ئاتیلا و فاتیلا؛ عەشقێک لە سایەی ئینکاریی و ئەنفالدا

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٠٠ پاش نیوەڕۆ

ئاتیلا و فاتیلا؛ عەشقێک لە سایەی ئینکاریی و ئەنفالدا

پەنجەرە 

لە سەرجێگای نەخۆشیدا، هەردوو چاوی کزببوو کە هەریەکەیان ببوونە قوربانی و پێشکەش بە نیشتمان کرابوون، هێشتا بە هەمان ڕۆحیەتی سەردەمی پێشمەرگایەتییەوە دەیپرسی: "نانتان خواردووە؟". 
ئەمە دایکە گوڵە بوو؛ ئەو دایکەی تەواوی تەمەنی لە نێوان خەم و ئازاری دوو کوڕی شەهید و عەشقێکی ناکامدا بەڕێکرد. دەنگی هێندە کز بوبوو، دەبوو تەواو لێی نزیک ببیەتەوە تا گوێبیستی دوا ئاواتەکانی ببی کە لەگەڵ خۆیدا دەیچرپاند: "قەینا ئاتیلا و تەیمور کوڕم شەهید بوون، بەس خۆزگە لەگەڵ (فاتەی) خۆشەویستی بۆیەک بوونایە".

ئاتیلا کێیە؟ لە شاری وەزیرانەوە بۆ مەڵبەندەکانی خەبات

ئاتیلا سەعدوڵا خەلیل، ساڵی ١٩٥٦ لە خێزانێکی بەناوبانگ و دیاری شاری کفری لەدایکبوو. باوکی تورکمان و دایکی (گوڵەباخ محەمەد شاسوار) لە عەشیرەتی زەنگەنە بوو. ژیانی سەرەتایی ئاتیلا لە نێوان کفری و خورماتوودا گوزەری کرد؛ ئەو دوو شارەی بەهۆی تێکەڵاوییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکەیانەوە، ئاسان نییە جیاوازی لە نێوان دانیشتووانەکەیاندا بکەیت.

ئاتیلا دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی لە کفری، ڕووی کردە بەغدا و لە ساڵی ١٩٧٩ بڕوانامەی پەیمانگەی ڤێتێرنەری (پزیشکی ئاژەڵان)ی بەدەستهێنا. بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ نیشتمان و دیدەنی ئەو ستەم و زۆردارییەی ڕژێمی بەعس بەرامبەر هاوڕێ و هاوشارییەکانی دەیکرد، بڕیاری دا دەستبەرداری ژیانی ئاسایی بێت و پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە بکات.

"دکتۆر ئاتیلا"؛ فریادڕەسی گوندەکانی گەرمیان

بڕیاری پەیوەندیکردنی ئاتیلا بە پێشمەرگەوە، ڕاستەوخۆ بەرەو گوندی "بنەکە"ی برد؛ ئەو گوندەی زۆربەی دانیشتووانی لە خزمانی دایکی بوون. لەو سەردەمەدا نزیکەی دوو هەزار گوندی کوردستان بەهۆی گەمارۆکانی ڕژێمەوە لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بێبەش ببوون. ئاتیلا گرنگی و پێویستیی ئەم کەلێنەی درک پێکرد؛ ڕاستە ئەو پزیشکی مرۆیی نەبوو، بەڵام بڕیاریدا تواناکانی لە خزمەتی خەڵکی ناوچەکە و پێشمەرگە بریندارەکاندا بەکاربهێنێت.
لەرێگەی (گوڵە)ی دایکیەوە کە بەدزییەوە و بە کۆڵ دەرمانی بۆ دەگواستەوە، پێداویستی پزیشکی دابین دەکرد. قەیس قەرەداغی، نووسەر و لێکۆڵەر ئاماژە بە مەترسیی ئەو کارە دەکات و دەڵێت: "گەڕان بەدوای دەرمان لەو سەردەمەدا باجەکەی بڕینەوەی قاچ یان مردن بوو لە گۆشەی زیندانەکاندا". بەڵام دایکە گوڵە بە مووچە خانەنشینییە کەمەکەی هاوسەرەکەی، مەترسییەکانی دەبەزاند و دەرمانی دەگەیاندە کوڕەکەی. ئیتر لە گوندەکانی گەرمیاندا هیچ کەسێک ناوی ئاتیلای بەبێ نازناوی "دکتۆر" نەدەهێنا و بە ماتۆڕسکیلەکەیەوە ببووە فریادڕەسی بریندار و نەخۆشەکان.

رۆحی سەربەرز و دژایەتیی چینایەتی

بنەماڵەی ئاتیلا بە هێزی جەستەیی و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی ناسراوبوون. سەعدوڵای باوکی کە پاڵەوانێکی ناوچەکە بوو، چیرۆکی جوامێرییەکانی تا ئێستاش لە سەر زاری خەڵک ماونەتەوە. ئاتیلاش وەک باوکی هیچ جۆرە جیاکاری و ستەمێکی قبووڵ نەدەکرد.
سۆران عوسمان، بەرپرسی مۆزەخانەی کفری باسی ڕووداوێک دەکات کاتێک ئاتیلا دەستگیر دەکرێت: "بەڕێوەبەری پۆلیس کە دەچێتە زیندان بە تووڕەییەوە دەپرسێت ئەم سەرسەرییە کێیە لە پۆلیسەکانی داوە؟ ئاتیلا لە وەڵامدا دەڵێت: من ئاتیلا سەعدوڵام، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری کفری. بەڕێوەبەری پۆلیس سەرسام دەبێت کە گەنجێکی خوێندەوار و شارستانی ئاوا ئازا و چاونەترس بێت".
ئاتیلا ڕقی لە جیاوازیی چینایەتی بوو. قەیس قەرەداغی دەگێڕێتەوە کە ڕۆژێک لە یانەی فەرمانبەرانی کفری، ئاتیلا تووڕە دەبێت بەهۆی ئەوەی ژوورێک و مێزێکی تایبەت بە گوڵێکەوە بۆ قایمقام دابینکرابوو. گوڵەکەی هەڵدەگرێت و لەسەر مێزی هاووڵاتییە ئاساییەکان دایدەنێت و بەدەنگی بەرز هاوار دەکات: "(هەموومان لە یەک قوڕ درستکراوین)". ئەم هەڵوێستەشی بووە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی هەفتەیەک بە فەرمانی قایمقام زیندانی بکرێت.

ئاتیلا و فاتیلا؛ عەشقێک لە سایەی ئینکاریی کۆمەڵایەتیدا

ژینگە و کولتوور نەبوونە ڕێگر لەوەی دڵی گەنجێکی ڕۆشنبیر و حەیراندۆستی تورکمان لە گوندی بنەکە بە کچێک بەناوی (فاتیمە) سەرسام نەبێت. عەشقی ئاتیلا بۆ فاتیمە ئەوەندە پاک و قوڵ بوو، بە بردنە هێنانی ناوی فاتیمە فرمێسک لە چاوەکانی دەهاتە خوارەوە.
کاتێک ئاتیلا بڕیاری هاوسەرگیری دەدات، نەریت و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی دەبنە بەربەست. خێزانی کچ بەهۆی جیاوازی چینایەتییەوە، داواکارییەکەی ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن: "ئێمه‌ ناتوانین ژنت پێبده‌ین". هەتا نێوەندگیریی سەرکردەکانی پێشمەرگەش نەیتوانی ئەم بەربەستە بپەڕێنێت.
[19/08/2026 7:02 PM] Mohammed Mahmood: سوهام، خوشکی ئاتیلا کە ئێستا لە هۆڵەندا دەژێت، دەڵێت: "ئاتیلا کوڕێکی شەرمن و هەمیشە دەمبەخەندە بوو. کاتێک بووە پێشمەرگە و بە دزییەوە چووینە دیداری، ڕووخساری دڵتەنگیی پێوە دیاربوو. کە پرسیم، باسی لە عەشقی کچەکە کرد بەناوی فاتیمە. گوتی زۆر لە ئەکتەری مصری (هەنا سەروەت) دەچێت، بەڵام بنەماڵەکەی ڕێگرن. بەرلە کارەساتی ئەنفال، فاتیمە بە ئاتیلای گوتبوو: (خوایە ئەگەر بۆیەک نابین، یاخوا بۆ خاک و خۆڵ بین)".

کارەساتی ئەنفال و دیمەنی دوا دیداری عاشقەکان

لە نیسانی ساڵی ١٩٨٨، کاتێک شەپۆلی شومی ئەنفال گوندەکانی گەرمیانی داپۆشی، گوندی بنەکەش بێبەش نەبوو. ئاتیلا کاتێک لە جەولەی پێشمەرگایەتی دەگەڕێتەوە، دەبینێت خێزانی فاتیمە سواری تراکتۆر بوون و بەڕێوەن بەرەو ئۆردووگا زۆرەملێکان. ئاتیلا بەپەلە خۆی دەگەیەنێتە لایان و بەرۆکی خێزانەکەی فاتیمە دەگرێت و دەپاڕێتەوە: "فاتیمەم بدەنێ، تکایە مەیبەن لەگەڵ خۆتان، لێگەڕێن با بەیکەوە بژین". بەڵام هەوڵەکەی بێسوود دەبێت.

لە یاداشتنامەکەیدا، ئاتیلا باس لە دوا دیداریان دەکات کە بۆ یەکەمجار و دواجار ڕووبەڕوو قسەیان کردووە؛ فاتیمە تەنیا گوتبووی: "چی بکەین، ئەم ئەنفالە بەدناوە بەرۆکی گرتووین". بەم جۆرە، فاتیمە و هەزاران ژن و منداڵی دیکەی گەرمیان بەرەو بیابانەکانی باشووری عێراق ڕاپێچ کران و بۆ ئەبەد بێسەروشێن کران.
ئاتیلا لە یاداشتەکانیدا ناوی فاتیمەی لەگەڵ ناوی خۆیدا ئاوێتە کردبوو و دەینووسی "فاتیلا". دوای ڕاپەڕین، مامۆستا عەلی (پەرلەمانتاری پێشوو) یاداشتەکانی ئاتیلا دەسپێرێتە دەست نووسەر (مەهاباد قەرەداغی) و ئەویش دەیکاتە ڕۆمانێکی ناودار لە ئەدەبی کوردیدا بەناوی (ئاتیلا و فاتیلا).

شەهیدبوون لە هەمان شوێنی شەهیدبوونی براکەی

مێژووی ئەم بنەماڵەیە سەرڕێژە لە قوربانیدان. تەیـمور، برای ئاتیلا و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول، ساڵی ١٩٧١ لە پلانی تیرۆرکردنیدا لەلایەن ئەمنی کفرییەوە لە چەمەکەی کفری (لە نێوان گەڕەکی ڕزگاری و ئیسماعیل بەگ) شەهید کرا.
دواتر لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا، ئاتیلا بە دڵێکی شکاو و بریندارەوە گەڕایەوە تا شاری کفری ڕزگار بکات. بەڵام لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١، لە هێرشێکی پێچەوانەی هێزەکانی ڕژێم و لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی شارەکەدا، ئاتیلا ڕێک لە هەمان ئەو شوێنەی کە ٢٠ ساڵ بەرلەو تەیموری برای تێیدا شەهید ببێ، گیانی سپارد و بووە میوانی ئەبەدیی خاک.
بەرلە شەهیدبوونی، ئاتیلا لە تۆمارێکی دەنگیدا بە حەسرەتەوە ئەم شێعرەی وتووە:
“دارەکەی سەرکەل سەر سووتا مەڕۆ
فاتە ئەنفالە و منیش ڕەنجەڕۆ..."


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو