بەهۆی جەنگ و وەستانی نەوتەوە عێراق باڵیۆزخانەکانی دادەخات و مووچە دوا دەکەوێت
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٨:٤٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەنیازی داخستنی چوار باڵیۆزخانەیە بۆ ئەوەی خەرجییەکانی کەم بکاتەوە. بەپێی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی عێراق، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە چەند مانگێکە مووچەی فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکان دواکەوتووە و کرێی خانووی نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق لە دەرەوە بووەتە قەرزێکی زۆر و نەدراوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە گوشارێکی دارایی زۆر لەسەر دەوڵەت دروست بووە، بەهۆی ئەوەی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز، هەناردەکردنی نەوتیان لە ناوچەکەدا ڕاگرتووە، نەوتیش سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی حکومەتی بەغدایە.
عێراق وەک ئەوەی بەشێکی زۆری نەوتەکەی لە ڕێگەی دەریاوە دەنێرێتە دەرەوە، تووشی کێشەیەکی گەورە بووە لە هەناردەکردنی نەوتدا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ۹۰٪ی داهاتی بودجەی وڵاتەکە لەسەر فرۆشتنی نەوت وەستاوە.
ئەم بڕیارانە بەشێکە لە بەرنامەیەکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان، کە تێیدا گرنگی باڵیۆزخانەکان بەهەند وەردەگیرێت چەندێتی خەرجیان لەبەرچاو دەگیرێت.
لە نێو ڕێکارە نوێیەکاندا: چیتر بلیتی فڕۆکە بۆ سەردان و مۆڵەتی ساڵانەی فەرمانبەران بە خۆڕایی نادرێت و دەبێت فەرمانبەرە دیپلۆماسییەکان لەسەر خەرجی خۆیان بڕۆن، هاوکات دڵنیایی تەندروستیش (تأمين صحي) بۆ فەرمانبەران ڕاگیراوە.
سەرچاوەکان دەڵێن زۆربەی نێردە دیپلۆماسییەکان نزیکەی ٤ مانگە کرێی باڵەخانەی باڵیۆزخانەکان و خانووی فەرمانبەرانیان نەداوە، وە مووچەی کارمەندانیش بۆ هەمان ماوە دواکەوتووە.
لە هەمان کاتدا، چەندین بەرپرس لە ناو حکومەتدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی هەنگاون بۆ ئەوەی خەرجییە دەرەکییەکانی دەوڵەت کەم بکەنەوە.