"تاقیکردنەوەیەکی سەختی حکومەتە"؛  بەرپرسێکی باڵای "نوجەبا" دەستگیر دەکرێت

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٢٨ پاش نیوەڕۆ

"تاقیکردنەوەیەکی سەختی حکومەتە"؛  بەرپرسێکی باڵای "نوجەبا" دەستگیر دەکرێت

پەنجەرە

لە هەنگاوێکدا کە چاودێران وەک تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکان لێکیدەدەنەوە، هێزەکانی دژەتیرۆر بەرپرسێکی باڵای ئەمنی و هەواڵگرییان لە "جوڵانەوەی نوجەبا" و "حەشدی شەعبی" دەستگیرکرد. 

ئەم ڕووداوە کە هاوکاتە بە خراپبوونی پەیوەندیی حکومەت و گروپە چەکدارەکان، پرسیاری لەسەر ئەوە درووستکردوە کە تاچەند حکومەت لەم دەستشکانەوەیەدا براوە دەبێت.

عەباس یەعقووبی کێیە و چۆن دەستگیرکرا؟

عەباس حوسێن مەتەڕ ئەلیەعقووبی، کە بە یەکێک لە کارەکتەرە سێبەرە بەهێزەکانی ناو گروپە چەکدارەکان دادەنرێت، دوو پۆستی هەستیاری پێکەوە کۆکردووەتەوە: بەرپرسی هەواڵگریی "جوڵانەوەی نوجەبا" و بەڕێوەبەری هەواڵگریی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی "پشتێنەی بەغداد" لە دەستەی حەشدی شەعبی.

دەستگیرکردنی یەعقووبی، ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی وردی هێزەکانی دژەتیرۆردا لە پارێزگای ذی قار لە باشووری عێراق ئەنجامدرا.

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە بە فەرمانی دادوەر و بەپێی یاسا بووە.

تۆمەتەکان؛ ململانێ لەگەڵ واشنتۆن و پرسی چەک

بەپێی سەرچاوە حکومییەکان، یەعقووبی تۆمەتبارە بە داڕشتنی نەخشە و جێبەجێکردنی هێرشە موشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

بەڵام لە پشت پەردەی ئەم تۆمەتانەوە، ململانێیەکی قووڵتر هەیە؛ حکومەتەکەی عەلی زەیدی وادەی ٣٠ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦ـی وەک دوا مۆڵەت دیاریکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و هەڵوەشاندنەوەی دیاردە چەکدارییە دەرەکییەکان. 

لەبەرامبەردا دەستگیرکردنی ئەم سەرکردە ئەمنییە، کاردانەوەی توندی گروپەکانی لێکەوتەوە. "جوڵانەوەی نوجەبا" کە لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن ئەکرەم ئەلکەعبی دامەزراوە و خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی ڕادیکاڵە دژی بوونی ئەمریکا و بەهێزێکی وەلائی سەر بە ئێران ناودەبرێت، ئەم هەنگاوەی بە "ئاڵۆزکردنێکی مەترسیدار" ناوزەد کرد.

دەستگیرکردنی یەعقووبی وەک پەیامێکی توند بۆ ئەو گروپانە دەبینرێت کە نایانەوێت چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دەرخستنی جیدیەتی حکومەت لە هەنگاوەکەی و ئەوەی گروپەکان نەرمی بنوێنن، یان بەپێچەوانەوە ئەوان زیاتر دەوروژێنێت و ڕەفتاریان بەرامبەر بە حکومەت توند دەکەن؟


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو