"ڕزگارکردن یاخود داگیرکاریی؟" ؛ کێشەی جرف ئەلسەخر دووبارە تەقیوەتەوە

١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٩:٠٣ پاش نیوەڕۆ

 "ڕزگارکردن یاخود داگیرکاریی؟" ؛ کێشەی جرف ئەلسەخر دووبارە تەقیوەتەوە

پەنجەرە

کێشەی ناوچەی "جرف ئەلسەخر" کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل (نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر لە باشووری شاری بەغدا)، لەم ڕۆژانەی دواییدا ڕووبەڕووی وەرچەرخانێکی سیاسیی ئاڵۆز بووەتەوە. 
ئەم ئاڵۆزییانەش دوای ئەوە هات کە شێخ عەدنان جەنابی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان و کەسایەتیی دیاری عەشیرەتی جەنابییەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ پیاو ماقوڵانی عەشیرەتەکەی، هێرشی توندی کردە سەر میلیشیاکان و رایگەیاند: دانیشتووانی جرف ئەلسەخر ڕۆژی ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ وەک ڕۆژی داگیرکردنی ناوچەکەیان دەبینن، نەک وەک ڕۆژی ڕزگارکردنی."

ناوچەی جرف ئەلسەخر کە ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٥٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، پێش ۱۲ ساڵ بە بڕیاری ئەو گرووپە چەکدارانەی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، بە تەواوەتی بەڕووی دەرەوەدا داخرا. 
ئەم شارۆچکەیە کە بە مەڵبەندی سەرەکیی عەشیرەتی عەرەبیی جەنابییەکان و چەند عەشیرەتێکی تر دادەنرێت، تا ئێستاش نزیکەی ۱۸۰ هەزار کەس لە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی بە زۆرەملێ لە ناوەند و کامپەکانی ئاوارەییدا هێڵدراونەتەوە.

زانیاریی و تۆمەتەکانی شێخ جەنابی

لە لێدوانەکانیدا، شێخ جەنابی ئاشکرایکرد کە بەڵگەنامەی زۆر وردی لەبەردەستدایە سەبارەت بە ڕووخاندنی  ۳ هەزار خانووی هاووڵاتییان، کە ناوی خاوەن و ژمارەی زەوییەکانیان بە بەڵگەوە دەسەلمێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی خەمڵاندنە بەراییەکان، زیاتر لە ۷ هەزار خانوو بە تەواوەتی ڕووخێنراون، بەڵام بەهۆی کەمیی زانیارییەوە ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو نەکراوە.

جگە لەمەش، ناوبراو ئاماژەی بە کوشتنی ئەو دەستبەسەرکراوانە کرد کە دوای ئازادکردن و  ئەستۆپاکییان لە تۆمەتەکانیان لەلایەن دادگاکانی حللەوە، کراونەتە ئامانج. لە هەمان کاتدا، ئاماژەی بە تاڵانکردن و دزینی  ئۆتۆمبێل، تراکتۆر و ئەو ئامرازانە کردەوە کە شادەماری سەرەکیی بژێویی خەڵکی ناوچەکە بوون.

سەرەڕای ئەوەی دۆسیەی ئەم ناوچەیە بەردەوام کێشمەکێشی لەسەرە، بەڵام هەندێک جار بەهۆی قەیرانە ئابووریی، سیاسی و ئەمنییەکانی وڵاتەوە دەکەوێتە پەراوێزەوە. بەڵام دووبارە زەقکردنەوەی بابەتەکە لەلایەن شێخی جەنابییەکانەوە لەرێگەی  ئەم ووتانەوە بوو:
لەو کاتەدا گرووپە چەکدارەکان سوور بوون لەسەر کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی ئەمنی، سەرەڕای هەبوونی ڕێککەوتن لەگەڵ فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکاندا؛ ئەمڕۆش خەڵکی ناوچەکە داوای دادگاییکردنی بەرپرسانی ئاوارەکردنی زۆرەملێ، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردن و پاکتاوی جەستەیی دەکەن."

لە ئێستادا جرف ئەلسەخر وەک ناوچەیەکی بە تەواوەتی دابڕاو لە ڕەوشی گشتیی عێراق پۆلێن دەکرێت، بە شێوەیەک کە تەنانەت بەرپرسانی باڵای حکومەت و سوپاش مافی چوونەژوورەوەیان نییە. ئەمەش بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کە نزیکەی ۱۲ ساڵە (واتە لە ساڵی ۲۰۱٤ەوە و دوای کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان و دەرکردنی داعش) ڕەتیدەکەنەوە ڕێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی بدەن.

پرسی جورف ئەلسەخر و پرۆسەی چەکداماڵین

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، حکومەتی عێراق لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانێکە بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکان لە جورف ئەلسەخر. پلانەکە چەند بژارەیەک لەخۆدەگرێت؛ لە بڵاوبوونەوەی پلەبەپلە و گەڕاندنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە سەپاندنی یاسا بە هێز لە حاڵەتێکدا ئەگەر نەگەنە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو لایەنە چەکدارانەی دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتووە.

ئەم جووڵانە لە کاتێکدا دێن کە دۆسیەی جورف ئەلسەخر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە پرسی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنی چەک. ناوچەکە لە دوای شەڕی داعشی ساڵی ۲۰۱٤ەوە بووەتە یەکێک لە هەستیارترین چەقە ئەمنییەکانی عێراق، و گەڕانەوەی ئاوارەکان بە بەردەوامی جێی کێشمەکێشمی سیاسی و ئەمنی بووە، لە کاتێکدا پەنجەی تۆمەت بۆ هێزە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکان درێژ دەکرێت کە ڕێگرن لە ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.

وەڵامی توندی پارێزگا و ئەنجومەنی بابل

لە بەرامبەردا، عەلی تورکی جەمالی، پارێزگاری بابل، دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگا، بە توندی وەڵامی شێخ جەنابی دایەوە و ڕایگەیاند کە "دەنگی نەشاز هەن کە گومان لە کارەکانی پارێزگا دروست دەکەن"، هەروەها ئەو ناوچانەی بە "سێگۆشەی مەرگ" وەسف کرد.
هاوکات ئەنجومەنی پارێزگا و دیوانی پارێزگای بابل سکاڵای یاساییان دژی شێخ عەدنان جەنابی تۆمار کرد. بەپێی سکاڵاکە، لێدوانەکانی ناوبراو بێڕێزیکردن بووە بە ئەنجومەنەکە و خستنەڕووی زانیاریی ناڕاست بووە کە ئامانج لێی دروستکردنی فیتنە و هاندانی ڕای گشتییە.

 لە هەمان چوارچێوەدا، ئەسعەد منعم ، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بابل، نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی دادگای لێکۆڵینەوەی حیللە کرد بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی؛ بەو پێیەی شێخ جەنابی ئۆپراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی بە "داگیرکاری" ناو بردووە و کردەوەکانی ئەو هێزانەی بە "سێدارەدان" وەسف کردووە، کە بەپێی بەڵگەنامەی ئەنجومەنەکە، ئەمە سووکایەتییە بە قوربانییان و تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە.

شەپۆلێک کاردانەوە بەدوای یەکدی تۆمەتبارکردنی شێخ جەنابی سیاسییەکانی نزیک لە گروپە چەکدارەکان هات. شەپۆلێک لە بەیاننامە دەرچوون کە داوای جێبەجێکردنی یاسا، داماڵینی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەپاندنی سەروەریی یاسایان لە تەواوی ناوچەکان و بە تایبەت جورف ئەلسەخر کرد.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو