نوێترین بەڵگەنامەی بەریتانی ئاشکرا دەبێت؛ کاتێک ٤ ملیۆن دۆلار ڕێگریی لە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی کرد
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:١٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
بەڵگەنامە دیپلۆماسییەکانی بەریتانیا کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەمە “ ئیندیپێندت” بڵاویکردووەتەوە، پەردە لەسەر وردەکاریی هەوڵە هاوبەشەکانی بەریتانیا و ئەمریکا لادەدەن بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٦دا.
بەڵگەنامەکان نیشانی دەدەن کە چۆن بەریتانیا لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا کردووە و هەوڵیداوە لە ڕێگەی وڵاتانی کەنداو و یەکێتیی ئەورووپاوە پارەی پێویست کۆبکاتەوە بۆ سەرخستنی ڕێککەوتنەکە.
هەروەها ڕوونیدەکەنەوە کە لەندەن زۆر نیشانەی مەترسیی لەبارەی هەرەسهێنانی ئاگربەستەکەوە بەدیکردووە، چونکە بڕوای وابوو تێکچوونی ئاسایش کارەساتی بۆ سەقامگیریی باکووری عێراق، داهاتووی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و هەوڵەکانی ڕاگرتنی هەژموونی ئێران دەبێت.
هەوڵ بۆ بەشدارکردنی یەکێتیی ئەورووپا
لە کۆتاییەکانی ئاداری ١٩٩٦دا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بروسکەیەکی ئاراستەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کرد. لەو بروسکەیەدا پێشنیاز کرابوو یەکێتییەکە لە چوارچێوەی "سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی هاوبەش"دا هەنگاوێکی کرداری بنێت، تا ڕاستەوخۆ بەشدار بێت لە سەرخستنی دەستپێشخەرییە ئەمریکییەکەی تایبەت بە ئاشتیی نێوان پارتی و یەکێتی.
حکوومەتی بەریتانیا لە بەڵگەنامەکاندا نیشانی داوە کە بە قوورسی نێگەران بووە لە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان دوو حیزبە سەرەکییەکەی باکووری عێراق و ئەوەی بە زیان بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەورووپا داناوە.
بەپێی بەڵگەنامەکە، ئەمریکا هەنگاوی باشی نابوو بۆ نزیککردنەوەی تێڕوانینی هەردوو لایەن، بەڵام هێشتا نەیتوانیبوو ڕێککەوتنی کۆتایی ئاشتی مۆر بکات. لێرەوە لەندەن پێی وابوو دەستوەردانێکی ڕێکخراوی ئەورووپی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا و لە هەمان کاتدا پێگەی ئەورووپا لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات.
ململانێی چەکداریی نێوان هەردوو حیزب لە ساڵی ١٩٩٣دا تەقیبووەوە و لە کۆتاییەکانی ١٩٩٤دا گەیشتبووە لووتکە؛ کاتێک یەکێتی کۆنتڕۆڵی شاری هەولێری کرد و پارتیش کۆنتڕۆڵی داهاتی گومرگی دەروازەی ئیبراھیم خەلیلی لەدەستدابوو. ئەم دۆخە ببووە هۆی پەککەوتنی پەرلەمان و ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ئەگەرچی نێوەندگیریی ئەمریکا لە ئابی ١٩٩٥دا توانیبووی ئاگربەست بەسەر هەردوو لایەنەکەدا بسەپێنێت و ڕێگە لە بەریەککەوتنی شەڕی بەردەوام بگرێت، بەڵام کۆبوونەوەکان بە سەرۆکایەتی واشنتن (کە بەریتانیا وەک چاودێر لە یەکێکیاندا بەشدار بوو) و پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان، هەردوو حیزبەکەی زۆر نزیک کردبووەوە لە پلانی کۆتایی.
پلانەکە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە کۆمیتەیەکی بێلایەن لە لایەن "کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی" (INC) پێکبهێنرێت بۆ چاودێریکردنی ئاسایش و کاراکردنەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
ئاستەنگی دارایی: کێشەی سەرەکیی پرۆسەکە
ئاستەنگی سەرەکی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئاشتی لەو سەردەمەدا سیاسی نەبوو، بەڵکو دارایی بوو. ئەمریکا خەمڵاندبووی کە کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی پێویستی بە ٤ ملیۆن دۆلار هەیە بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی شەش مانگی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە (لەوانەش بودجەی هێزەکانی ئاسایش، چاودێران و ئیدارەی مەدەنی)، بەڵام واشنتۆن تا ئەو کاتە پارەکەی بۆ دابین نەکرابوو.
لەندەن بڕوای وابوو کە سەقامگیریی باکووری عێراق گرنگیی ڕاستەوخۆی بۆ یەکێتیی ئەورووپا هەیە، چونکە ڕەوەندێکی زۆری ناوچەکە لە ئەورووپا دەژیان و پەیوەندیی مێژوویی و سیاسییان هەبوو.
هەروەها بەریتانیا هۆشداریی دابوو کە دەستپێکردنەوەی شەڕ دەبێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی پەنابەران و دەرفەت دەداتە ئێران و ڕژێمی عێراق کە هەژموونی خۆیان زۆرتر بکەن.
لەبەر ئەمە، بەریتانیا هانی ئەورووپای دا کە چەقبەستوویی ئاشتی بشکێنێت بە پێشکەشکردنی پشتیوانیی دارایی و شارەزایی تەکنیکی، تاوەکو ڕۆڵی سیاسییان بەهێز بێت و بەخشەرەکانی دیکەش (بەتایبەت وڵاتانی کەنداو) ڕابکێشن بۆ هاوکاریکردن.
بەپێی بەڵگەنامەکان، لەندەن نەیپێکاوە پارەی ئەورووپی تەنها وەک هاوکاری بۆ ئەمریکا سەیر بکرێت، بەڵکو دوو مەرجی سەرەکیی دانابوو:
١. واشنتۆن بتوانێت خۆی یان لە ڕێگەی وڵاتانی کەنداو و دوو حیزبە کوردیەکەوە بڕە پارەیەکی هاوشێوە دابین بکات.
٢. ڕۆڵێکی سیاسیی ڕەسمی بە یەکێتیی ئەورووپا بدرێت لە پرۆسەی ئاشتیدا.
حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاندبوو کە ئامادەیە تا ٢ ملیۆن دۆلار (نیوەی تێچووی قۆناغی یەکەم) لەلایەن خۆیەوە وەک پشکی بەریتانیا لە هاوکارییە ئەورووپییەکان دابین بکات.
ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا پێشنیازەکەی پەسەند بکردبا، سەرۆکی خولیی یەکێتییەکە نوێنەرایەتی دەکرد، بەڵام لەندەن داوای دەکرد نوێنەرایەتییەکی نیشتمانیی سەربەخۆشی لە دانوستانەکاندا هەبێت، بەپشت بەستن بە ڕۆڵیی لە کۆبوونەوەکانی پێشوو و بەشدارییە سەربازییەکەی لە پرۆسەی "دابینکردنی ئارامی" (Operation Provide Comfort) کە لە نیسانی ١٩٩١دا بۆ پاراستنی پەنابەرە کوردەکان دوای جەنگی کەنداو دەستی پێکردبوو.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوای لە باڵیۆزخانەکەی لە واشنتن کردبوو لە ڕێگەی راوێژی ناڕەسمییەوە ئەم بیرۆکانە بە بەرپرسانی ئەمریکی بڵێن و لە پاریسیش هەڵوێستی فەڕەنسا هەڵبهێنجێنن ئەگەر ئەمریکا بەم بیرۆکەیە ڕازی بوو.
ئاگربەستێکی لەرزۆک و مەترسییەکانی بەهار
سەرەڕای ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی هێڵەکانی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریی دابوو کە ئاگربەستەکە زۆر ناسکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهاردا مەترسیی تێکچوونی لەسەرە.
سەرهەڵدانەوەی شەڕ بە زیانی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا دادەنرا چونکە هاوکارییە مرۆییەکانی ڕادەگرت، سەقامگیریی تێکدەدا و دەرفەتی بە ڕژێمی بەغدا دەدا سوود لە ناکۆکیی کورد وەربگرێت.
لە کاتێکدا ئەمریکا ڕێککەوتنی ئولیهی ئەنجامدابوو، بەڵام ئامادە نەبوو بڕی ٤ ملیۆن دۆلاری شەش مانگی یەکەم بگرێتە ئەستۆ، هەوڵە هاوبەشەکانی لەندەن و واشنتنیش بۆ ڕازی کردنی وڵاتانی کەنداو شکستیان هێنابوو. سەرەڕای ئەوەی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی ئەرکی سەرەکی جێبەجێکردنی بەردەکەوت، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی دارایی نەبوو.
لەندەن پێی وابوو راگەیاندنی هاوکاریی ئەورووپی دەبێتە هاندەر بۆ ئەمریکا، کەنداو و حیزبە کوردییەکان تا پارەی مابووەوە کۆبکەنەوە. ئەگەرچی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕوونی کردبووەوە کە ئاستەنگی یاسایی لە بودجەی ئەو کاتەیاندا هەیە، بەڵام ئاماژەیان بەوەش کردبوو کە بە ئیرادەی سیاسی چارەسەر دەبێت و داوایان لە بەریتانیا کردبوو ڕوون کردنەوەیەکی یاسایی و سیاسیی بۆ بنێرن.
لە دیدی بەریتانیاوە، بەکارهێنانی بودجەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی هاوبەشی ئەورووپا باشترین ڕێگە بوو چونکە بڕیارەکەی لە دەستی حکوومەتەکان دەهێشتەوە و دەرفەتی ڕابەرایەتیی بە بەریتانیا دەدا. جەختیشیان دەکردەوە کە پێویستە ئەورووپا ڕۆڵی سیاسیی هەبێت لە دانوستانەکاندا و پشتیوانیی دارایی ئەمریکاش زامن بکرێت.
هەوڵە ناکامەکان لە وڵاتانی کەنداو
لە ١٤ی شوباتی ١٩٩٦دا، بەریتانیا بروسکەیەکی بەپەلی بۆ باڵیۆزخانەکانی لە ڕیاز، کوێت و ئەبو زەبی نارد (لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی واشنتن، پاریس، ئەنقەرە، دیمەشق، تاران و نیویۆرک) بە ئامانجی کۆکردنەوەی هاوکاری لە وڵاتانی کەنداو.
واشنتن داوای لە لەندەن کردبوو هاوکار بێت لە کۆکردنەوەی ٤.٥ ملیۆن دۆلار بۆ شەش مانگی یەکەمی ڕێککەوتنەکە کە بۆ دامەزراندنی کۆمیتەیەکی بێلایەن تەرخان دەکرا.
بەپێی بەڵگەنامەکە، زیاتر لە دوو مانگ بەسەر سەردانی دەیڤید دۆیتش (David Welch) - نێوەندگیری ئەمریکی - تێپەڕیبوو. پارتی ڕەزامەندی لەسەر ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە دەربڕیبوو و یەکێتیش تەنها چەند تێبینییەکی لەسەر داڕشتنی بڕگەکان هەبوو کە بە ئاستەنگ نەدەبینران.
لەندەن نێگەڕان بوو کە نەبوونی پێشکەوتن لەو ماوەیەدا ببێتە هۆی هەرەسهێنانی ئاگربەستەکە.
بەریتانیا داوای لە باڵیۆزەکانی کردبوو بە وڵاتانی کەنداو بڵێن کە دوو حیزبە کوردییەکە نزیکن لە ڕێککەوتن و کێشەکە تەنها دابینکردنی پارەیە؛ وە هەر دواکەوتنێک شەڕ هەڵدەگیرسێنێتەوە کە ئەمەش ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لاواز دەکات و لە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوەی سەدام حوسێن، دەیانخاتەوە ناو شەڕی ناوخۆیی و حکوومەتی عێراق و ئێران لێی سودمەند دەبن.
لە بروسکەکەدا ڕوون کرابووەوە کە ئەگەر پرسیار لەسەر بەشداریی بەریتانیا کرا، با بگوترێت کە ئەمریکا داوای پارەی لە لەندەن نەکردووە، چونکە بەریتانیا خۆی خەرجیی پڕۆژەی مرۆیی لە ناوچەکە دەدات و ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیۆن پاوەند لە پرۆسەی "دابینکردنی ئارامی"دا خەرج دەکات.
تێبینییەکی ناوخۆیی بە ناونیشانی "عێراق: پارەدارکردنی ڕێککەوتنی نێوان کوردانی عێراق بە سەرپەرشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان" ئاشکرای دەکات کە دوای ئەوەی وڵاتانی کەنداو وەڵامی ئەرێنییان نەدایەوە، بەریتانیا ڕووی تێبینییەکانی کردە یەکێتیی ئەورووپا.
شەڕی ناوخۆ لە کۆتایی ١٩٩٤دا بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی داهاتی ڕسووماتی گومرگیی تانکەرەکانی نەوت و کۆنتڕۆڵکردنی هەولێر لەلایەن یەکێتییەوە گەیشتبووە شەڕی کراوە.
بەریتانیا بە توندی باسی لەوە دەکرد کە ئەم پارەیە بۆ هاوکاری سەربازیی هیچ لایەک نییە، بەڵکو تەنها بۆ خەرجیی کۆمیتەی ئاسایشی بێلایەنی ئەندامانی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقییە (INC).
دوای نائومێدی لە کەنداو، لەندەن هەوڵی دا بەشدارییەکی ئەورووپی لە نێوان ٥٠٠ هەزار تا ملیۆنێک دۆلار دابین بکات تا وەک پەیامێکی سیاسی بێت بۆ هاندانی کەنداو. بەڵگەنامەکە بە ناردنی ڕێنمایی بۆ نێردەی بەریتانیا لە بروکسل کۆتایی دێت تا بە نهێنی قسە لەگەڵ بەرپرسانی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بکات بۆ تەرخانکردنی بودجە، بەو مەرجەی بابەتەکە تا ڕەزامەندیی پلە باڵاکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە نهێنی بمێنێتەوە.
مەترسییەکان لەسەر بارزانی و تاڵەبانی
لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا، بروسکەیەکی دیپلۆماسیی بەپەلەی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە واشنتنەوە بۆ لەندەن ئاشکرای دەکات کە مەترسییەکان لە پرسی داراییەوە گوازراونەتەوە بۆ لەدەستدانی متمانە بە خودی دەستپێشخەرییە ئەمریکییەکە و داهاتووی پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد (بارزانی و تاڵەبانی).
بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەدات کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری دابوو نێردراوەکەی خۆی (دەیڤید دۆیتش، بەڕێوەبەری کاروباری کەنداوی باکوور) نەنێرێتەوە باکووری عێراق تاوەکو پرسی دارایی ڕوون نەبێتەوە. بەڵام دۆیتش دانینا بەوەدا کە ئەگەری سەردانەکەی لە مانگی داهاتوودا کراوەیە، تەنانەت ئەگەر کێشەی دارایی بە تەواویش یەکلا نەبووبێتەوە.