ملکەچنەبوونی بەغدا بۆ ئێران؛ ئایا عەلی زەیدی سەرکەوتوو دەبێت لە چەککردنی میلیشیاکان؟
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٠٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە کاتێکدا حکومەتی عێراق بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانیدا بێت، زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی «فەیلەقی قودس»ی ئێرانی، لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغدا نەیتوانیوە کاریگەری دابنێت لەسەر پلانەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
هەوڵەکەی قائانی بۆ ئەوە بوو ڕێگری بکات لە بڕیاری سەرۆک وەزیران بۆ داماڵینی چەکی «گرووپە چەکدارەکان» تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو.
لە بەرامبەردا، وەک دیارە ئەم بەرپرسە ئەمنییەی ئێران سەرکەوتوو بووە لە ئاراستەکردنی هێزە سیاسییە شیعییەکان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتە هەستیارەدا. ئەمەش لە تۆنی دەنگی سیاسی و گروپەکاندا دەردەکەوێت کە رادەستکردنی چەک رەتدەکەنەوە.
چاودێرانی سیاسی لە بەغدا پەیوەندییەک دەبینن لە نێوان سووربوونی سەرۆک وەزیران لەسەر چەککردنی میلیشیاکان، هاوکات لەگەڵ کشانەوەی دوایین سەربازی ئەمریکی لە عێراق تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو، بەجۆرێک لە جۆرەکان پێکەوە گرێیان دەدات.
ئێران دەیەوێت هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی کە بە «بەرەی موقاوەمە» دەیانناسێنێت و گرووپە عێراقییەکانیشیان تێدایە وەک کارتی فشار بەکاربهێنێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکادا.
کاتێک ڕووداوەکان دەبەستینەوە بەیەکەوە، دیارە دوایین سەردانی قائانی بۆ عێراق، کە وەک هەمیشە بە نهێنی ئەنجام درا، نەخشەی ڕێگای قۆناغی داهاتووی دیاری کردووە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپانەی ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و بەهانەی «پیرۆزی چەک» دەهێننەوە.
ئەو هێز و لایەنە سیاسی و ئایینییانەی سەر بە ئێرانن، داوا دەکەن مەرجەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و حکومەتی عێراق سەبارەت بە چەککردنی گرووپەکان ڕەت بكرێنەوە. ئەوان پێیان وایە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بێهێزکردنی ئێران، چی لە ناوخۆی ئێراندا بێت یان لەگەڵ لایەنگرانیدا لە وڵاتانی ناوچەکە و لەوانەش عێراق.
لە کاتێکدا هێزەکانی «چوارچێوەی هەماهەنگی»ی شیعی (کە خۆیان لە ناوخۆیاندا کۆک نین) هەوڵ دەدەن هاوسەنگی بپارێزن لە پەیوەندییاندا لەگەڵ زەیدی و گرووپە چەکدارەکان لەلایەک، و لە نێوان زەیدی و ئێران لەلایەکی ترەوە، ڕێککەوتی ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو دەبێتە یەکێک لە دژوارترین وادە لە عێراقدا.
ئەم بەروارە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ ئەو هاوپەیمانییە شیعییەی لە ساڵی ٢٠٠٣وە دەسەڵاتدارە؛ واتە لەو کاتەی ئەمریکییەکان دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسین، هاوکاریی هێزە شیعییەکانیان کرد بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.
لە کاتێکدا گرژی هەیە لە نێوان پڕۆژەی سەرۆک وەزیران (کە دەیەوێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و لە دوای مانگی ئەیلوولەوە چەکی دەرەوەی دەوڵەت قبووڵ ناکات) و نێوان پڕۆژەی ئەو گرووپانەی چەک ڕادەست ناکەن بە بیانووی «بەرگری»، سیاسییەکی شیعی بە ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط»ی ڕاگەیاندووە: «ئەو قسەیەی دەڵێت بێچەککردنی گرووپەکان مەترسی لەسەر سیستەمی فەرمانڕەوایی دوای ٢٠٠٣ دروست دەکات، تەنیا بۆ ترساندنی هاووڵاتی سادەی عێراقییە.
هاووڵاتییەک کە ئێستا لە نێوان فشارت گرووپە چەکدارەکان بە بیانووی بەرگریی و فشاری ئەمریکادایە؛ فشارێک کە ڕەنگە بگاتە بێبەشکردنی عێراق لە داهاتی نەوتەکەی کە دەچێتە پەنکی ئەمریکی و بە فڕۆکە دێتەوە بۆ عێراق بۆ دابەشکردنی مووچە.
ئەم سیاسییە، کە پێشتر سەرکردەی حزبی بووە، ئاماژە بە «شکستی هێزەکانی پشکپشکێنەی سیاسی و تایفی دەکات لە بونیادنانی دەوڵەتدا دوای ساڵی ٢٠٠٣». ڕوونیشی دەکاتەوە کە ئەم کەمتەرخەمییە «تەنیا لەسەر شیعهکان ناکەوێت، بەڵکو پەیوەندی بە دوو هاوبەشە سەرەکییەکەی تریشیانەوە هەیە کە کورد و سوننەن».
ئەو سیاسییە زیاتر دەڵێت: «پێداگری لەسەر هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری شیعی لەوەوە دێت کە شیعهکان زۆرینەی دانیشتوانن و لە ئەنجامدا زۆرینەی فەرمانڕەوان لە وڵاتدا». هەروەها ئاماژە دەکات کە خاوەنی ئەم بۆچوونانە پێیان وایە مەترسییەکانی بێچەککردن تەنیا ڕووبەڕووی شیعهکان دەبێتەوە، نه کورد و نه سوننە. بە بڕوای ئەم سیاسییە شیعییە، سەیرکردنی بابەتەکە لەم ڕوانگەیەوە «ڕێکارەکانی حکومەت بۆ کۆکردنەوەی چەک ئاڵۆزتر دەکات».
سەرەڕای ئەمەش، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران پلان دادەڕێژێت بۆ چوونە ناو گرنگترین بنکە و مۆڵگەکانی گرووپی «کەتائیبی حزبوڵڵا» لە عێراق، کە ناوچەی «جرف الصخر»ە لە پارێزگای بابل.
ئەم ناوچەیە بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو چەکدارانەدایە کە بە «سوپای پاسداران»ی ئێرانەوە بەستراونەتەوە. جووڵەی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵات بەسەر «جرف الصخر»دا بەشێکە لە ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی چەک و گەڕاندنەوەی ئاوارهکانی ئەو ناوچەیە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
«ڕێکخراوی بەدر» بە سەرکردایەتی هادی عامری، ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی سەرۆک وەزیرانی لەم بابەتەدا گرتە ئەستۆ. دوای ڕۆژێک لە بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی ڕێکخراوەکە کە ڕادەستکردنی چەکی بە هێز ڕەت کردەوە، بەرپرسی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بابل (کە سەر بە ڕێکخراوی بەدرە) داوای لە زەیدی کرد بە قسەی خۆی «یارییەکە بۆ گەورەکان جێبهێڵێت» لە پرسی کۆکردنەوەی چەکدا.
بەرپرسانی نزیک لە سەرۆک وەزیران وەڵامی ئەم ڕەفتارەیان نەدایەوە، کە وەک ئاڵنگارییەکی ئاشکرا بەرامبەر بەرزترین دەسەڵاتی حکومەت دەرکەوت.
زۆربەی وەڵامەکان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە دەبێت توندترین سزا بەسەر ئەو دەنگانەدا بسەپێنرێت کە پێیان وایە «دەنگی چەکی ناڕەسمی» لە دەوڵەت بەهێزترە، لە کاتێکدا دەبێت تەنیا دەوڵەت مافی بەکارهێنانی چەکی هەبێت.
ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی «شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی» جەختی کردەوە کە شکۆی دەوڵەت بە ئاڵۆزکردن بونیاد نانرێت، بەڵکو بە توانای لە جێبەجێکردنی یاسادا دروست دەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی عێراق کار دەکات بۆ یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و کۆکردنەوەی هەموو هێزە سەربازییەکان لە ژێر چەتری دەوڵەتدا وەک یەک هێز، بەپێی ئەوەی «ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)» بڵاوی کردووەتەوە.
فەریق مەعن گوتیشی: «وادەی ٣٠ی ئەیلوول جێی نیگەرانی نییە، چونکە دەرگای گفتوگۆ و ڕێگە دەستووری و یاسایی و ئیدارییەکان بۆ هەمووان کراوەن. هاوکات ڕێز لە قارەمانێتییەکانی ڕابردوویان دەگیرێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەتە تێرۆریستییەکانی (داعش)، بەڵام بەرژەوەندی ئێستای عێراق پێویستی بەوەیە لەسەر ڕێڕەوی یاسایی ڕاست بەردەوام بین».
لە کۆتاییدا زیادی کرد: «بڕیاری ئاشتی و جەنگ تەنیا لە دەستی دەوڵەتدایە، و بە هیچ جۆرێک فرەبڕیاری یان دروستکردنی هێزی نارەسمی و تەریب بۆ هێزە فەرمییەکان قبووڵ ناکرێت؛ چونکە وڵات بە یەک دەوڵەت، یەک حکومەت، و یەک یاسا بەڕێوە دەچێت، لەگەڵ پاراستنی ڕێز بۆ هەمووان».