زێباری هۆشداریی لە قەیرانی دارایی دەدات: تا دوو مانگی تر مووچە هەیە و دواتر ڕوو لە قەرزی نێودەوڵەتی دەکەین
١٨ ئاب ٢٠٢٦ - ٩:٠٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هۆشیار زێباری،رایگەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە ئامادەیی سیاسی خۆی لە بەغدا بەهێزتر بکات. جەختیشیکردەوە کە پارتی ئەوی بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکە هەڵبژاردووە، بە مەبەستی هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەت و پەرلەمانی عێراق، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییەی کە لە پەیوەندیی لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکانی بەغدا هەبووە.
زێباری لە بەرنامەی «حوار مع زينب ربيع»دا وتی: پارتی بەهێزەوە پشتیوانی لە حکومەتەکەی سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە کەسایەتی ئەلزەیدی، بەو پێیەی لە دەرەوەی سیستەم و بازنەی سیاسی باوە، دەرفەتێکی گەورەتری پێدەبەخشێت بۆ سەرکەوتن. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئەگەر کابینەی وەزاری بە تەواوی پڕبکرێتەوە، زۆر باشترە لەوەی بە ناتەواوی بڕوات.
کابینەی وەزاریی و ناکۆکییە سیاسییەکان
زێباری ڕوونیکردەوە کە تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی کۆتایی بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت نییە، بەڵام سەرۆک وەزیران داوای ناوی پاڵێوراوەکانی کردووە و بەم زووانە تاووتوێیان دەکات.
ئاشکراشیکرد کە ڕێباز حەملان هێشتا پاڵێوراوی پارتییە بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە دا کە ناکۆکی لەسەر پاڵێوراوانی وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ و پلان دانان هەیە، جگە لەوەی ڕەخنە و تێبینی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەسەر هەندێک لە ناوە پێشنیازکراوەکان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی بە لایەنی عێراقییان ڕاگەیاندووە کە ناتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەنکە ناویان لە لیستەکانی تیرۆردا هەیە. بە بڕوای زێباری، کوتلە سیاسییەکان دەتوانن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن بەوەی کەسانی تەکنۆکرات (پسپۆڕ و بێلایەن) دەستنیشان بکەن.
زێباری گوتیشی هەڵوێستی ئەمریکا بەو مانایە نییە کە ڕێگری لە کەسێکی دیاریکراو بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی حکومی؛ بۆ نموونە ئەگەر عێراقییەکان ڕێکبکەون لەسەر دەستنیشانکردنی قەیس خەزعەلی وەک جێگری سەرۆک وەزیران، ئەوا ئەمریکا دەستوەردان ناکات.
وەک بەڵگەش ئاماژەی بەوە دا کە لە حکومەتەکانی پێشوودا وەزیرانی ڕێکخراوی بەدر هەبوون، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئەو کاتە هەژموونی ئەمریکا زۆر بەهێزیش بوو.
«صولة الفجر» و هاوسەنگییە سیاسییەکانی بەغدا
زێباری باسی لە ئۆپەراسیۆنی «صولة الفجر» کرد و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەم دۆسیەیەدا هاوکارییەکی زۆر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا کردووە و داوای کردووە ڕێکارەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە هەرێمیش بگرێتەوە.
پێشی وابوو کە ئەم ئۆپەراسیۆنە کاریگەری لەسەر هاوسەنگییە سیاسییەکان هەبووە، بەتایبەتی لە ناو کوتلەی (عەزم)، و جەختی کردەوە کە دەبێت ڕێز لە مافی هەڵبژاردنی ئەو کوتلەیە بگیڕێت، ڕەچاو نەکردنی ئەوەی کە سەرۆکەکەیان دەستگیر کراوە.
ئاشکراشی کرد کە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ قەیس خەزعەلی هاوکار بووە لە بەستەڵەک شکاندن و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە دانیشتنی دەنگدان لەسەر کابینەکەدا دروست بووبوون. گوتیشی پارتی داوەتی خەزعەلی کردووە بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و ئەویش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەم داوەتە کردووە.
ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک
زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوەکانی حکومەتی ئێستا لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، یەکەم هەنگاوی کرداری بوون کە کاردانەوەی ئەرێنی جەماوەرییان هەبوو، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوەی لە «صولة الفجر»دا ڕوویدا تەنها سەرەتای ڕێگەکەیە، نەک کۆتاییەکەی.
گوتیشی گەندەڵی و دزینی سامانی گشتی مەترسییەکی گەورەن لەسەر بوونی عێراق، و ڕوونیکردەوە کە هەڵە داراییەکان لە دەوڵەتدا بەدرێژایی چەندین دەیە کەڵەکە بوون.
جەختیشیکردەوە کە شەڕی گەندەڵی و بەدەوڵەتکردنی چەک دوو پرسی بەیەکەوە بەستراون و گەورەترین دوو ئاڵنگاریی بەردەم حکومەتن، و دەبێت هەموو هێزە چەکدارەکان لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بن.
لەگەڵ ئەوەشدا گوتی، هێزە چەکدارەکان (فەسیلەکان) یەکجۆر نین و بەشێکیان لایەنی توندڕەون. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی نزیکەی ٩٠٠ هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەتەوە، و حکومەتی پێشووی عێراق ناوی ئەو کەسانەی ڕادەست کرابوو کە هەولێریان بۆردومان دەکرد، بەڵام هیچ ڕێکارێکی لە دژیان نەگرتە بەر.
زیادی کرد کە ڕوانگەی وڵاتانی دەرەوە بۆ عێراق جیاوازی ناکات لە نێوان حەشدی شەعبی و فەسیلە چەکدارەکاندا، بەڵام لایەنی کوردی جیاوازییان لە نێواندا دەکات و پێی وابوو کە ئەو گرووپانەی یاساکانی دەوڵەت پێشێل دەکەن دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
قەیرانی مووچە و قەرزی نێودەوڵەتی
زێباری هۆشداری دا کە قەیرانی دارایی گەورەترین مەترسییە لەسەر عێراق لە ئێستادا، و پێیوابوو ئەم قەیرانەی ئێستا لەوەی سەردەمی حکومەتەکەی حەیدەر ئەلعەبادی سەختترە، بەڵام جەختیکردەوە کە دۆخەکە بە تەواوی بێئومێدکەر نییە.
ئاشکراشیکرد کە لە ئێستادا مووچەی فەرمانبەران لە یەدەگی بانکی ناوەندی دابین دەکرێت و تا دوو مانگی تر هیچ کێشەیەک لە دابەشکردنی مووچەدا نییە، بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر قەیرانەکە لە دوای ئەم دوو مانگە بەردەوام بێت، ڕەنگە عێراق ناچار بێت ڕوو لە قەرزی نێودەوڵەتی بکات.
پێشبینیشیکرد کە سێ مانگی داهاتوو لە ڕووی دارایی و ئاسایشەوە سەخت دەبن، و داوایکرد ئامادەکاری بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی قۆناغی داهاتوو.
ئاماژەی بەوەشکرد کە پڕۆژەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵەکانی بانیاس و عەقەبە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە پێشنیاز کراون، بەڵام کاتێکی زۆریان پێویستە تا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
سوریا و ئێران
زێباری ئاشکرای کرد کە ماوەیەک پێش ئێستا سەردانی سوریای کردووە و سەرۆک وەزیرانی لەم سەردانە ئاگادارکردۆتەوە. پێشی وابوو کە هەڵوێستی سوریای نوێ بەرامبەر عێراق «ئەرێنییە» و مەرج نییە هاوشێوەی ئەو ڕەنگدانەوەیە بێت کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوی دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە دیمەشق پەیامێکە بۆ کوردانی ناو سوریا، لە بەرامبەردا جەختی کردەوە کە ئاڵای عێراق ئاڵای کوردیشە و تەنانەت لە بارەگای مەسعود بارزانیش هەڵکراوە.
لەبارەی دۆسیەی ئێرانەوە، زێباری جەختی کردەوە کە هەژموونی تاران لە عێراقدا هێشتا بەردەوامە و کەڵەکە بووە و ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە شێوازی ئەم هەژموونە دەبێت بگۆڕێت بە جۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ قۆناغی نوێ و بەرژەوەندییەکانی عێراقدا.