کۆتایی ئیمپراتۆرییەتێک؛ چۆن سوریای نوێ گۆڕی بۆ هەژموونی سەربازیی رووسیا هەڵکەند؟
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٤٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
نزیکەی ١٨ مانگ پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، روسیا سەرجەم دەستکەوتە سەربازیی و ئەمنییەکانی لەدەستدا کە زیاتر لە دەیەیەک بوو کاری بۆ بەهێزکردنیان دەکرد. بەمەش سوریا چووە قۆناغێکی نوێوە و بەرەی (رووسی-ئێرانی) پێگە گرنگەکانیان لەو وڵاتە لەدەستدا.
خاڵی وەرچەرخانی ئەم قۆناغە، ئیمزا کردنی لێکتێگەیشتنێک بوو لەنێوان دیمەشق و موسکۆ کە چارهنووسی دوایین قەڵا سەربازییەکانی رووسیای لە سوریا( حەمیمیم و تەرتووس) یەکلاییکردەوە و ئیدارەدان و دەسەڵاتی بۆ سوریا گەڕاندەوە.
حکومەتی نوێی سوریا لە ماوەی ساڵ و نیوی ڕابردوودا، بە شێوەی قۆناغبەندیی کاری بۆ بێلایەنکردنی ئەو هۆکارە ئاسایشی و ئابوورییانە کرد کە دەکرا روسیا دروستیان بکات.
ئیدارەی نوێی سوریا سەرەتا ڕازیبوو بە مانەوەی کاتیی روسیا و پارێزگاریکردن لە سەربازەکانیان بە سەرپەرشتیی سوریا، پاشان وردە وردە سوریا دەسەڵاتی بەسەر ئەو سەربازگانەدا سەپاند کە روسییەکانی تێدا بوو.
لە کۆتاییشدا چوارچێوەیەکی فەرمی بۆ بوونی روسیا دانرا کە ڕێگە نادات خاکی سوریا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هەرێمایەتییەکانی موسکۆ بەکاربهێنرێت.
کۆتاییهاتنی هەژموونی سەربازیی روسیا
پێش رووخانی رژێمی ئەسەد، روسیا خاوەنی سێ پێگەی سەرەکی بوو (فڕۆکەخانەی قامیشلۆ لە ڕۆژهەڵاتی فورات، فڕۆکەخانەی حەمیمیم ، بەندەری تەرتووس)، جگه لە ناوەندی فەرماندەیی لە دیمەشق و چەندین خاڵی سەربازیی لە باشوور و باکووری ڕۆژئاوای سوریا. هەروەها دەسەڵاتی بەسەر چەندین گرووپی چەکداری ناوخۆیی و دەرەکیدا هەبوو (وەک فاگنەر، فەیلەقی پێنجەم، و هێزەکانی نمرە).
بە ڕووخانی ئەسەد، روسیا سەرجەم خاڵە سەربازیی و گرووپە چەکدارەکانی لەدەستدا و تەنها لە سێ پێگە سەرەکییەکەدا مایەوە. بوونی روسیا لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ زۆری نەخایاند و لە کانوونی دووەمی ڕابردوودا لێی کشایەوە، دوای ئەوەی دیمەشق ڕایگەیاند بوونیان لەوێ ئاسایشی وڵات دەخاتە مەترسییەوە و ڕێگرە لە یەکخستنەوەی خاکی سوریا.
لە ٩ی ئابی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا گەورەترین وەرچەرخانی ڕاگەیاند، ئەویش گەیشتنبوو بە لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ موسکۆ بۆ ڕێکخستنەوەی بوونی روسیا لە پارێزگا کەنارییەکان.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئیدارەدانی تەواوی دامەزراوە مەدەنییەکان (لەوانەش فڕۆکەخانەی حەمیمیم و ڕەسەیفی چوارەمی بەندەری تەرتووس) ڕادەستی دەوڵەتی سوریا دەکرێنەوە.
هەروەها دامەزراوە سەربازییەکانی رووسیا دەگۆڕدرێن بۆ ناوەندی هاوبەشی مەشق و ڕاهێنان. مۆڵەتی سێ مانگ دانرا بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە.
روسیا چی لە پێگەکانی دەستدەکەوت؟
لە دوای دەستوەردانی سەربازیی لە کۆتایی ٢٠١٥، موسکۆ توانی هاوسەنگیی هێز بەقازانجی ئەسەد بهێڵێتەوە و سودی جیۆپۆلیتیکی، سەربازیی و ئابووریی لە بوونی لە سوریا وەربگرێت.
ڕێککەوتنەکانی سەردەمی ئەسەد دەسەڵاتێکی بێپێشینەی دابووە رووسیا بەسەر خاکی سووریادا و سەروەریی وڵاتەکەی خستبووە ژێر پرسیارەوە.
بوونی روسیا لە قامیشلۆ، وەک کارتێکی گوشار دژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا بەکار دەهێنرا.
هەروەها پێگەی حەمیمیم، بووە ناوەندێکی گەورەی سەربازیی بۆ گوشارخستنە سەر ئۆپۆزسیۆن و تورکیا. دواتر بەکار هێنرا بۆ گواستنەوە و بەکرێگرتنی هەزاران گەنجی سووری و ڕەوانەکردنیان بۆ شەڕی لیبیا و ئۆکرانیا.
بوونی روسیا لە تەرتووس، دەروازەی رووسیا بوو بۆ ئاوە گەرمەکان و سەپاندنی هەژموونی دەریایی لە دەریای سپیی ناوەڕاستدا.
دیمەشق چۆن ئاوی کردە ژێر رەسیا؟
لە دوای ڕووخانی ئەسەد، دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا بە هۆشیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ موسکۆ کرد تا ڕێگری لە پشێویی ئەمنی بگرن. حکومەتی سوریا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە و بە چەندین قۆناغ گوشاری خستە سەر روسیا:
١. پەیامی مەرجدار: ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی سووریا لە یەکەم دیداری لەگەڵ نێردراوی رووسیا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سووریا دەبن.
٢. کۆبوونەوەی لووتکە: لە شوباتی ٢٠٢٥، فلادیمێر پۆتین ئامادەیی نیشاندا بۆ پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکانی سەردەمی ئەسەد. دوا بەدوای ئامادەکارییەکان، ئەحمەد شەڕع دوو سەردانی بۆ موسکۆ لە تشرینی اولی ٢٠٢٥ و کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ئەنجامدا، و لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا چوارچێوەی نوێیان بۆ پەیوەندییەکان داڕشت.
دیمەشق لە دانوستانەکاندا پشتی بە چەند بنەمایەک بەست:
سەروەریی نیشتمانی: ڕێگریکردن لە دەستوەردانی دەرەکی لە بڕیاری سیاسی.
ڕەچاوکردنی ئیرادەی جەماوەر: کەمکردنەوەی توڕەیی هاووڵاتیان لە ڕۆڵی ڕابردووی رووسیا.
ئاوەدانکردنەوە و ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری: ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی.
ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی سووریا: نەکردنی سووریا بە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
سەرئەنجام، بە پاڵپشتیی وڵاتانی عەرەبی و کرانەوەی ڕۆژئاوا بەڕووی دیمەشقدا، سوریا توانی واقيعێکی نوێ بێنێتە ئاراوە. رووسیاش بژارەی هاوبەشیی سیاسی و ئابووریی و هاوکاریی سەربازیی سنوورداری هەڵبژارد لەبەرامبەر دەستبەرداربوون لە پێگەو ئیمتیازە سەربازییە ڕەهاکانی سەردەمی ئەسەد.