پرۆژەی “تورکیایەک بەبێ تێرۆر”لە تەرازووی پەرلەماندا؛ دەنگدانێک لە نێوان پشتگیریی جەهەپە و بێئومێدیی پەکەکەدا

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ

 پرۆژەی “تورکیایەک بەبێ تێرۆر”لە تەرازووی پەرلەماندا؛ دەنگدانێک لە نێوان پشتگیریی جەهەپە و بێئومێدیی پەکەکەدا

پەنجەرە

پەرلەمانی تورکیا لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، ڕەزامەندیی لەسەر پڕۆژەیاسای “بەهێزکردنی هاوپشتیی نەتەوەیی و ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی”دا، کە بە “یاسای چوارچێوەیی ئاشتی”ناسراوە. ئەم یاسایە هەنگاوە یاساییەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی “پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)”و هەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی دیاری دەکات.

لە دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەممەدا کە بۆ تاوتوێکردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە سازکرابوو، لە کۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار، ٢٦٩ پەرلەمانتار لە حیزبە جیاوازەکان دەنگی «بەڵێ»یان دا، لە بەرامبەردا ۲۸ پەرلەمانتار ڕەتیانکردەوە، پێش ئەوەی دەنگدان لەسەر ١٢ مادەکەی پڕۆژەکە بە جیا و مادە بە مادە دەست پێبکات.

دانیشتنەکە ڕاگرتنی جیاوازیی لە هەڵوێستی حیزبە تورکییەکاندا بەخۆوە بینی بەرامبەر ئەم پڕۆژەیاسایەی کە لە ١٨ی شوباتی ڕابردوودا لەلایەن “کۆمیتەی پەرلەمانی بۆ هاوپشتیی نەتەوەیی، برادەرایەتی و دیموکراسی” پێشنیار کرابوو. ئەمەش دوای گفتوگۆیەک هات کە ٨ مانگی خایاند سەبارەت بە بنەمای یاسایی “پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”، کە ئەنقەرە ناوی ناوە “پڕۆسەی تورکیایەکی بەبێ تێرۆر”و پشت بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکداماڵینی دەبەستێت.

لەکاتی دەستپێکردنی گفتوگۆکاندا، “پارتی کرێکارانی کوردستان” ڕەخنەی توندی لە پڕۆژەیاساکە گرت و بە «کەموکوڕی» وەسفی کرد؛ بەهۆی ئەوەی هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ کێشەی کورد و پشتگوێخستنی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی ئەو حیزبە لە تورکیا.

جێگری سەرۆکی پارتی “بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)”، فەتی یڵدز، دەستپێکردنی گفتوگۆی پڕۆژەیاساکەی لە پەرلەماندا بە «ڕۆژێکی مێژوویی» وەسفکرد.

دەوڵەت، سەرۆکی حیزبەکە، بەناوی “هاوپەیمانیی جەماوەر”ی دەسەڵاتدارەوە، دەستپێشخەریی «تورکیایەکی بەبێ تێرۆر»ی ڕاگەیاندبوو. لەسەر بنەمای ئەوەش ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتدا بانگەوازی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەژێر ناونیشانی: «پەیامێک بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» بڵاوکردەوە. باخچەلی یەکەم کەس بوو کە ئیمزای لەسەر پڕۆژەیاساکە کرد پێش ئەوەی پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.

ئۆزێل پشتیوانی دەکات... و ڕەخنەش لە حکومەت دەگرێت

ڕێبەری ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکی پارتی «جەهەپە»، ئۆزگوور ئۆزێل، لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند کە خۆی و هاوڕێکانی لە ئەنجومەنی ناوەندیی حیزبەکەدا پشتیوانی لە پڕۆژەیاساکە دەکەن، و سەرپشکبوونی دەنگدانیش بۆ پەرلەمانتارەکانی تر جێدەهێڵدرێت تا هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن. لەم نێوەندەدا ١٢ پەرلەمانتاری حیزبەکە ڕایانگەیاند کە دەنگ دژی پڕۆژەکە دەدەن.

ئۆزێل گوتی کێشەی کورد «تەنیا پرسی تێرۆر یان ئاسایش نییە، و بە دڵنیایییەوە تەنیا پرسی چەکدانانی ڕێکخراوێک نییە؛ بەڵکو پرسی هاووڵاتیبوونی یەکسان، سەروەریی یاسا، نوێنەرایەتیی دیموکراتیک، سیاسەتی ئازاد و پێکەوەژیانە... پرسی ئەوەیە کە هەر تاکێک هەست بکات هاووڵاتییەکی یەکسانە لەم وڵاتەدا؛ بە ناسنامە، زمان، فەرهەنگ و بڕوا تایبەتەکانی خۆیەوە».

ئۆزێل ڕەخنەی لە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و حکومەتەکەی گرت بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشەی کورددا و گوتی: «ئێمە هەرگیزاوهەرگیز لەسەر بنەمای خشتەی هەڵبژاردنەکان مامەڵەمان لەگەڵ ئەم کێشەیەدا نەکردووە، و بە گۆڕانی بارودۆخەکان قسە و هەڵوێستەکانمان نەگۆڕیوە. لەوانەش نەبووین کە کاتێک لە بەرژەوەندییان بێت بڵێن (چارەسەر)، و کاتێک لە بەرژەوەندییان نەبێت هەموو کوردان بە تێرۆریست بپێوین».

وتیشی : ئێمە گەورەترین مافمان هەیە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم یاسایە، بەهۆی ئەو هەڵمەتانەی دژمان دەکرێت، بەڵام ئێمە لەوانەش نین کە ئەم مافە بخەینە پێش مافی نەتەوە لە ئاشتیدا». جەختیشی کردەوە کە حیزبەکەی «وەک هەڵگری بڕشتی کۆمار؛ هێڵی سوری ڕوونی هەیە، کە بریتین لە: دامەزرێنەری کۆمار مستەفا کەمال ئەتاتورک، پەیماننامەی لۆزان، یەکپارچەیی خاکی وڵات، و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کۆمار کە دەستوور دەستەبەریان دەکات. ئەم بابەتانە شایەنی گفتوگۆ یان دانوستان نین و هەرگیز ڕێگە بەوە نادەین».

«یاسایەک» بۆ نیشتمان

لە وتارەکەیدا، هاوسەرۆکی پارتی «دەم پارتی»، تونجەر باکیرهان گوتی: «ئەگەر کوردەکان ویستبێتیان جیا ببنەوە، ئێمە لەم پەرلەمانەدا لەگەڵ هاوکارانمان کۆنەدەبووینەوە. ئێمە لێرەین چونکە نیشتمان هاوبەشە، و داهاتووش هاوبەشە».

ئەو قسەکانی ئاڕاستەی ئەو خێزانانە کرد کە ڕۆڵەکانیان لە ماوەی ململانێی چەکداریدا لەدەستداوە و گوتی: «گەورەترین ڕێز بۆ یادەوەریی ڕۆڵەکانتان ئەوەیە دەستەبەر بکرێت کە هیچ منداڵێکی تر نەکوژرێت یان زیانی پێنەگات».
 وتی کە «ئەم یاسایە ڕێککەوتنێکی ناوەندگیرانە نییە، و پەیوەندی بە بردنەوە یان دۆڕاندنەوە نییە. بە خوشک و برا تورکەکانم دەڵێم: ئێوە هیچتان نەدۆڕاندووە، چونکە ئەم پڕۆسەیە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ تورکیا دەهێنێت... ئێمە دەرگای گفتوگۆ سەبارەت بە یەکپارچەیی وڵات ناکەینەوە، چونکە کوردەکان نایانەوێت جیا ببنەوە».

باکیرهان بەردەوام بوو: «بە هەمان ڕوونییەوە قسە بۆ گەلی کورد دەکەم، و جەخت دەکەمەوە کە بابەتەکە پەیوەندی بە پاشەکشەی ناسنامەمانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بوونمانەوە هەیە لە بەرامبەر یاسادا. دەزانین نیگەرانیتان هەیە لەوەی جارێکی تر تووشی هەڵخەڵەتاندن ببینەوە،ئەمەش وەهم نییە، ئێمە بە تەواوی لێی تێدەگەین. بەڵام پێش هەموو شتێک، کورد گەلێکی ڕێکخراوە، نه کەس هەڵدەخەڵەتێنێت و نه هەڵدەخەڵەتێندرێت. تەنانەت ئەگەر هاوسەنگیی هێزەکانیش تێکبچێت، ڕێگەیەک هەیە بۆ ڕاستکردنەوەیان، و ئێوە ئەو ڕێگەیەن. دڵنیابن ئێمە بە هێزێکی زیاترەوە بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ مافە دیموکراتییەکانی گەلی کورد لە گۆڕەپانی سیاسی دا، بەڵام ئێستا، ئاگرێک هەیە کە هەموومان دەسوتێنێت، و دەبێت پێش هەموو شتێک بپکوژێنینەوە».

ڕەتکردنەوەی نەتەوەیی 

پارتی «ئیی پارتی»ی نەتەوەیی، کە پەرلەمانتارەکانی ملپێچیان بە شێوەی ئاڵای تورکیا پۆشیبوو، ڕایگەیاند کە دژی یاساکەیە و هەڵوێستی ناگۆڕێت. سەرۆکی حیزبەکە، موساوات دەروێش ئۆغڵو، لە وتارێکدا گوتی پڕۆژەیاساکە بە «سووکایەتی بۆ کۆماری تورکیا» ئەژمار دەکرێت و «دەرگا واڵا دەکات بۆ لێخۆشبوون لە بکوژی منداڵان و بارۆنەکانی دەرمانە بێهۆشکەرەکان لە پەکەکە».

دەروێش ئۆغڵو وتی: «لە ڕووی یاساییەوە، ئەم پێشنیارە ڕێکخستنێکی نهێنیی لێخۆشبوونە کە ئیمتیاز دەداتە ئەندامانی ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، و هەنگاوێکە بۆ هێشتنەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بۆ تەواوی ژیانی، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵ ئۆجەلانیش دابنیشێت».

سەرۆکی پارتی «سەعادەت»، مەحمود ئاریکان، جەختی کردەوە کە حیزبەکەی «پشتیوانی لە کۆتاییهێنان بە تێرۆر لە تورکیا دەکات، بەڵام قبووڵی ناکات ئەم پڕۆسەیە بۆ بەرژەوەندیی یەک حیزب بەڕێوەببرێت»، وەک ئاماژەیەک بۆ نیگەرانییەکان لە قۆستنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەلایەن ئاکپارتیی دەسەڵاتدارەوە بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا.

سەرۆکی پارتی «دووبارە خۆشگوزەرانی»، فاتیح ئەربەکان، لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە «X» ڕایگەیاند کە حیزبەکەی بەشداریی دەنگدان ناکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە «پڕۆژەیاساکە نابێتە هۆی باشترکردنی کەشوهەوای ئازادی، مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی بۆ خوشک و برا کوردەکانمان؛ چونکە تەنیا ئازادکردن یان (لێخۆشبوونی ناڕاستەوخۆ)ی ئەندامانی پەکەکە و کەجەکە لەخۆدەگرێت».

لە میانی دانیشتنەکەدا کە لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمان، جەلال ئایزانییەوە بەڕێوەدەبرا، داواکاریی ناپێبەستبوونی پڕۆژەیاساکە بە دەستوورەوە ڕەتکرایەوە. 
سەرۆکی «کۆمیتەی داد» لە پەرلەمان و پەرلەمانتاری ئاکپارتی، جەنید یوکسەل جەختی کردەوە کە ناڕەزایەتییەکانی پەیوەندیدار بە ناپێبەستبوون بە دەستوور، لە کۆمیتەکەدا گفتوگۆیان لەسەر کراوە و ڕەتکراونەتەوە.

ڕەخنەکانی پەکەکە لە پڕۆژەیاساکە

لە شەوی دەستپێکردنی گفتوگۆی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەیاساکە (کە لە ١٢ مادە پێکهاتووە)، پارتی کرێکارانی کوردستان ئیدانەی هەڵە و کەموکورتەکانی ناو پڕۆژەکەی کرد و هۆشداریدا کە چەکدارەکانی چەکەکانیان دانانێن مەگەر ڕێبەرەکەیان لە زیندانی ئیمڕاڵی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئازادیی ژیان و کاری پێویستی پێبدرێت بۆ ڕێبەرایەتیکردنی پڕۆسەکە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە دەرچوو، پەکەکە (کە دوای هەڵوەشاندنەوەی لە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٥ ناوی «بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان»ی لێنابوو)، ڕایگەیاند کە یاساکە هەڵە و کەموکورتیی گەورەی تێدایە و بە شێوەیەکی گشتگیر باسی کێشەی کوردی نەکردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەکارنەهێنانی دەستەواژەی «کورد» و تەنیا ئاماژەدان بە چەکدانان نیشانی دەدات کە کێشەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە.

جەختیشی کردەوە کە زۆربەی مادەکانی یاساکە وەک مەرەکەپی سەر کاغەز دەمێننەوە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد نەکرێت.
پڕۆژەیاساکە چارەنووسی ئۆجەلانی دیاری نەکردووە، کە تەمەنی ٧٧ ساڵە و ٢٧ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمڕاڵی زیندانییە. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە نەبوونی دەستەبەر بۆ بەشداریی سیاسیی دیموکراتیک دەکرێت ڕێگری بکات لە گەڕانەوەی چەکدارەکانیان بۆ تورکیا.

دەقی پڕۆژەیاساکە ڕادەگرتنی بەدواداچوونی دادوەری و سزاکانی زیندان بۆ ئەنجامدەرانی هەندێک تاوان بۆ ماوەی ٥ تا ١٠ ساڵ لەخۆدەگرێت. ئەگەر تا کۆتایی ماوەکە کردارەکە دووبارە نەبێتەوە، سزاکان هەڵدەوەشێنرێنەوە، بەڵام ئەم بڕگەیە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بەشدارییان لە تاوانە قورسەکانی وەک کوشتندا کردووە.
 لە میانی گفتوگۆکانی پەرلەماندا، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای ئۆجەلان، عومەر ئۆجەلان، وێنەیەکی لە هەژماری خۆی بڵاوکردەوە، کە لە کاتی سەردانێکی خێزانیدا بۆ لای مامەی لە ئیمڕاڵی لە ڕێکەوتی ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ گیرابوو.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو