دوای شەڕەکان؛ شۆڕشی بێدەنگ لەنێو هێزە چەکدارەکانی ئێراندا روودەدات

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٩:٠١ پاش نیوەڕۆ

دوای شەڕەکان؛ شۆڕشی بێدەنگ لەنێو هێزە چەکدارەکانی ئێراندا روودەدات

پەنجەرە

ئێران گۆڕانکاریی گەورە لە جومگە هەستیارەکانی هێزە چەکدارەکانیدا ئەنجام دەدات، گۆڕانکارییەکان بۆ بڕیاری موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی ئێران دەگێڕدرێتەوە. 
ناوبراو بڕیاریداوە دوو گەورەترین ناوەندی سەربازیی وڵاتەکەی تێکەڵ بە یەکتر بکات و بیکاتە یەک ناوەندی فەرماندەیی یەکگرتوو.

ئەو دوو دامەزراوەیە چین ؟

پێشتر هێزی سەربازیی ئێران دوو سەرکردایەتیی سەرەکیی هەبوو، دەستەی ئەرکانی گشتی کە بەمێشکی ئیداریی هێزەکان دادەنرا. 
 کاری ئەم دەستەیە پلاندانان، داڕشتنی سیاسەتی باڵا و هەماهەنگیی گشتی لە نێوان سوپا، سوپای پاسداران و هێزەکانی ئاسایشدا بوو. بەمپێیە دەستەکە دەستبەجێ فەرمانی شەڕی نەدەدا، بەڵکو نەخشەی گشتیی دەکێشا.

سەرکردایەتی دووەم بارەگای ناوەندیی “خاتم ئەلئەنبیا” بوو کە  ژووری شەڕ دادەنرا، 
 کاری ئەم سەرکردایەتییە ئەوەبوو لە کاتی شەڕدا فەرماندەیی ڕاستەوخۆی هێزەکان (وشکانی، ئاسمانی، دەریایی و مووشەکی)ی دەکرد و فەرمانی مەیدانیی دەردەکرد.

گۆڕانکارییە نوێیەکە چییە؟

 عەلی عەبدوڵڵاهی کراوەتە سەرۆکی نوێی "دەستەی ئەرکانی گشتی" و ئەرکی ئەوەی پێسپێردراوە کە بارەگای خاتم ئەلئەنبیا لەگەڵ دەستەی ئەرکانی گشتی تێکەڵ بکات.

 واتە "بارەگای خاتم ئەلئەنبیا" وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ نامێنێت و دەبێتە بەشێک لە دەستەی ئەرکانی گشتی.

بۆ ئەم گۆڕانکارییە کرا؟ 

لە شەڕەکانی ئەم دواییەدا، ئیسرائیل و ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی ئێرانیان کوشت (لەوانە سەرۆکی پێشووی دەستەی ئەرکانی گشتی و فەرماندەکانی خاتم ئەلئەنبیا). ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لە بەڕێوەبردنی شەڕدا دروستکرد.

مەبەست لە تێکەڵکردنیان خێراکردنی بڕیاردانە، سەرۆکی نوێ لە یەککاتدا هەم پلانی ستراتیژی دادەڕێژێت و هەم فەرماندەیی مەیدانیی شەڕەکەش دەکات.

 هەروەها کەمکردنەوەی ئاڵۆزیی، هەروەها نەهێشتنی دووبارەبوونەوەی ئەرکەکان لە نێوان سوپا و پاسداراندا.

مەترسی و خاڵی لاوازیی ئەم گۆڕانکارییە چییە؟

 چڕبوونەوەی مەترسی لە یەک شوێندا، بەمپێیە کاتێک هەموو دەسەڵاتەکان و فەرماندەکان لە یەک ناوەنددا کۆدەکرێنەوە، ئەگەر ئەو ناوەندە بپێکڕێت یان سەرکردەکانی بکوژرێن، تەواوی سیستەمی سەربازیی وڵاتەکە بە خێرایی تووشی ئیفلیجی و پەککەوتن دەبێت.

ئەم هەنگاوەی ئێران تەنها گۆڕینی پۆستەکان نییە، بەڵکو ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی تەواوی زنجیرەی فەرماندەییی سەربازییە بۆ ئەوەی سیستەمەکەیان لە بەرامبەر هێرشەکاندا خێراتر بڕیار بدات و لە شەڕی داهاتوودا چۆک دانەدات.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو