حـیـ..ـزبـ..ـوڵڵا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە دەخاتە سەر مێزی حکومەت

٢٣ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٣٧ پاش نیوەڕۆ

حـیـ..ـزبـ..ـوڵڵا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە دەخاتە سەر مێزی حکومەت

پەنجەرە

لە پەرەسەندنێکی نوێی ئاڵۆزییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و گروپە چەکدارە وەلائییەکان، ئەو گروپەکانە دۆسیەی چەککردن و سنووردارکردنی چالاکییەکانیان بە هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە دەبەستنەوە.

دوێنێ سێشەممە، ئەبو موجاهید ئەلعەساف، بەرپرسی ئەمنیی "کتائب حـیـ..ـزبـ..ـوڵڵا"، هێرشێکی توندی کردە سەر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هۆشداریی نامەیەکی ئاراستە کرد.

عەساف، زەیدی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "خێزانی موجاهیدان دەترسێنێت" لە ڕێگەی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان کە بە وتەی ئەو "لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ئەمریکادایە".

٠ سێ مەرج بۆ "کۆتاییهێنان بە تەنگژەکان"

بەرپرسی ئەمنیی کتائب حـیـ..ـزبـ..ـوڵڵا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی کە بە "عەنتەرییەکانی ئەم گەنجە" (مەبەستی سەرۆکوەزیرانە) ناوی برد، سێ مەرجی سەرەکی وەک بنەمایەک بۆ هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێک یان ڕێکخستنەوەی کارەکان لەگەڵ حکومەتدا دیاری کرد:
١. چوونە دەرەوەی تەواوەتی و ڕاستەقینەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
٢. دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لە باکووری عێراق.
٣. هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە هەرێمی کوردستان.

• پێشمەرگە بە "مەترسیدارترین میلیشیا" ناودەبرێت

ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی "کتائب حـیـ..ـزبـ..ـوڵڵا"دا وەک فشارێکی نوێ دەردەکەوێت، تێوەگلاندنی ناوی پێشمەرگەیە لە ململانێکانی بەغداد. 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە هەڵبوەشێنرێنەوە، چونکە ئەوان پڕچەکترین و مەترسیدارترین میلیشیان بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق."

هەروەها گروپەکە تۆمەتی قورسی ئاراستەی هێزە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و رایانگەیاندووە کە پێشمەرگە "پەیوەندی گوماناوی لەگەڵ دوژمنی زایۆنی-ئەمریکی هەیە".

• پەیامێک بۆ حکومەتی زەیدی

چاودێران پێیانوایە ئەم لێدوانانەی کتائب حـیـ..ـزبـ..ـوڵڵا، هەوڵێکە بۆ پەکخستنی هەر هەنگاوێکی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گروپە چەکدارەکان. بە تێکەڵکردنی دۆسیەی پێشمەرگە لەگەڵ پرسی چەککردنی گروپەکانی ناو حەشد، ئەم گروپانە دەیانەوێت فشار بخەنە سەر سەرۆکوەزیران و هەرێمی کوردستان و دۆسیەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی سیاسی و نەتەوەیی بەرن، تاوەکو حکومەت نەتوانێت بەتەنیا مامەڵە لەگەڵ چەکی گروپە وەلائییەکاندا بکات.

تا ئێستا حکومەتی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی وەڵامی ئەم هەڕەشانەی کتائب حـیـ..ـزبـ..ـوڵڵایان نەداوەتەوە، بەڵام ئەم زمانە توندە ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێی گرژییەکان لە نێوان حکومەتی ناوەندیی و باڵە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو