لێدان لە "بانکی ئێران"؛ ئیمارات شادەماری ئابووریی تاران دەپچڕێنێت

٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٤:٢١ پاش نیوەڕۆ

لێدان لە "بانکی ئێران"؛ ئیمارات شادەماری ئابووریی تاران دەپچڕێنێت

پەنجەرە

ئیمارات بڕیاریدا هەموو مامەڵە دارایی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران تا کاتێکی نادیار ڕابگرێت. هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ موشەکبارانکردنی وڵاتەکەی لەلایەن ئێرانەوە گێڕایەوە.

ئەم بڕیارە جارێکی تر سەرنجی خستەوە سەر پەیوەندییە گرژەکانی نێوان ئەم وڵاتە گەورەیەی کەنداو کە بەرهەمهێنەری نەوتە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەگەرچی تاران بە شێوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە ڕووداوەکە ڕەتکردەوە.

ئیمارات کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا و ئیسرائیلە و هێزێکی بەهێزی ئابووریی ناوچەکەیە، یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کەنداو کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە لە ناوچەکەدا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. بەڵام دوا هێرشی ئێران بۆ سەر خاکی ئیمارات دەگەڕێتەوە بۆ ٤ی ئایاری ڕابردوو، کە بەندەری فوجێرەی کردبووە ئامانج؛ کە بەندەرێکی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتە.

لە بەیاننامەیەکی ئیماراتیدا هاتبوو: "هەڵسەنگاندنەکان دەریاخستووە ئەو دوو مووشەکە بالیستییە لە ئێرانەوە تەقێنراون و ئامانجیان لێدان بووە لە جووڵەی کەشتیوانیی بازرگانی".

عەفرا ئەلهاملی، بەڕێوەبەری ئیدارەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند، وڵاتەکەی "بەردەوام پشتیوانی لە دیالۆگ، هاوکاری و پێکەوەکارکردنی ناوچەیی دەکات، وەک ڕێگەی سەرەکی بۆ بەهێزکردنی ئاشتی، سەقامگیری و ئاوەدانی لە ناوچەکەدا".

ژمارەیەک چاودێر پرسیار لەبارەی لێکەوتەکانی ئەم بڕیارەی ئیمارات دەکەن، بەتایبەت کە شاری دوبەی وەک دەروازەیەکی زۆر گرنگ دەبینرێت کە تاران ناتوانێت دەستبەرداری بێت بۆ مامەڵە دارایی و بازرگانییەکانی. 

دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەوروپی لە ناوچەکەدا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "نوێ زوریخەر زایتونگ"ی سویسری (کە بە زمانی ئەڵمانی دەردەچێت)، دوبەی بە "بانکی ئێران" وەسف کرد. 

هەروەها سەرچاوەیەک لە باڵیۆزخانەیەکی تری ئەوروپی بۆ هەمان ڕۆژنامە پشتڕاستی کردەوە کە "سەرمایەیەکی زۆری ئێرانی کە بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت، لە هەژمارە بانکییەکانی ناو ئیماراتدا هەیە".

ناوەڕۆک و زەمینەی بڕیارەکەی ئیمارات

ئیمارات لە چەندین دەیەی ڕابردوودا جێگەی حەوانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئێرانییەکان بووە، و یەکێک بووە لە گرنگترین هاوبەشە بازرگانییەکانی تاران، سەرباری ئەو سزایە ئابوورییە توندانەی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپێنراون. 

دوای هەڵگیرسانی جەنگ و کەوتنەبەر هێرشی خاکی ئیمارات لەلایەن ئێرانەوە، ئیمارات چەند ڕێکارێکی وریایانەی گرتەبەر، لەوانە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تاران و داخستنی ئەو قوتابخانانەی گومانیان لێدەکرا لەژێر کاریگەریی ئێراندابن. 

بەم پێیە، بڕیاری ڕاگرتنی مامەڵە دارایی و بازرگانییەکان، نوێترین و توندترین ڕێکاری ئیماراتە دژی تاران. ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی هەوڵێکی گشتیی ئەمریکاوە بۆ توندکردنی گەمارۆی ئابووری و دارایی لەسەر تاران.

تۆڕی جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریدابووە  بانکەکان کە تۆڕە ئێرانییەکان کۆمپانیای وەهمی و ساختە لە وڵاتانی سێیەمدا دروست دەکەن، و زۆرجار ناوچە ئازادە بازرگانییەکان بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێنن کە مەرجی گونجاویان تێدایە. 

بڕوا وایە لایەنە ئێرانییەکان زۆرجار کۆمپانیا بازرگانییە گشتییەکان لە ناوچە ئازادەکانی ئیمارات، و کۆمپانیاکانی هۆنگ کۆنگ بەکاردێنن کە ڕێگەی هەژماری بانکی لە چینەوە مامەڵە دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکە، هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران بە پلەی یەکەم لە سینگاپوور و هۆنگ کۆنگن. 

ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات لە پۆستێکدا لە ئێکس نووسیویەتی: "ئەو دەنگۆیانەی بڵاودەکرێنەوە وەک هەڵوەشاندنەوەی ئیقامەی کرێکاران یان پێشکەشکردنی ئاسانکاریی دارایی بۆ ئێران... زانیاریی هەڵەن و لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی نائومێدکارانەدان.

"فشار خستنە سەر" تاران و "وەڵامدانەوەی" ئەبو زەبی

ئەگەرچی ئێران لە ٤ی ئایارەوە هێرشکردنە سەر خاکی ئیماراتی ڕاگرتووە، بەڵام کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی سەر بە کۆمپانیای دەوڵەتیی "ئەدنۆک"ی ئیماراتی لە هەفتەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی چەندین هێرش بوونەتەوە. 

لە ٨ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند مووشەکێک بەر کەشتییەکی ئەدنۆک کەوتووە لە کاتی تێپەڕبوونی لە گەرووی هورمز. 
لە ١٤ی هەمان مانگدا، وەزارەتەکە ئاشکرای کرد کە دوو کەشتیی تری هەمان کۆمپانیا لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووەکە کراونەتە ئامانج. لە هیچ ڕووداوێکدا برینداربوون تۆمار نەکراوە. 

ئەبو زەبی هێرشەکانی بە پێشێلکارییەکی ڕوون بۆ بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئازادیی کەشتیوانی وەسف کرد و ڕایگەیاند: "هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و بەکارهێنانی گەرووی هورمز وەک ئامرازێک بۆ فشاری ئابووریی، ڕەفتاری جەردەیی دەریاییە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەکرێت".

ئێران پێشتر گەرووی هورمزی داخستبوو کە کەشتییەکانی زۆربەی بەندەرەکانی ئیمارات بەکاری دەهێنن.

لەبارەی ئەم بابەتەوە، ماڵپەڕی "ORF"ی سەر بە تۆڕی ڕادیۆی نەمساوی (١٩ی ئاب) نووسیویەتی: "ئەو قەدەغە بازرگانییەی ئیمارات سەپاندوویەتی زیانێکی زۆر بە ئێران دەگەێنێت. 
پێش جەنگ، ئیمارات دووەم گرنگترین هاوبەشی بازرگانیی تاران بوو لە دوای چین. بەپێی ئامارەکانی ئێران، ئەبو زەبی لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە بەهای نزیکەی ٢٢ ملیار دۆلاری ئەمریکی کەلوپەلی بۆ ئێران هەناردە کردووە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێران گرنگترە ناوەندی دارایی دوبەی بوو.
 چاوەڕوان دەکرێت ڕاگرتنی بازرگانی لێدانێکی سەخت بێت لە ئابووریی ئێران، کە خۆی لە قووڵترین قەیرانی چەندین دەیەی ڕابردوودایە. ڕێژەی گرانیی خۆراک بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو ١٣٠٪ی تێپەڕاندووە. سندوقی نێودەوڵەتیی پول (IMF) پێشبینی کردبوو ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئێران لەم ساڵدا بگاتە نزیکەی ٧٠٪، هاوشانی پاشەکشەی ئابووری بە ڕێژەی ٥.٤٪. هەروەها دراوی ئێرانی (تمەن) نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی تۆمارکردووە"، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕە نەمساوییەکە بڵاوی کردۆتەوە.

فشاری ئابووریی ئەمریکا؛ "کەمەرشکێنترین لە مێژوودا"

دۆناڵد ترەمپ (چوارشەممە ٢٠ی ئاب) هەڕەشەی کرد کە هەر وڵاتێک یارمەتیی ئێران بدات یان مامەڵەی بازرگانی لەگەڵدا بکات، ڕووبەڕووی لێکەوتەی ئابووریی زۆر سەخت دەبێتەوە، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ڕەنگدانەوەی توندکردنەوەی فشارە ئابوورییەکانی واشنتۆنە بۆ سەر تاران. 

سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنم کە هەر وڵاتێک ڕێگە بە دامەزراوە داراییەکان، کۆمپانیاکان، فرۆکەخانەکان و دەستە حکومییەکانی بدات کە هەر جۆرە هاوکاری و فریاگوزارییەک بۆ ئێران دابین بکەن، ڕووبەڕووی لێکەوتەی ئابووریی سەخت دەبێتەوە.  ئێران نەیزانی چۆن سوود لە دەرفەتە گەورەکەی ئیمزاکردنی ڕێککەوتن وەربگرێت. بۆیە، توندترین و کەمەرشکێنترین ئۆپراسیۆنی ئابووری ڕایدەگەیەنم کە تا ئێستا دژی هەر وڵاتێک گیرابێتە بەر!".

ئاماژەی بە "جەنگێکی ئابووری بێپێشینە" کرد. لە درێژەی قسەکانیدا ڕووی دەمی کردە ئەو وڵاتانەی گومانیان لێدەکرێت یارمەتیی ئێران بدەن (بێ ئەوەی ناویان ببات): "قاچاغچێتی نەوت، ئاڵوگۆڕی دراو، گواستنەوەی پارەی نەقدی، نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، تۆماری کەشتییەکان، کۆمپانیا وەهمییەکان... هەموو ئەمە دەبێت ئێستا ڕابگیرێت". پێشتریش سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەڕەشەی گۆشەگیرییەکی ئابووری لە ئێران کردبوو کە "لەجیهان وێنەی نەبووبێت".

"هورمز ناکرێتەوە!"

وەڵامی تاران لەسەر زاری سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لیوا عەلی عەبدوڵڵاهیان بوو کە هەڕەشەی کرد و گوتی: "هەر هاوکارییەک یان ئاسانکارییەک بۆ سوپای دەستدرێژکاری ئەمریکا بە بەشداریکردن لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەژمار دەکرێت" لە ئۆپراسیۆنەکانیان دژی کۆماری ئیسلامی. محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و گەورە دانوستانکاری ئێران جەختی کردبووەوە کە "گەرووی هورمز ناکرێتەوە تا ئەو کاتەی پابەندبوونی ئەمریکییەکان لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتندا جێبەجێ نەکرێت"، کە خۆی لە هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکان، هەڵوەشاندنەوەی سزای نەوتی و ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوە دەبینێتەوە. 
ڕوون نییە ئایا ئیمارات ئەم گەمارۆ بازرگانییەی لەگەڵ ئەمریکادا هەماهەنگ کردووە یان نا، بەڵام ڕاگەیاندنەکە لە ڕووی کات و زەمینەوە تەواو هاوتا و هاوتەریبە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو