بڕیارەکەی ئیمارات؛ زەبرێکی کوشندە لە ئابووریی ئێران

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٣:٥٨ پاش نیوەڕۆ

 بڕیارەکەی ئیمارات؛ زەبرێکی کوشندە لە ئابووریی ئێران

پەنجەرە

زیاتر لە سەدەیەک پێش ئێستا، بەر لەوەی نەوت ببێتە شادەماری ئابووریی ناوچەی کەنداو ، کەشتییە بازرگانییەکان لە نێوان بەندەرەکانی باشووری ئێران و ئیماراتدا دەهاتن و دەچوون؛ شمەک، بازرگانان و سەرمایەکانیانی دەگوێزایەوە.

بە تێپەڕبوونی کات، شێوازی ئەم بازرگانییە گۆڕا و زۆر فراوانتر بوو. بەشێکی گەورەی کارەکان گواسترایەوە بۆ ناو کانتینەرەکان، ناوچە ئازادەکان، کۆمپانیاکانی گواستنەوە و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو. لەم نێوەندەدا بەندەری جەبەل عەلی بوو بە یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی بازرگانی لە ناوچەکەدا. بەڵام کەشتییە دارینە کۆنەکان، کە بە "دهو" ناسراون، بە تەواوی دانەبڕان و بەردەوام بوون لە گواستنەوەی خۆراک، ئامێری کارەبایی و کەلوپەلی ڕۆژانە بۆ بەندەرەکانی ئێران.

ئەمڕۆ، ئەم پەیوەندییە مێژووییەی کە توانیبوی بۆ دەیان ساڵ بەرامبەر سزا ئابوورییەکان و گرژییە سیاسییەکان خۆی ڕابگرێت، ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین تاقیکردنەوەکانی دەبێتەوە.

ئیمارات ڕایگەیاند کە تەواوی چالاکییە بازرگانییەکان، ئاڵوگۆڕی کەلوپەل و مامەڵە داراییەکانی لەگەڵ ئێران تا کاتێکی نادیار ڕادەگرێت. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە تاران تۆمەتبار کرا بە هەڵدانی دوو ساروخی بالیستی کە ئاسایشی دەریاوانییان خستبووە مەترسییەوە و لە دەریاکەدا کەوتبوون. لە بەرامبەردا، ئێران بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەی ڕەتکردەوە و تۆمەتەکانی ئیماراتی بە "بێ بنەما" ناوبرد.

بەڵام ئەگەر ئەم بڕیارە بە تەواوی جێبەجێ بكرێت، کاریگەرییەکانی زۆر لە جووڵەی گواستنەوەی کەلوپەل زیاتر دەبن؛ چونکە دوبەی وەک یەکێک لە گرنگترین دەروازە بازرگانی و داراییەکانی ئێران بەرامبەر جیهان ئەژمار دەکرێت.

ئایا قەبارەی ڕاستەقینەی ئەم پەیوەندییە چەندە؟ ئایا ئیمارات دەتوانێت بە تەواوی ئەم دەروازەیە دابخات؟ ئایا ئێران دەتوانێت شوێنگرەوەیەک بۆ دوبەی بدۆزێتەوە؟ دەربارەی "ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیمی" و کاریگەرییان لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی دەزانین؟

دوای جەنگ، کۆچکردنی شارەزایان و پیشەوەرانی ئێرانی بۆ دوبەی ڕووی لە زیادبوون کرد. لە کاتی جەنگی ئێراق و ئێراندا، ئەبو زەبی زیاتر لایەنگری هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو بوو کە پشتیوانییان لە ئێراق دەکرد، لەکاتێکدا دەیبی وەک بنکەیەکی بازرگانی و پشتیوانیی گرنگ بۆ ئێران مایەوە. ئەمەش هاوسەنگییەک بوو لە نێوان حیساباتی ئەمنی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان کە بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بوو.

تاقیکردنەوەیەکی ئابووری گەورەتر کاتێک هاتە پێشەوە کە ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی 2006 ڕەشنووسی سزاکانی پەسەند کرد و لە ساڵی 2010 توندتری کردن. ئیمارات چاودێرییەکانی بەسەر کۆمپانیا و حەواڵەکانی پەیوەندیدار بە ئێران زیاتر کرد، بەشێک لە کۆمپانیاکانی داخست و هەژماری بانکیی ئەو لایەنانەی سڕکرد کە لە ژێر سزادا بوون. لە ئەنجامدا، بازرگانیی دەیبی لەگەڵ ئێران لە 9.8 ملیار دۆلار لە ساڵی 2011 گۆڕا بۆ 6.8 ملیار لە ساڵی 2012دا، بەڵام هیچ کات بە تەواوی نەوەستا.
دواتر ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015 هەناسەیەکی تازەی بە پەیوەندییەکان بەخشی، بەر لەوەی دووبارە بکەوێتەوە ژێر گوشار دوای کشانەوەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 و سەپاندنەوەی سزاکان. 
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی، لە ساڵی 2024دا ئیمارات دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران بوو دوای چین؛ بە جۆرێک کە 30.6٪ی تەواوی کەلوپەلە هاوردەکراوەکانی ئێران لە ئیماراتەوە دەهاتن، هەروەها ئیمارات سێیەم گەورەترین شوێن بوو بۆ هەناردەکردنی کاڵاکانی ئێران.
لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئیمارات خۆی لە هێڵی پێشەوەی وەڵامدانەوەکانی ئێراندا بینییەوە و ڕووبەڕووی نزیکەی سێ هەزار هێرشی ساروخی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە، کە ئەمەش زیاتر بوو لە هەر وڵاتێکی تری ناوچەکە.
ئەگەرچی سیستەمی بەرگریی ئیمارات زۆربەی هێرشەکانی تێکشکاند، بەڵام هێرشەکان بوونە هۆی کوژرانی 15 کەس و برینداربوونی سەدان کەسی تر. هەروەها دەیان هەزار دانیشتووی بیانی بە شێوەیەکی کاتی وڵاتەکەیان جێهێشت، و کەرتەکانی گەشتوگوزار، گەشتی ئاسمانی و بازرگانی زیانی بەرچاویان بەرکەوت.
ئیمارات یاسای توندی بەسەر بازرگانی لەگەڵ ئێراندا سەپاند و گواستنەوەی ڕاستەوخۆ پەکی کەوت. بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی لە مانگی حوزەیراندا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا کرا، بووە هۆی دووبارە بوژانەوەی هەندێک لە ڕێڕەوەکان، بەتایبەت کاتێک هێرشەکان بۆ سەر خاکی ئیمارات کەمیان کردەوە.
 ڕۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز) ئاماژەی بەوە کرد کە کەشتییە دارینەکان گەڕاونەتەوە بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە دوبەیەوە بۆ ئێران و هەندێک لە گەشتە ئاسمانییەکان دەستیان پێکردووەتەوە، هەروەها ڕێگە بە گەڕانەوەی هەزاران ئێرانی دراوە کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان هەیە.
بەڵام ئەم بارودۆخە زۆر بڕی نەکرد. لە هەفتەکانی دواییدا، ئیمارات ئێران تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییانەی کۆمپانیای "ئادنۆک" لە تەنگەی هورمز بەڕێوەیان دەبات. هەروەها هەڵدانی دوو ساروخەکە لە ڕۆژی سێشەممەدا بووە هۆی ئەوەی دوای چەندین مانگ، یەکەم ئاگادارکردنەوەی بەپەلە (Warning) بۆ تلفۆنی دانیشتووانی ئیمارات بنێردرێت.
ئیلی هیندی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەبو زەبی، پێیوایە بڕیاری ئیمارات بۆ ڕاگرتنی بازرگانی و مامەڵە داراییەکان لەگەڵ ئێران، نیشانەی گۆڕانی سیاسەتی ئەم وڵاتەیە لە هێورکردنەوەی بارودۆخەکەوە بۆ بەکارهێنانی گوشاری ئابووری.
ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە وڵاتانی کەنداو ئابووری و ناوبانگی خۆیان لەسەر بنەمای سەقامگیری، کرانەوە و بازرگانی دروستکردووە، بۆیە بە ئاسانی دەستبەرداری ئەم بەرژەوەندییانە نابن مەگەر هەست بە "مەترسییەکی بەهێز بۆ سەر بوونی وڵاتەکەیان" بکەن.

ڕاگرتنی بازرگانی چەند ڕۆژێک دوای کۆتایی هاتنی لێکتێگەیشتنەکان هات، هاوکات بوو لەگەڵ نیشانەکانی توندترکردنی گوشارەکانی واشنتۆن بۆ سەر ئێران. 
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەگەڵ شێخ تەحنون بن زاید، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیمارات، تاوتوێی ئاسایشی ناوچەکە و ئازادی دەریاییان لە هورمز کردبوو. بەڵام هیچ بەڵگەیەکی ئاشکرا نییە کە ڕابگەیەنێت ئەم بڕیارە بە هەماهەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن درابێت.

زیاتر لە بازرگانییەکی ڕاستەوخۆ

دیاریکردنی قەبارەی تەواوی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە یەک ژمارە ئاسان نییە. بەپێی ئامارەکانی ئیمارات بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆی بازرگانی تۆمارکراوی لەگەڵ ئێران لە ساڵی 2024دا نزیکەی 6.6 ملیار دۆلار بووە.
بەڵام ئەو ئامارانەی ئێران لای خۆی تۆماری کردوون ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوردەکردن لە ئیماراتەوە نزیکەی 21 ملیار دۆلار بووە و هەناردەکردنیش بۆی زیاتر لە 7 ملیار دۆلار بووە، واتە کۆی گشتییەکەی زیاتر لە 28 ملیار دۆلارە.
ئەم جیاوازییە گەورەیە بۆ شێوازی تۆمارکردنی کاڵا هاوردەکراو و دووبارە هەناردەکراوەکان لە ناوچە ئازادەکاندا دەگەڕێتەوە، هەروەها دیاریکردنی وڵاتی سەرەکیی دروستکەری کالاكە. جگە لەوەش، نیشان دەدات چەندە سەختە پێوانەکردنی پەیوەندییەکی بازرگانی کە بەشێکی زۆری لە ڕێگەی دەستەو ناوبژیوانانەوە ئەنجام دەدرێت.
نادر حەبیبی، شارەزای ئابووری ئێرانی، دەڵێت گرنگیی ئیمارات تەنها لەو کەلوپەلانەدا نییە کە دەگەنە بەندەرەکانی و دەنێردرێن بۆ ئێران، بەڵکو بەهۆی ڕۆڵی ئەو ئێرانییانەوەیە کە لە ئیمارات دەژین و ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکانی ناو ئێران دەکەن تا پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوە هەبێت. ئەو دەڵێت بەشێکی زۆری ئەم کارانە بازرگانی یاساییە لەو کەلوپەلانەی سزایان لەسەر نییە، بەڵام هەندێک کۆمپانیا وەک پردێک کار دەکەن بۆ ئاسانکاری بازرگانی بۆ ئەو لایەنانەی لە ژێر سزادان.

"بازاڕی درهەم"

ڕۆڵی ئیمارات تەنها لە ئاڵوگۆڕی کەلوپەلدا نەوەستاوە. بەهۆی بڕانی پەیوەندی بانکەکانی ئێران لە سیستەمی دارایی جیهانی، بازرگانانی ئێران پشتیان بە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئیمارات بەستووە بۆ دانانی پارەکانیان بە درهەم.
حەبیبی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کۆمپانیایانە، چ ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی سیستەمی حەواڵەی نەریتییەوە، هاوکار بوون لە ڕێکخستنی پارەدانی بازرگانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی تردا. بەم شێوەیە، نرخ دراو لەوەی لە ناو ئێراندا بە "بازاڕی درهەم" ناسراوە، بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ دیاریکردنی بەهای ڕیاڵی ئێرانی.
ئەگەر بڕیاری ڕاگرتنەکە بە سەر کۆمپانیاکانی حەواڵە و ئاڵوگۆڕی دراودا بە توندی جێبەجێ بكرێت، کاریگەرییەکەی دەگاتە ئەو بازرگانییانەش کە کاڵاکانیان لە ئیماراتەوە تێپەڕ نابێت، بەڵام بۆ مامەڵە داراییەکانیان پشتبەستوون بە دەیبی.
حەبیبی دەڵێت: "لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و ئێراندا، گرنگترین شت جێبەجێکردنەکەیەتی؛ واتە چۆن حکومەتی ئیمارات بڕیاری جێبەجێکردنی ئەم یاسا و ڕێکارانە دەدات."
ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەزموونەکانی ڕابردوو نیشانیان داوە داخرانی ڕێگە ڕەسمییەکان کارەکان بە تەواوی ڕاناگرێت، چونکە بازرگانان ڕێگەی ناڕاستەوخۆ و کۆمپانیای ناوەندکار دەدۆزنەوە.

سەبارەت بە زیانەکان، پێشبینی دەکرێت سەرەتا لەو کەرتانەدا دەربکەون کە پشتبەستوون بە کەرەستەی هاوردەکراو لە ئیماراتەوە، وەک: خۆراک، دەرمان، ئامێری ئەلیکترۆنی، پارچەی ئۆتۆمبێل و ئاژەڵداری.
 ڕەنگە ئەم کەلوپەلانە بە تەواوی لە بازاڕدا نەمێنن، بەڵام لە ڕێگەی دوورتر و بە تێچووی زیاترەوە دەگەن، کە ئەمەش نرخیان لەسەر هاووڵاتییان و کارگەکان گرانتر دەکات.
ئێران لە ماوەی دەیان ساڵ لە ژێر سزادا، ئەزموونێکی زۆری لە گەڕان بەدوای ڕێگەی جێگرەوەدا پەیدا کردووە. حەبیبی ئەم بارودۆخە بە "یاری پشیلە و مشک کە زیاتر لە دوو دەیەیە بەردەوامە" وەسف دەکات.
تاران دەتوانێت بەشێک لە بازرگانییەکەی بگوێزێتەوە بۆ تورکیا، ئێراق، عومان، پاکستان و ئاسیای ناوەڕاست. پێشتریش، کاتێک جوولە لە کەنداو سەخت بوو، ئێران بازرگانیی سنوورە وشکانییەکانی زیاتر کردبوو.
بەڵام ئەم وڵاتانە ناتوانن بە ئاسانی هەموو ئەو ئاسانکارییانە پێکەوە پێشکەش بکەن کە دەیبی هەیبوو؛ وەک نزیکی جوگرافی، بەندەری جیهانی، سیستەمی دارایی بەهێز و بوونی کۆمەڵگەیەکی بازرگانی ئێرانیی کۆن. جگە لەوەش، گۆڕینی ڕێڕەوەکان کاتی دەوێت و تێچووی گواستنەوە بەرز دەکاتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە جێگرەوانە.

زیانەکان تەنها بۆ لایەنێک نین. کۆمپانیاکانی گواستنەوە، کۆگاکان، کۆمپانیاکانی دووبارە هەناردەکردنەوە و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئیمارات بەشێک لە کارەکانیان لەدەست دەدەن. حەبیبی دەڵێت: "ئەم بازرگانییە زۆر بەسوود بوو بۆ ئیماراتیش، چونکە داهاتێکی باشی لە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ دابین دەکردن."
با بەم جۆرەش بێت، کاریگەرییەکان لەسەر ئیمارات کەمتر دەبن بەراورد بە ئێران، چونکە ئابووریی ئیمارات گەورەتر و هەمەجۆرترە. ئیمارات دەتوانێت زیانی ئەم بەشە لە بازرگانی قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام ئێران پێشکەوتووترین و نزیکترین ناوەندی بازرگانیی جیهانی خۆی لەدەست دەدات.
ئیلی هیندی پێیوانییە پەیوەندییەکان گەشتبێتنە خاڵێکی بێگەڕانەوە. ئەو دەڵێت: "لە سیاستدا هیچ خاڵێک نییە کە گەڕانەوەی بۆ نەبێت،" و ئاماژە دەکات کە جوگرافیا و مێژوو لە کۆتاییدا هەردوو لایەن دەگەڕێنێتەوە سەر یەک مێزی گفتوگۆ.
بەڵام زیاتر دەڵێت: "شتێک لە نێوانیاندا شکاوە و متمانە بە تەواوی نەماوە، کە دەبێت هێدی هێدی هەوڵی دروستکردنەوەی نادرێت."
بۆیە پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا بازرگانی دەستپێدەکاتەوە یان نا، بەڵکو ئەوەیە کەی دەستپێدەكاتەوە، بە چ قەبارەیەک دەبێت، و چەند لەم بازرگانییە بە یەکجاری دەگوێزرێتەوە بۆ ڕێڕەوی تر ئەگەر دەروازەی دەیبی بۆ ماوەیەکی درێژ بە داخراوی بمێنێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو