خاتەمی بەرگریی لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکات و پشتگیری پزیشکیان دەکات

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:١٢ پاش نیوەڕۆ

خاتەمی بەرگریی لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکات و پشتگیری پزیشکیان دەکات

پەنجەرە

محەممەد خاتەمی، سەرۆکی پێشووتری ئێران پشتیوانی لە دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا کرد. هەروەها هۆشداریدا لە لەدەستدانی ئەو «دەرفەتەی» کە دوای وەستانی شەڕ ڕەخساوە.

میدیای نزیک لە ئیسڵاحییەکان لە زاری خاتەمییەوە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوساندا بڵاویانکردەوە کە وتوویەتی: «دوای شەڕەکە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ وڵات و خەڵک ڕەخسا».
خاتەمی هۆشداریدا لە دووبارە لەدەستدانی دەرفەتەکان و وتی: «هیوادارم ئەمجارە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێت، وەک چۆن بەداخەوە لە ڕابردوودا چەندین جار لەدەست دراوە؛ چونکە ئەگەر ئەم دەرفەتەش بڕوات، مەترسی و هەڕەشەکان زۆر توندتر دەبنەوە.

پشتیوانیکردن لە پزیشکیان

خاتەمی دەستخۆشی لە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و فەرماندە سەربازییەکان کرد بۆ ڕۆشتن بەرەو ڕێککەوتن، ئاماژەی بە ڕەزامەندیی موجتەبا خامنەیی ڕابەری ئێرانیش کرد. خاتەمی وتی: «پێویستە سوپاسی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و ئەو فەرماندانە بکرێت کە بڕیارێکی وا گەورەیان دا، هەروەها سوپاسی ڕابەرایەتیش بکرێت کە پشتیوانی ئەم بڕیارەی کرد».

هەروەها وتی: «پێویستە ڕێز لە ئازایەتی و قوربانیدانی سەرۆک کۆماری بەڕێز بگرین، کە بە ئیمزاکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە شانازیی بۆ ئێران گەڕاندەوە».
ئەم پشتیوانییەی خاتەمی بۆ سەرۆک کۆمار لە کاتێکدایە کە ئاراستەی موحافیزکارەکان ڕەخنەی توند لە حکومەتەکەی پزیشکیان دەگرن بەهۆی سووربوونی لەسەر دانوستان. بەمەش قسەکانی سەرۆکی پێشوو دەبێتە پشتیوانییەکی ڕوون بۆ ئەم بژاردەیە پێش ئەوەی مۆڵەتی لێکتێگەیشتنەکە تەواو بێت.

خاتەمی دۆخی دوای شەڕەکەی بەوە وەسف کرد کە ئێران لە «پێگەیەکی سەربەرزانەی تاڕادەیەک باشدا» داناوە، و وتی دەسەڵاتدارانی وڵات توانیویانە «مانەوە و بوونی خۆیان» بەسەر دوژمنەکانیاندا بسەپێنن.

ئاماژەی بەوەکرد: «ئێمە ئەمڕۆ مانەوەی خۆمان بەسەر دوژمندا سەپاندووە»، و پێی وابوو ئەم پێگەیە یارمەتی ئێران دەدات لە گرژی و ئاڵۆزی دووربکەوێتەوە و هەوڵی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و باشترکردنی ژیانی ئێرانییەکان بدات.

وتیشی: «نابێت هیچ کام لە دوو لایەنەکە ڕێککەوتنەکە پێشێل بکەن. پێویستە وەڵامی پێشێلکاری بە پێشێلکاری نەدرێتەوە، و دەست بۆ هیچ کارێک نەبرێت کە گرژییەکان زیاتر بکات».
هەروەها ئەوەشی ڕەتکردەوە کە لە هیچ ڕێککەوتنێکدا تەنها یەک لایەن هەموو داواکارییەکانی بباتەوە و وتی: «لە هەر ڕێککەوتنێکدا، هەندێژ ئیمتیاز دەدەیت و هەندێک ئیمتیاز وەردەگریت».

«ناکرێت بە شەڕ بژین»

ئەم لێکتێگەیشتنەی بە «ئاشتییەکی بەشەرەف» ناوبرد و پێی وابوو بەردەوامبوونی شەڕ بژاردەیەک نییە کە کۆمەڵگەی ئێران بتوانێت بەرگەی بگرێت.
لە ڕوونکردنەوەی چەمکی «ئاشتی بەشەرەف»دا وتی کە بە مانای «پابەندبوونە بە بڕیاری عەقڵ لە مەیدانی کرداردا»، و زیادی کرد «شەڕ کارێکی زۆر خراپە و ئاشتیش خێرێکی گەورەیە».
ئەو بیرۆکەیەی سەرلەبەر ڕەتکردەوە کە دەڵێت دەکرێت تا کۆتایی بە شەڕ بەرەنگاری دوژمن ببنەوە و وتی «ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە».
زیادیشی کرد: «ئازیزیانم، ئێمە ناتوانین بە شەڕ بژین، واتە خەڵک ناتوانن لە ناو شەڕدا بەردەوام بن، بەردەوامبوونی ژیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی گوزەران و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە شەڕ ناکرێت».

سەرەڕای بەرگریکردنی ڕاشکاوانەی لە ڕێگەی دبلۆماسی، خاتەمی جەختی کردەوە کە ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە متمانەی بە ئەمریکا هەیە. وتی: «هیچ متمانەیەک بە ئەمریکا نییە»، و زیادی کرد کە بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەو، ئیسرائیل «دەست لە هیچ کارێک ناپارێزێت بۆ ئەوەی گرژی و شەڕ بەردەوام بێت».

بەڵام داوایکرد ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببنەوە لە ڕێگەی «بڕیاردانی ژیرانە و دبلۆماسیەتی ورد و ئەژمارکراو»، و کارکردن بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت شەڕ هەڵبگیرسێتەوە و وڵات لە بارودۆخی «نە شەڕ و نە ئاشتی» دەربچێت.

وتیشی ئێران دەتوانێت «بە خۆدوورگرتن لە گرژی» بەرژەوەندییەکان و سەربەرزی و داهاتووی خۆی بپارێزێت، و کەشێک بڕەخسێنێت بۆ ئەو ئێرانییانەی کە لەژێر پەستانی توندی گوزەران و بێهیواییدا دەژین بۆ داهاتوویەکی باشتر.

زیادیشی کرد: «دەتوانین، لە ڕێگەی خۆدوورگرتن لە گرژی، بەرژەوەندییە گشتییەکان و باشەی کۆمەڵگە و سەربەرزی ئێران و داهاتووی بپارێزین، و دەرگای ژیان بۆ ئەو خەڵکە بکەینەوە کە لە تەنگانەیەکی زۆر سەختدا دەژین».
بەردەوام بوو و وتی ئەم ڕێگەیە دەبێت بباتە سەر «ئێرانێکی ئاوەدان و سەربەرز»، و زیادی کرد: «ئەمەیە مانای ئاشتی بەشەرەف».

«هێڵێکی خوێناوی» لەگەڵ کۆمەڵگەدا

قسەکانی خاتەمی تەنها لەسەر سیاسەتی دەرەوە نەمایەوە، بەڵکو چارەسەرکردنی شوێنەوارەکانی شەڕی بەستەوە بە چاکسازی ناوخۆیی و پڕکردنەوەی ئەو دابڕانەی لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا هەیە.
 هوشیاریشی دا لەوەی کە تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستا دەسەڵات دەخاتە بەرامبەر ئەرکی زۆر سەختتر. داوای «چاکسازی بنەڕەتی لە پێکهاتە، ڕوانگە و ستراتیژدا» کرد بۆ باشترکردنی دۆخی خەڵک.
وتی: «لەگەڵ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختەدا، کاری سەختتری دەسەڵات دەست پێدەکات»، و ئاماژەی بە یەکێک لە لایەنەکان کرد کە بریتییە لە دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندی ئێران لەگەڵ جیهاندا، «بە تایبەتی لەگەڵ دراوسێکاندا»، لە سێبەری زیاتربوونی «نیگەرانی و ترسە دوولایەنەکاندا».
خاتەمی دەستەواژەیەکی توندی بەکارهێنا بۆ وەسفکردنی ئەو دابڕانەی لە نێوان دامەزراوەکانی دەسەڵات و خەڵکی ئێراندا هەیە، کاتێک ئاماژەی بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی دا کە وڵاتی هەژاند و وتی: «پێویستە لەبیری نەکەین ئەو هێڵە خوێناوییەی لەم ساڵانەدا مەودای لە نێوان گەل و حکومەتدا دروست کردووە زۆر ڕوون بووەتەوە».
هەروەها ئاماژەی بە کەرتەکانی بەرهەمهێنان، بەرزبوونەوەی نرخەکان، ئابووری، گوزەران و بێکاری کرد وەک کێشەگەلێک کە «ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبن»، و داوای کرد بە بەشداری خەڵک و دانانی «پلانی گونجاو» چارەسەر بکرێن.

کۆتوبەندەکانی ئینتەرنێت

خاتەمی داوای لە حکومەتەکەی پزیشکیان کرد کێشەی ئینتەرنێت چارەسەر بکات، و داوای لێکرد هەنگاوی جدی بنێت بۆ کۆتاییهێنان بەو بەربەستانەی لە دوای شەڕەوە بەردەوامن.
وتیشی بەشێک لە بەربەستەکان «لە کاتی شەڕدا دەکرا پاساوی هەبێت»، بەڵام زیادی کرد بەردەوامبوونیان بووەتە کارێکی «زیانبەخش، بەڵکو مەحاڵیشە».
ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی «ستارلینک» و تۆڕەکانی «VPN» کرد و وتی داخستنی هەموو ڕێگاکانی گەیشتن بە ئینتەرنێت لە بەردەم خەڵکدا «کارێکی ئەستەمە».
زیادیشی کرد کە کار و کاسبی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە بەستراوەتەوە بە ئینتەرنێتەوە، و زۆرێک لە خاوەنکاران، بیرمەندان، توێژەران و تەنانەت خەڵکی ئاساییش کارەکانیان پەکی دەکەوێت ئەگەر ئەم ڕێگرییانە بەردەوام بن.
پێشی وابوو کە فلتەرکردن و بلۆککردن تەنها خەڵک هاندەدات زیاتر ڕێگەکان ببڕن، لە کاتێکدا ئەو زیانانەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت دەیکێشن دەبێتە قازانج بۆ ئەوانەی بازرگانی بە ئامرازەکانی فلتەربڕینەوە (VPN) دەکەن.
ڕاستەوخۆ ڕووی دەمی کردە پزیشکیان و وتی: «هیوادارم بەڕێز سەرۆک کۆمار، بە هەمان ئەو ئازایەتی و ڕاشکاوی و بڕیاردانەی کە لە هەندێک شوێندا لێیمان بینوە، دەستپێشخەری بكات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش».


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو