ڕێککەوتنی بەغدا و ئەنقەرە؛ کەرکوک دەبێتە دەروازەی فراوانبوونی هەژموونی تورکیا لە عێراقدا
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٢٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە، ئومێد نەجم محەمەد
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا پێی
ناوەتە قۆناغێکی مێژوویی و ستراتیژیی نوێوە کە ڕەهەندی ئابووری، وزە و کارگێڕیی
قووڵی لەخۆگرتووە. لە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستی باڵا و سەردانە فەرمییەکانی
بەرپرسانی عێراق، بەتایبەتی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پارێزگاری کەرکوک بۆ
ئەنقەرە، کۆمەڵێک ڕێککەوتنی گشتگیر واژۆ کراون. بەپێی بەدواداچوونەکان، پارێزگای
کەرکوک بووەتە چەقی ئەم ڕێککەوتنە ستراتیژییانە، بە جۆرێک کە فراوانبوونی هەژموونی
ئابووریی تورکیا لە عێراق بەتەواوی لەم پارێزگایەدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم ڕاپۆرتە
تیشک دەخاتە سەر وردەکاریی ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە ئایندەی نزیکدا کار لەسەر نەخشەی جیۆپۆلەتیکی و ئابووریی ناوچەکە دەکەن.
گۆڕانکاری لە هاوکێشەی وزەدا: تورکیا لە وڵاتی تێپەڕکەرەوە بۆ خاوەن پشک لە کەرکوک
بۆ زیاتر لە نیو سەدە، ڕۆڵی تورکیا لە کەرتی نەوتی عێراقدا، بەتایبەتی نەوتی
باکوور، تەنها لە چوارچێوەی "وڵاتی تێپەڕکەر" (ترانزێت)دا کورت ببووەوە. هێڵی بۆریی
نەوتی کەرکوک-جەیهان تاکە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات بوو لەم بوارەدا.
بەڵام ڕێککەوتنە نوێیەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، کە لە ناوەندە سیاسییەکاندا بە
ڕێککەوتنی "سەدەی وزە" ناوزەد دەکرێت، ئەم هاوکێشەیەی بەتەواوی گۆڕیوە.
بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکەی عێراق و تورکیا، ئەنقەرە پشکی ١٥٪ی کێڵگە نەوتییە
زەبەلاحەکانی کەرکوکی بەدەستهێناوە. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی
تورکیا (TPAO) بە فەرمی بووەتە هاوبەش لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی کێڵگە
نەوتییەکانی وەک (هاڤانە، بای حەسەن، جەمبور، و خەباز). ئەم بەشداریکردنەی تورکیا
دەکەوێتە پاڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دیکەی وەک کۆمپانیای BPی بەریتانی کە خاوەنی پشکی ٤٣٪یە، و کۆمپانیای کۆنۆکۆ فیلیپسی ئەمریکی کە پشکی ٤٢٪ی هەیە. ئەمەش مانای
وایە تورکیا ئێستا خاوەنی مافی بڕیاردان و وەبەرهێنانە لە ناو جەرگەی یەدەگی نەوتی باکووری عێراق.
چاودێرانی ئابووری پێیان وایە کە حکومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر پێدانی ئەم
ئیمتیازاتە نوێیانە بە تورکیا لە کەرکوک داوە، لە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی
نەوتی باکوور لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە کە ئامانج لێی هەناردەکردنی ڕۆژانەی ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە. دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە
ساڵی ٢٠٢٣ کە بووە هۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک، بەغدا پێویستی بە سازشێکی گەورە بوو بۆ کردنەوەی دووبارەی ئەم دەرگایە، و پێدەچێت
پشکپێدانی تورکیا لە کێڵگەکانی کەرکوک بەشێک بێت لەو باجە ئابوورییەی کە عێراق داویەتی.
وردەکاریی ڕێککەوتنە وزەییەکان: ئاڵوگۆڕی "نەوت بەرامبەر کارەبا"
ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵات تەنها لە کەرتی نەوتدا قەتیس نەبوون. بەپێی
زانیارییە فەرمییەکان،وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەی تورکیا چوارچێوەیەکی
فراوانتریان بۆ هاوکاریی دووقۆڵی واژۆ کردووە کە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی "نەوت بەرامبەر کارەبا و ئاو" داڕێژراوە.
لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا لە مێژووی ژێرخانی عێراقدا، بڕیارە تورکیا تۆڕی کارەبای
نیشتمانیی خۆی ڕابکێشێتە ناو شاری کەرکوک و سێ پارێزگای دیکەی باکوور و ناوەڕاستی عێراق ، ئەم پڕۆژەیە کە وەک ڕزگارکەرێک بۆ قەیرانی درێژخایەنی کارەبا لە عێراق دەبینرێت،
لە هەمان کاتدا بەستنەوەی ژێرخانی کارەبا و ئاسایشی خزمەتگوزاریی باکووری
عێراقە بە تۆڕەکانی تورکیاوە. لە ڕوانگەی شیکارییەوە، هەرچەندە ئەمە
خزمەتگوزارییەکی گەورە پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکات، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە دەسەڵاتێکی گەورە دەداتە ئەنقەرە کە بتوانێت کۆنترۆڵی سەرچاوەی وزەی کارەبای چەندین شار و ناوەندی پیشەسازیی عێراق بکات. ئەگەر ئەمە لەگەڵ پرسی ئاودا یەکبخرێت کە
پێشتر وەک کارتی فشار بەکارهاتووە، ئەوا وابەستەیی عێراق بە تورکیاوە دەگاتە لوتکە.
ڕەهەندی کارگێڕی و کەلتووری: بەشداریکردنی فەرمیی کەرکوک لە جیهانی تورکیدا
لەتەک گۆڕانکارییە ئابووری و وزەییەکان، پێشهاتێکی دیکەی گرنگ لەسەر ئاستی کارگێڕی و کەلتووری ڕوویداوە. سەردانەکەی پارێزگاری کەرکوک بۆ ئەنقەرە و دواتر بەشداریکردنی
لە کۆنفرانسی شاری کارامان، دەرئەنجامێکی فەرمیی لێکەوتەوە کە بریتی بوو لە
وەرگرتنی شاری کەرکوک وەک ئەندامێکی فەرمی لە "یەکێتی شارەوانییەکانی جیهانی تورکی"
(TDBB).
ئەم هەنگاوە لەلایەن شرۆڤەکارانەوە وەک پەیامێکی ڕوونی دیپلۆماسی و کارگێڕی دەخوێندرێتەوە. کۆبوونەوەی پارێزگاری کەرکوک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی دەسەڵاتداری تورکیا و سەرۆکی ئاژانسی تیکا (TIKA)، نیشاندەری ئەوەیە کە تورکیا
دەیەوێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی کارگێڕی و ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ کەرکوک دروست بکات،
بەدەر لە ڕۆتینەکانی بەغدای پایتەختی عێراق.
لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییە نوێیەدا، بڕیارە دوای ڕێککەوتنەکەی بەغدا و ئەنقەرە، پڕۆژەی کەلتووری و بیناسازیی "باخچەی میللەت" (Millet Bahçesi) لە شاری کەرکوک جێبەجێ بکرێت. ئەم پڕۆژەیە کە لە بنەڕەتدا یەکێکە لە پڕۆژە ناسراوەکانی حکومەتی تورکیا بۆ شارەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی، گواستنەوەی مۆدێلێکی کەلتووری و شارستانیی
تورکیایە بۆ ناو کەرکوک. جێبەجێکردنی پڕۆژەی لەم شێوەیە، ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی تورکیا بۆ بوژاندنەوەی مۆرکی مێژوویی و کەلتووریی خۆی لە شارەکەدا، کە ئەمەش
کاریگەری لەسەر ناسنامەی فرەنەتەوەیی و پێکهاتەی شارەکە دەبێت لە ئایندەدا.
لێکەوتەکانی ڕێککەوتنی "سەدەی وزە" لەسەر ئایندەی کەرکوک
لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم ڕێککەوتنانە، دەردەکەوێت کە
داهاتووی کەرکوک بە ئاراستەیەکی جیۆپۆلەتیکیی جیاوازدا هەنگاو دەنێت. تێکەڵکردنی قووڵی ئابووریی کەرکوک بە ئابووریی تورکیاوە لە ڕێگەی نەوت و کارەباوە، وا دەکات
هەر گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی ئەنقەرەدا، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی
دانیشتووانی کەرکوک هەبێت.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە فراوانبوونی ئەم هەژموونە ئابوورییەی تورکیا، لەلایەکەوە دەبێتە هۆی سەقامگیرییەکی کاتی بۆ داهاتی حکومەتی عێراق لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، و هەروەها چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەی خزمەتگوزارییەکان. بەڵام
لە لایەکی دیکەوە، سەروەریی بڕیاردانی ئابووریی عێراق بەسەر سامانی سروشتیی یەکێک.لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانیدا بەرتەسک دەکاتەوە.
هەروەها ئەم پێشهاتانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.
بەهێزبوونی پێگەی تورکیا لە کەرکوک و بەستنەوەی ژێرخانی ئەم شارە ڕاستەوخۆ بە.تورکیاوە (لەرێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە)، دەشێت ببێتە هۆی دابڕانی زیاتری ئابووری و
جوگرافیی کەرکوک لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش خزمەت بەو ستراتیژییە دەکات کە
دەیەوێت نەخشەی وزەی ناوچەکە بە شێوەیەک دابڕێژێتەوە کە بەغدا و ئەنقەرە تێیدا باڵادەست بن.
پوختە
لە کۆتاییدا دەتوانرێت بگوترێت، ئەوەی ئێستا لە کەرکوک دەگوزەرێت، تەنها واژۆکردنی چەند گرێبەستێکی بازرگانی نییە، بەڵکو نەخشەڕێگایەکی نوێی جیۆستراتیژییە ، کەرکوک بە
فەرمی بووەتە چەقی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و تورکیا. لە ڕێگەی بەدەستهێنانی پشکی ١٥٪ی نەوتی کەرکوک، دابینکردنی کارەبای نیشتمانی بۆ شارەکە، و بەستنەوەی کارگێڕیی شارەکە بە تۆڕی شارەوانییەکانی جیهانی تورکییەوە، ئەنقەرە
توانیویەتی پێگەی خۆی لە دراوسێیەکی باکوورەوە بگۆڕێت بۆ کارەکتەرێکی ناوخۆیی و خاوەن بڕیار لە پرسە هەستیارەکانی کەرکوکدا. ئەمەش قۆناغێکی نوێیە کە پێویست دەکات
دامەزراوەکانی عێراق و ناوەندە سیاسییەکان بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئایندەی سەروەریی ئابووری و سیاسیی وڵاتەکەیان بکەن لە ژێر سێبەری ئەم ڕێککەوتنانەدا.
رۆژنامەی هەواڵ