لە سیناریۆیەکدا کە یاساکە بە فەرمی دەربچێت و جێبەجێ بکرێت، بە ئەگەری زۆر تورکیا داوای کشانەوەی یەکجارەکی ئەندامانی پەکەکە لە چیای گارا، خنێرە و لانیکەم بەشێک لە قەندیل دەکات. لە بەرامبەردا، بۆ دەوڵەتی تورکیا کێشەیەکی ئەوتۆ نابێت ئەگەر ئەو بەشەی پەکەکە کە یاساکە نایانگرێتەوە، لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە سنوورێکی چڕی وەک چیای ئاسۆس تا پێنجوێن بمێننەوە؛ چونکە ئەم ناوچەیە سەرووی ٤٠٠ کیلومەتر بە پێ لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە و ئەم دوورییە جوگرافییەش کاری هەر گرووپێکی چەکدار بۆ دەستپێکردنەوەی هێرش و شەڕ لەگەڵ تورکیادا نزیک بە مەحاڵ دەکاتەوە.

دروستبوونی "دوو پەکەکە" و وەرچەرخانی مێژوویی

بە ئەگەری زۆر، یاساکە جۆرێک لە ریزبەندی و دابەشکاری ڕوون لە نێوان ئەندامانی پەکەکەدا دروست دەکات، بەمەش عەمەلییەن دوو "پەکەکە" بەرهەم دەهێنێت:
١. پەکەکەی یەکەم: ئەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە، دەگەڕێنەوە و بە تەواوی دەستبەرداری شەڕ دەبن و تێکەڵی خەباتی مەدەنی دەبن.
٢. پەکەکەی دووەم: ئەوانەی یاساکە نایانگرێتەوە و چاوەڕێی قۆناغێکی دیکەی ڕێککەوتن یان یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان دەکەن.
دەوڵەتی تورکیا سەرپێی لەو بڕوایەدایە کە بە جێبەجێکردنی یاساکە، تەنانەت ئەگەر ئەم گرووپەی دووەم لە سازانەکەش پەشیمان ببنەوە، چیتر توانا و زەمینەی ئەوەیان نامێنێتەوە بە ئاسانی بەرەی شەڕ بکەنەوە.

لەکۆتاییدا، زۆر لە پارتە سیاسییەکانی تورکیا وەک هەوڵێک بۆ "کۆتاییهێنان بە تیرۆر" سەیری ئەم پرسە دەکەن، لە بەرامبەردا پەکەکەش بە چاوی گۆڕینی خەباتی چەکداری بۆ بەشدارییەکی سیاسی-یاسایی دەستکەوتدار لێی دەڕوانێت. 
روانگەی لایەنەکان هەرچۆنێک بێت، ئەگەر ئەم پرۆسەی چەکدانان و گەڕانەوەیە سەرکەوتوو بێت، دەبێتە وەرچەرخانێکی جۆری و مێژوویی لە بزاڤی سیاسیی کوردی لە تورکیا و تەواوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
ئەم پرۆسەیەی ئێستا، دەرئەنجامی قۆناخێکی درێژخایەنە کە لە ساڵی ١٩٩٩دا بە دەستگیرکردنی ئۆجالان و گواستنەوەی جوگرافیای شەڕ بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا دەستی پێکرد. بەڵام دوای ئەوەی نە پەکەکە توانی لە رێگەی شەڕەوە بگاتە ئامانجە سەربازی و سیاسییە سەرەتاییەکانی خۆی و نە تورکیاش توانی بە تەواوی ئەو رێکخراوە لەناو ببات، ئێستا و دوای شکستهێنانی ڕێککەوتنی دۆڵمەباخچە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥، ئەمەی ئێستا جدیترین قۆناغی دانوستاندنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە بۆ بێچەککردنی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕێک کە نزیکەی چوار دەیەی خایاندووە.

سود لە بابەتێکی زریان رۆژهەڵاتی لە رووداو وەرگیراوە


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو