ململانێ لەسەر جرف ئەلسەخر دەگاتە لوتکە؛ قائانی هاتە بەغدا و زەیدی  نەیبینی

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٣٩ پاش نیوەڕۆ

ململانێ لەسەر جرف ئەلسەخر دەگاتە لوتکە؛ قائانی هاتە بەغدا و زەیدی  نەیبینی

پەنجەرە

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی «الحرة»، ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار بە ناوچەی جرف ئەلسەخر سەریهەڵداوەتەوە، ئەو ناوچە سەربازییە سونەنیشینەی دانیشتوانەکەی دەرکراوە و ناوچەکە لەلایەن حەشدەوە کراوەتە سەربازگەی داخراو. 

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایکردووە کە زانیاریی گەیشتووەتە تاران بەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنیازە هێزە ئەمنییەکان بنێرێتە ناو ناوچەی جر ئەلسەخر. ئەم پێشهاتە وایکردووە ئیسماعیل قا ئانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، لەبری پێشوازیکردن لە شاندی چوارچێوە لە تاران، بەپەلە ڕوو لە بەغدا بکات.

ئەم جووڵانە لە کاتێکدایە بوونی بارەگا، کۆگای چەک، سەربازگە و دامەزراوەی تایبەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ناو جرف ئەلسەخردا بەچڕی بوونی هەیە. 

سەرچاوە حکومییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر و چەند یەکەیەکی دیکەی سەربازی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ چوونه‌ناوەوەی ناوچەکە. هاوکات لە پارێزگای بابل ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی ئەنجامدراوە کە تێیدا تۆڕێکی چەکدار، کە گومانی داڕشتنی پلانی هێرشی درۆنییان لێدەکرا، هەڵوەشێنرایەوە و دەست بەسەر کەلوپەل و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەیاندا گیرا.

لە میانی کۆبوونەوەکانیدا لە بەغدا لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکان، قائانی تاوتوێی دۆسیەی چەکی کردووە و داوایکردووە ڕێگریی لە هەر پێکدادانێک لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و میلیشیاکاندا بکرێت. 
بەپێی وتەی سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، قائانی هانی لایەنە سیاسییەکانی داوە بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەجۆرێک کە نەبێتە هۆی لاوازکردن یان شکاندنی هێزی گرووپە چەکدارەکان.

لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکوەزیران جەختیکردووەتەوە کە عەلی زەیدی سوورە لەسەر چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی جرف ئەلسەخر ئامادەی هیچ جۆرە سازش و ڕێککەوتنێک نییە. هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە میانی ئەم سەردانەدا، قائانی نەیتوانیوە هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا ئەنجام بدات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو