لە دەمانچەی ژێر چاکەی شەرعەوە بۆ ئاڵوگۆڕیی ژمارەی واتسئەپ: چیرۆکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و سوریا

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٠٣ پاش نیوەڕۆ

 لە دەمانچەی ژێر چاکەی شەرعەوە بۆ ئاڵوگۆڕیی ژمارەی واتسئەپ: چیرۆکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و سوریا

پەنجەرە

یەکەم جار نییە واشنتۆن هەوڵی لێکنزیککردنەوەی بەغدا و دیمەشق دەدات، پێشتریش لە ساڵی 2007دا هەوڵێکی لەو شێوەیەی دابوو.
پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەردوو وڵات، کە لەژێر گوشاری ئەمەریکادا دروستبووە، خەریکە لە قۆناغی ئاڵۆزیی و بێمتمانەییەوە تێدەپەڕێت بۆ قۆناغی ڕێککەوتن و ئاڵوگۆڕیی بەرژەوەندییەکان. 

ئەم پێشهاتانەش لە سایەی تەنگژەکانی ناوچەکە و قەیرانی گەرووی هورمزدا ڕوودەدەن، کە وایکردووە سوریا ببێتە دەروازە و هاوبەشێکی ستراتیژی و گرنگ بۆ عێراق.

لە کانوونی دووەمی 2025دا، تەنها دوای چەند هەفتەیەک لە وەرگرتنی دەسەڵات لە دیمەشق، کاتێک ئەحمەد ئەلشەرع (سەرۆکی سوریا) پێشوازیی لە شاندێکی ئەمنیی عێراق کرد،  بێمتمانەیی نێوانیان لەئاستێکدابوو شەرع دەمانچەی لەژێر چاکەتەکەی هەڵگرتبوو. 
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵ و نیوێک بەسەر ئەو کۆبوونەوەیەدا، پەیوەندیی نێوان بەغدا و دیمەشق لە چەندین بواری جیاوازدا گەشەی کردووە، لەوانەش زەمینەسازیی کرداری بۆ دووبارە خستنەگەڕی هێڵی نەوتی کەرکووک-بانیاس.

ڕۆژنامەی “ زە ناشناڵ” لە زاری بەرپرسێکی سورییەوە گواستوویەتیەوە: "هەموو لایەنەکان، لە عێراقەوە تا ئیسرائیل، خوازیاری ئەوەن سوریا ببێتە ناوچەیەکی ئارام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا." 
ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەوڵەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و هۆکارێک بۆ لاوازبوونی هاوپەیمانەکانی لە بەغدا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە دوای داگیرکارییەکەی ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێنەوە، ئەمە دووەم جارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕێڕەوەکانی گواستنەوە و بازرگانی لە عێراق و سوریا بەلای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا ئاراستە بکاتەوە. 
لە ساڵی 2007دا و لە کاتی پرۆسەی "بەهێزکردنی هێزەکان" لە عێراق، جەنەراڵ دەیڤد پێترایۆس، فەرماندەی ئەوکاتی هێزەکانی ئەمریکا، گوشاری کرد بۆ ئەوەی کەلوپەلە سەرەکییەکان لە ڕێگەی بەندەرەکانی سوریاوە هاوردەی عێراق بکرێن، بەمەش ڕۆڵێکی بە دیمەشق بەخشی بۆ سەقامگیرکردنی بارودۆخی عێراق.

بەڵام ئەو پلانە بەردەوام نەبوو، لەگەڵ دەستپێکردنی پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ئەو ساڵەدا، بەرەبەرە کاڵ بووەوە. هاوکات پەرەسەندنی گەندەڵی لە بەندەرەکانی سوریادا بووە هۆی ئەوەی پڕۆژەکە بەتەواوی شکست بهێنێت.

بەرپرسە سوریەکە ئەوەشی ڕوونکردەوە کە واشنتۆن ئێستا "لە بەرزترین ئاستی سیاسی و دیپلۆماسیدا کار بۆ سەرکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا دەکات." 
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە تۆم باراک (نێردەی ئەمریکا) ڕۆڵی نێوەنگیریی لە ڕێککەوتنی هێڵی بۆری نەوتەکەدا گێڕاوە، بە بەشداری کۆمپانیای "شیڤرۆن" و دوو برای بازرگان بە ناوەکانی (موئتەز و ڕامز خەییات) کە ڕەگەزنامەی سوری-قەتەرییان هەیە و پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ واشنتۆندا هەیە.

بەپێی وتەی هەمان بەرپرس، واشنتۆن دەیەوێت لە ڕێگەی دیمەشقەوە "ئابڕووی خۆی بەدەست بهێنێتەوە" لە سایەی ئەو چەقبەستووییەی لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ئێراندا دروست بووە. 
لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە حکومەتی عێراق ڕێککەوتنی هەرێمیی گەورە بە نێوەنگیریی ئەمریکا ئیمزا دەکات، بێ ئەوەی هەوڵ بدات پشتیوانیی فراوانی ئەو میلیشیایانە بەدەستبهێنێت کە لایەنگری ئێرانن و دەسەڵاتێکی بەرچاویان لە ناو سیستمی سیاسیی عێراقدا هەیە.

ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەغدا ناتوانێت بەردەوامی بە پڕۆژەی هێڵی بۆرییەکە بدات بێ ڕەزامەندیی ئێران، و گوتیشی: "ئەمە ڕێکخستنێکی هەمیشەیی نییە.. بەڵام هێڵی بۆری نەوتی (کەرکووک-بانیاس) بابەتێکی جیاوازە و بە شێوەیەکی ستراتیژی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئێران دەبێت."

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەش کردووە کە ئێران پێشتر ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنێک داوە بۆ گواستنەوەی سوتەمەنی بە ڕێگەی وشکانی لە ڕێگەی خاکی سوریاوە، تاوەکو لانی کەم دراوی قورس (دۆلار) بۆ عێراق بهێڵێتەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی بەپاڵپشتی ئێران هێشتا دژایەتی دەسەڵاتە نوێیەکەی سوریا دەکەن.

لە زاری پەرلەمانتارێکی عێراقییەوە کە نزیکە لەیەکێک لەو میلیشیایانەی پێشتر لە ناو سوریادا شەڕیان کردووە گواستراوەتەوە: "ناتوانرێت متمانە بەم ڕژێمەی ئێستای سوریا بکرێت." 
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە سەرپەرشتیکردنی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان فاکتەرێکی دیکەی دروستبوونی بێمتمانەییە، بەتایبەت لەگەڵ زیاتر بوونی گوتاری دژە عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سوریادا.

بەپێچەوانەی ئەم گرژییانەوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری عێراق-سوریا هێور بوونەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر ترسی جددی لە دەستدرێژی و بەزاندنی سنوورەکان هەبوو.
 لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناوچەکە ئاشکرایکردووە کە فەرماندەکانی هەردوولا "ژمارەی واتسئاپ لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ دەکەن" بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەر تێنەگەیشتنێک بگرن سەبارەت بە جووڵەی هێزەکانیان لەسەر سنوور. 

ڕوونیشیکردەوە کە هاوکاریی نێوانیان بەردەوام لە زیاتربووندایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و دەستبەسەرداگرتنی بارە مادە هۆشبەرەکاندا (بەتایبەت کریستاڵ)، لە کاتێکدا ئەو فەرماندە سەربازییە سورییانەی سەر بە "دەستەی تەحریری شام" بوون، لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق دوورخراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "هەردوو لایەن لەڕادەبەدەر ئایدۆلۆژین، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆریش واقعبینن، ئەگەرچی بە ڕێژەی 1%یش متمانەیان بەیەکتر نییە." هەروەها جەختی کردەوە کە پێشکەوتنی هاوکارییەکان لەگەڵ سوریا لە شەڕی دژی داعش و تۆڕەکانی قاچاغچییەتی دەرمانە هۆشبەرەکاندا بەڕاستی "سەرسوڕهێنەر" بووە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو