جەیسۆن ئاردای؛ کۆتاییەکی خەمناک بۆ چیرۆکی کەسایەتییەکی ناوازە

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٢٦ پاش نیوەڕۆ

جەیسۆن ئاردای؛ کۆتاییەکی خەمناک بۆ چیرۆکی کەسایەتییەکی ناوازە

پەنجەرە

چەند ڕۆژێکە ناوەندە ئەکادیمییەکان لە شۆک و دڵتەنگیی دان، ئەویش بەهۆی هەواڵی کۆچی دوایی پرۆفیسیۆر: جەیسۆن ئاردای لە تەمەنی ٤١ ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆیدا لە باشووری لەندەن.

ئەم مردنە کە پۆلیس بە "کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو" ناوی هێناوە و گومانیش دەکرێت خۆکوژیی بێت، کۆتاییەکی تراژیدی بوو بۆ چیرۆکێکی پڕ لە ململانێ لە نێوان سەرکەوتنی ئەفسانەیی و ڕاوەدوونانی میدیایی.

ئاردای کێیە؟

ژیانی جەیسۆن هاوشێوەی فیلمە سینەماییەکان بوو. ئەو منداڵییەکی سەختی تێپەڕاند، بەشێوەیەک بەهۆی نەخۆشی ئۆتیزم و دواکەوتنی گەشە، تا تەمەنی ١١ ساڵی نەیتوانیوە قسە بکات. هاوکات تا تەمەنی ١٨ ساڵی نەیدەتوانی بخوێنێتەوە و بنووسێت. هەربۆیە پزیشکەکان پێشبینییان دەکرد ژیانی لە نەخۆشخانە دەروونییەکان بەسەر ببات.

ئاردای هەموو پێشبینییەکانی تێکشکاند؛ کاتێک توانی لە ماوەیەکی کەمدا فێری خوێندنەوە و نووسین بێت و ببێتە مامۆستایەکی پەروەردەی وەرزشی. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا دکتۆرای بەدەستهێنا و لە ساڵی ٢٠٢٣ بوو بە بچووکترین پڕۆفیسۆری ڕەشپێست لە مێژووی زانکۆی "کامبریدج"ـی ناسراوی بەریتانیا و جیهاندا.

ڕاوەدوونانی میدیایی

لەم مانگەدا و  تەنها چەند ڕۆژێک پێش بڵاوکردنەوەی کتێبی یادەوەرییەکانی بەناوی "شتە مەزن و جێ داخەکان"، جەیسۆن کەوتە ژێر هێرشێکی میدیایی بێبەزەییانە.

ئەو لەلایەکەوە لەلایەن ئەکادیمیستێکی ڕاستڕەوی توندڕەو بەناوی (ناسان کوفناس) تۆمەتبار کرا بەوەی لە نامەی دکتۆراکەیدا هەڵەی لە گواستنەوەی سەرچاوەکاندا کردووە و ئاماژەی پێ نەداون.

لەلایەکی تریشەوە ڕۆژنامە پارێزگار و پۆپۆلیستەکانی وەکو تەلەگراف و تایمز دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەبارەی ژیانی و گومانیان لە ڕاستی قسەکانی پیشاندا بەتایبەتی لەبارەی ئەوەی تا ١١ ساڵی قسەی نەکردووە و هەروەها گومان درووستکردن لەسەر ئەو بڕە پارە زۆرەی کە وەکخۆی وتویەتی بۆ کاری خێرخوازی کۆیکردۆتەوە.

ئەم هەڵمەتە بەشێوەیەکی زۆر خەست و چڕ و پڕ کراون، بەشێوەیەک لە ماوەی تەنها ٢٢ ڕۆژدا، زیاتر لە ٢٤٠ وتاری نەرێنی دژی بڵاوکرایەوە.

بەرگریی کۆتایی و دەستلەکارکێشانەوە

لەبەرامبەر ئەم تۆمەتانەدا، جەیسۆن دانی بەوەدا نا کە بەهۆی ئۆتیزمەکەیەوە هەندێک "هەڵەی تەکنیکی" لە نووسینەکانیدا هەبووە، بەڵام جەختی کردەوە کە هەرگیز مەبەستی دزی ئەدەبی نەبووە.

بۆ پاراستنی خێزانەکەی و ناوبانگی زانکۆکەشی، چەند ڕۆژێک پێش مردنی دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

دەستلەکارکێشانەوەی و هەڵمەتە چرەکان لە دژی، ئەوی بەڕادەیەکی یەکجار زۆر گەمارۆدابوو، ئەمەش کاریکردبووە سەر تەندروستی.
لۆرد سایمۆن وۆڵی، هاوڕێی نزیکی دەڵێت: "جەیسۆن نیوەی کێشی لەدەستدابوو و لە بێئومێدییەکی ڕەهادا دەژیا."

ئەمەش وایکرد ڕۆژی ١٤ـی ئەم مانگە بەفەرمی گیان لەدەستدانی ڕابگەیەنرێت و تائێستاش لەنێوان مردنی ئاسایی یان خۆکوشتن دا، کەیسەکە یەکلایی نەکراوەتەوە.

لەدوای مردنیشی، ڕای زاڵ ئەوەیە کە دۆسییەکە هۆکار و پاڵنەرەکەی تەنها ڕەگەزپەرستییە و هیچی دیکە. ئەوان باس لەوە دەکەن، سەرباری هەموو بەرەوپێشەوەچوونەکان، بەڵام هێشتا تەوژمێکی بەهێز هەیە کە دژایەتی هەمەچەشنی کۆمەڵگا دەکات و پێیوایە کەسانی ڕەشپێست لە زانکۆ و ناوەندە باڵاکاندا جێیان نابێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو