ئێران شێوازی شەڕکردنی لەناو عێراق دەگۆڕێت
٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگیریی بە "الحرة"یان ڕاگەیاندووە کە ئێران ڕێگەیەکی نوێی دۆزیوەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی شەڕەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە ناو خاکی عێراقەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لە مانگەکانی ئازار و نیسانی ڕابردوودا، چەند کەسایەتییەکی لوبنانی و ئێرانی هاتووچۆی عێراقیان کردووە و لەو کاتەوە ئەرکی بەڕێوەبردنی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن)یان لە ناو خاکی عێراقەوە گرتووەتە دەست.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن زۆربەی ئەم درۆنانە لە هێڵی سنووریی ڕۆژهەڵاتی عێراقەوە هەڵدراون. هەروەها ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر سعودیە و کوێت، لەلایەن گرووپێکەوە ئەنجامدراون کە ئەم کەسایەتییە ئێرانی و لوبنانییانە سەرکردایەتییان دەکەن. ئامانجی سەرەکیشیان لەم کارە ئەوەیە کە وا پیشان بدەن گرووپە چەکدارە دێرینەکانی عێراق لە پشت ئەو هێرشانەوەن.
جگە لەمەش، سەرچاوەکان پێیان وایە هەمان ئەم گرووپانە بەرپرسن لە زۆربەی ئەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و خاکی سعودیە، بەڵام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم زانیارییانە هێشتا لە ئاستی "سەرەتایی"دان.
ڕۆژی دووشەممە، نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی دژەتیرۆری هەرێم ڕایگەیاند کە هێرشەکان ڕاستەوخۆ لە ناو خاکی ئێرانەوە ئەنجامدراون.
لە لایەکی ترەوە، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێران، لە چەندین ڕاگەیەندراودا ڕەتیان کردووەتەوە کە لە هەفتەکانی دواییدا هیچ هێرشێکیان ئەنجام دابێت.
سەرچاوەیەک لە دەستەی حەشدی شەعبییەوە بە "الحرة"ی وت: "سەرۆکی دەستەکە بەم دواییانە قسەی لەگەڵ هەردوو گرووپی نوجەبا و حزبولا کردووە. ئەوان پێیان ڕاگەیاندووە کە هیچ هێرشێکیان نەکردووەتە سەر سعودیە یان هەرێمی کوردستان، و جەختیان کردووەتەوە کە ئەم لێدانانە کار و کردەوەی ڕاستەوخۆی ئێرانییەکانن."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد: "ئەگەر ئەوان خۆیان هێرشەکانیان ئەنجام دابوایە، بەبێ دوودڵی ڕایاندهگەیاند."
زانیاریی سەرچاوە هەواڵگرییە هەرێمییەکان هاوتا بوو لەگەڵ زانیاریی سەرچاوە عێراقییەکاندا سەبارەت بە بوونی تۆڕێک لە شانەی بچووک کە ڕاستەوخۆ لە سوپای پاسدارانەوە ئاراستە دەکرێن.
ئەم شانانە لە دەرەوەی پێکهاتەی ئاسایی گرووپە چەکدارەکان کار دەکەن و هێرشیان کردووەتە سەر هەولێر و وڵاتانی دراوسێ، لەوانە سعودیە، ئوردن و کوێت.
بەپێی سەرچاوەیەکی سەربازیی عێراقی کە لە باڵیۆزخانەی وڵاتێکی عەرەبیدا کار دەکات و قسەی بۆ "الحرة" کردووە، ئەم شانانە لە مانگەکانی ڕابردوودا دروست بوون، ڕێک لەو کاتەی کە گرووپە چەکدارە عێراقییەکان دەستیان بە گفتوگۆ کردبوو لەسەر ڕادەستکردنی چەکەکانیان.
کەسانێک لە گرووپە سەرەکییەکان هەڵبژێردران و کرانە کۆمەڵەی بچووکی ٥ تا ۱۰ کەسی. هەندێکیان لەو گرووپانە جیا بوونەوە کە ڕازی بووبوون چەک ڕادەست بکەن، و هەندێکی تریشیان نێردرانە ئێران و ڕاهێنانی چڕییان پێ کرا.
ئۆپراسیۆن و کارەکانی ئەم کۆمەڵانە لە ڕێگەی فەرماندەی گرووپە چەکدارەکانەوە تێنەپەڕیوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە سوپای پاسدارانەوە لە ڕێگەی کەسێک بە ناوی "حاجی حامد"، کە سەرۆکی ڕاوێژکارانی سوپای پاسدارانە لە عێراق.
سەیف ڕەعد، پسپۆڕی کاروباری ئەمنی و هەواڵگری ڕایگەیاند: "سەرکردایەتیی ئەم گرووپە بچووکانە لەلایەن سەرکردەی بیانییەوە بەڕێوەدەبرێن، کە بریتیین لە سەرکردەی حوسی، سەرکردەی لوبنانی و سەرکردەی ئێرانیش."