نهێنیی بێدەنگیی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی هێرشەکەی سەر بارەگای مەسرور بارزانی

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٤٠ پاش نیوەڕۆ

نهێنیی بێدەنگیی بافڵ تاڵەبانی لەبارەی هێرشەکەی سەر بارەگای مەسرور بارزانی

پەنجەرە

بێدەنگیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرامبەر هێرشەکەی سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی لە پیرمام و کاردانەوە توندەکەی بۆ هێرشی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، پرسیارێکی جەوهەری دروستکردووە: بۆچی لە دوو ڕووداوی هاوشێوەدا، دوو هەڵوێستی جیاوازی هەبوو؟

• بێدەنگییەکی مانابەخش

دوای هێرشە درۆنییەکەی ئەم دواییەی سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پیرمام، زۆر لایەنی ناوخۆیی و دەرەوە بەیاننامەی ئیدانە بۆ هێرشەکە و پشتیوانی بۆ بارزانی دەرکرد، بەڵام هیچ بەیاننامەیەک بەناوی بافڵ تاڵەبانییەوە دەرنەچوو.

لەبری ئەوە، قوباد تاڵەبانی برای، وەک جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەرکی ئیدانەکردنی گرتە ئەستۆ و هێرشەکەی بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریی عێراق" ناوبرد.

ئەم بێدەنگییەی ئێستا، بە تەواوی پێچەوانەی ئەو هەڵوێستە بوو کە بافڵ تاڵەبانی لە مانگی ئاداری ڕابردوو نیشانیدا، کاتێک ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک کرایە ئامانج.

لەو کاتەدا، تاڵەبانی بە تووڕەییەوە هاتە دەنگ و لە هەژماری فەرمیی خۆی لە (X) نووسی: "ئەمە کارێکی قبوڵنەکراوە و هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری." تەنانەت داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی کرد بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی.

• ئەم جیاوازییە بۆ؟

چاودێران پێیانوایە سێ هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم دوو هەڵوێستە جیاوازەی سەرۆکی یەکێتییەوەن.

یەکەمیان فاکتەری ئێرانە. لە هێرشەکەی هەولێردا، پەنجەی تۆمەت بۆ لایەنی ئێرانی درێژ دەکرێت. بەهۆی پەیوەندییە مێژوویی و ستراتیژییەکانی یەکێتی و تاران، ڕەنگە بافڵ تاڵەبانی نەیەوێت بە دەرکردنی بەیاننامەی توند، خۆی بخاتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکەی.

دووەم هۆکاریش پەیوەستە بە پەیوەندیی نێوان بافڵ تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی لەلایەک و مەسرور بارزانی لەلایەکی ترەوە. بەشێوەیەک هەمیشە پەیوەندییەکەی لەگەڵ یەکەمیان لێکتێگەیشتنی زیاتری تێدا بووە، بەپێچەوانەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی بەردەوام ساردوسڕ بووە و ئێستاش بە بەربەستی سەرەکی دەزانن لە بەیەک نەگەیشتنی پارتی و یەکێتی بە گەڵاڵەنامەیەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

هۆکاری سێیەمیش، پەیوەستە بە تەکتیکی سیاسی و دابەشکردنی ڕۆڵەکانەوە. لەکاتێکدا قوباد تاڵەبانی وەک نوێنەری حزب لە حکومەت، پەیامە فەرمییەکان دەگەیەنێت بۆ پاراستنی یەکپارچەیی دامەزراوەکان، بەڵام بافڵ تاڵەبانی وەک کەسی یەکەمی حزب، مەودایەکی سیاسی دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی وەک کارتێکی فشار لە بەرامبەر ئەو حزبەدا بەکاریبهێنێت.

لە کۆتاییدا ئەم جیاوازییە لە هەڵوێستەکاندا دەریدەخات کە لە سیاسەتدا هەموو جار قسەکردن لێکەوتە و دەنگدانەوە درووستناکات، بەڵکو هەندێکجار بێدەنگیی دەنگدانەوەی زیاترە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو