وانەکانی سەرکەوتنی عەبدول؛ ئایا ئیسرائیل فەرمانڕەوایی ئەمریکا دەکات؟
١٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٣ پاش نیوەڕۆ
ڕیاز محەمەد*
گرنگترین وانە لە سەرکەوتنی پزیشکە بە ڕەچەڵەک میسرییەکە لە بەدەستهێنانی کاندیدبوونی پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پیران لە ویلایەتی میشیگان، ئەوەیە کە ئیسرائیل و لۆبییە بەهێزەکەی (ئەیپاک - AIPAC) وەک ئەوەی لای عەرەب باوە، فەرمانڕەوایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناکەن.
بۆ ئەوەی ببیتە کاندیدی یەکێک لە دوو پارتە سەرەکییەکە بۆ هەر پۆستێکی هەڵبژێردراو، دەبێت ئەندامی پارتەکە بیت و خۆت کاندید بکەیت، هەروەها مەرجە یاساییەکانی کاندیدبوونیشت بەپێی دەستووری ئەمریکا و دەستووری ویلایەتەکە تێدا بێت و لە کۆتاییدا دەبێت لەلایەن دەنگدەرانی پارتەکەوە لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا هەڵبژێردرێیت.
ئیسرائیل و "ئەیپاک" دەتوانن دژایەتی کاندیدبوونت بکەن، بەڵام ناتوانن ڕێگریت لێ بکەن. دەتوانن ملیۆنان دۆلار دژی هەڵمەتەکەت یان بۆ بەرژەوەندی ڕکابەرەکانت خەرج بکەن، بەڵام ناتوانن بڕیار بدەن کێ دەبێتە براوەی کاندیدبوونەکە، چونکە تەنها دەنگدەرانی پارتەکە ئەو بڕیارە دەدەن.
لە کەیسەکەی "عەبدول"ـدا، دامەزراوەی دەسەڵاتداری دیموکراتەکان و ئەیپاک و خاوەن بەرژەوەندییەکان نزیکەی 65 ملیۆن دۆلاریان دژی هەڵمەتەکەی خەرج کرد، کە تەنها 30 ملیۆن دۆلاری لەلایەن "ئەیپاک"ـەوە بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەرکەوت!
ئەمە یەکەمجار نییە لۆبی ئیسرائیلی تووشی شکست دەبێت؛ ئاشکرایە کە سەرکەوتنی ئۆباما لە هەردوو خولەکەیدا بەپێچەوانەی ویستی ئەیپاک بوو.
یەکێکی تر لە وانەکان، گەشەسەندنی ڕەوتی "سۆشیال دیموکراتەکانە" لەناو پارتی دیموکراتدا، کە دیارترین نوێنەرەکانیان بریتین لە بێرنی ساندەرز (ئەندامی ئەنجومەنی پیران)، ئەلیکساندرا ئۆکازیۆ کۆرتێز (ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران) و زوهران مەمدانی لە نیویۆرک.
ئەم ڕەوتە گوزارشت لە توڕەیی نزیکەی چارەکی ئەمریکییەکان و ڕەنگە نیوەی دیموکراتەکان دەکات بەرامبەر بە دامەزراوەی دەسەڵاتداری پارتەکەیان. ئەوان ئەم دامەزراوەیە بە بەرپرسیار دەزانن لە دووجار سەرکەوتنی ترەمپ، هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە پشتگیریی بێ مەرج و بێ سنووری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەکەن.
بەڵام ئەم ڕەوتە ئەگەرچی لە ویلایەت و شارە "شینەکاندا" (کە لایەنگری دیموکراتەکانن) وەک نیویۆرک سەرکەوتوو بێت، بەڵام لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکاندا وەک میشیگان، جۆرێکە لە سەرکێشی.
کێشەی دیموکراتەکان ئەوەیە کە تا بینەقاقایان لەناو نیویۆرکدا نوقم بوون و بە ئەقڵییەتی نیویۆرک بیر دەکەنەوە، لە کاتێکدا مەزاجی زۆربەی ئەمریکییەکان زۆر لە نیویۆرکەوە دوورە.
بۆیە لە کاتێکدا سەرکەوتنی عەبدول لێدانێکی بەهێزە بۆ لۆبی ئیسرائیلی، بەڵام لە هەمان کاتدا چانسی دیموکراتەکان بۆ بردنەوەی کورسییەکەی ئەنجومەنی پیران کەمدەکاتەوە - هەرچەندە پێموانییە لە بنەڕەتدا هیچ چانسێکیان بۆ بردنەوەی هەبێت!
* ریاز محەمەد، رۆژنامەنووسێکی عێراقی نیشتەجێی ئەمەریکایە. پێشتر پەیامنێری ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بووە لە عێراق و لەئێستادا شرۆڤەی بابەتەکانی پەیوەست بە عێراق دەکات بۆ دامەزراوە جیهانییەکان.