جوگرافیای کراوە و مەترسیی نادیار: بیابانی عێراق لەنێوان هەڕەشە و هێزدا
٢٤ ئاب ٢٠٢٦ - ٥:٠٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کاتێک لە شار دوور دەکەویتەوە و ملی ڕێگا بەرەو بیابان دەگریت، هێدی هێدی لە هەموو ئەو هۆکارانەی پەیوەندیکردن دادەبڕێیت کە پێیان ڕاهاتبوویت، نه تۆڕی ئینتەرنێت دەمێنێت، نه پەیوەندیی تەلەفۆنی و نه هیچ خزمەتگوزارییەکی تر لەو ڕێگەیەدا هاوسەفەرت دەبێت.
بەڵام شتێک هەیە لە ناو بیاباندا دەستبەرداربوونی مەحاڵە، کە ئەویش "چاوەکانی بیابان"ن، واتە ئەو رێنیشاندەر و دەلیلانەی شارەزای کەندودۆڵ و ڕێڕەوەکانن و بە سەلامەتی لەنێوان دۆڵ، گرد و ڕێگاکاندا دەتپەڕێننەوە، ئەو ڕێگایانەی لە چاوی کەسێکی بیانییەوە هەمویان وەک یەک و بێکۆتایی دیارن.
قووڵایی بیابانی عێراق، لە بیابانی قەزای ڕوتبە و ناوچەی نوخەیب لە پارێزگای ئەنبارەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە قەزای سەلمان لە پارێزگای موسەنا، بە تێپەڕبوون بە بیابانی نەجەف و ناوچەی ئەلشەبەکەدا.
ئەم جوگرافیا کراوەیە پارێزگاریی لێکردنی لەڕووی ئەمنیەوە قورسە، هێزە ئەمنییەکان پشت بە بڵاوبوونەوە لە قووڵایی بیاباندا دەبەستن، هەروەها بەکارهێنانی بەربەستی خۆڵین (ساتر) و خەندەق، خاڵەکانی چاودێری و پشکنین، لەگەڵ مەفرەزە گەڕۆکەکان، ئۆپراسیۆنە پێشوەختەکان و چاودێریی ئاسمانی، ئەوەش لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ڕووبەرێکی بەرفراوان کە خاڵە ئەمنییەکان و ڕێگا قیرتاوکراوەکانی زۆر لە یەکترەوە دوورن.
بیابانی نەجەف
لە بیابانی نەجەف، بەرپرسیارێتی ئەمنی بەدرێژایی میحوەرێکی بیابانییە کە لە سنووری پارێزگای کەربەلاوە دەستپێدەکات تا سنووری پارێزگای دیوانییە، لە کاتێکدا قووڵایی بڵاوبوونەوەی هێزەکان بەرەو ناوچەی "ئەلشەبەکە" لە ناوەڕاستی بیابانەکەدا درێژدەبێتەوە.
هادی خەفاجی، بەڕێوەبەری ئەركانی فرقەی شەڕکەری ئیمام عەلی سەر بە حەشدی شەعبی رایگەیاند، هێزەکانی حەشد میحوەری بیابان و بیابانی نەجەف بە درێژایی نزیکەی 155 کیلۆمەتر و بە قووڵاییەک کە دەگاتە ناوچەی ئەلشەبەکە دەپارێزن.
ڕوونیشیکردەوە کە ڕووبەری حەوزی بیابانەکە نزیکەی 38 هەزار کیلۆمەتر دووجایە، و ئاماژەی بەوەدا بەرەی ڕۆژهەڵاتی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە کۆنترۆڵکراوە، لە کاتێکدا بەرەی ڕۆژئاوا کە هاوسنوورە لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە لەلایەن لیوای 12ی پاسەوانی سنوورەوە پارێزگاری لێدەکرێت، لە لای باکووریشەوە بیابانی ئەنبار درێژدەبێتەوە.
پرۆسەی پاراستنی ئاسایش تەنها بە بڵاوبوونەوەی هێزەکان ئەنجام نادرێت، خەفاجی ئاماژەی بە بوونی خەندەق و ساتری ئەمنی کرد بە درێژایی 155 کیلۆمەتر کە خاڵەکانی جێگیربوون و ڕاوەستانی بەسەردا دابەشکراوە و فرقەی ئیمام عەلی بەرپرسیارێتی پاراستنی خەندەقەکەی لەئەستۆدایە.
جەختیشیکردەوە کە دۆخی ئەمنی لە ناوچەکەدا "باشە"، و ئاماژەی بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هەفتانە کرد لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی ئەمنیدا کە بە هەماهەنگی لەنێوان فرقەی ئیمام عەلی و فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف ئامادەکراوە.
حەوزی بیابانەکە مانگانە چوار جار دەکەوێتە ژێر گەڕانی ئەمنی ڕێکخراو بۆ پشکنینی میحوەرەکە و چاودێریکردنی ناوچە بیابانییەکان.
نۆ دەروازە
لە دەوروبەری بیابانی نەجەف، نۆ دەروازە هەن کە بیابانەکە بە شارەکەوە دەبەستنەوە، ئەم دەروازانە دەبنە خاڵی سەرەکی بۆ پشکنینی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و کەسانی رێبوار.
خەفاجی گوتی، هێزەکان لە ڕێگەی ئەم دەروازانەوە پشکنین بۆ هەموو رێبواران دەکەن، لەوانەش شوانکارەکان، جووتیاران و گەشتیاران.
ئەوەشی زیاتر کرد کە هەر کەسێک بۆ مەبەستی کشتوکاڵ، لەوەڕاندن یان گەشتیاری ڕوو لە میحوەری بیابان بكات، دۆسیەیەکی تایبەتی بۆ دەکرێتەوە کە زانیارییەکانی شوێنی نیشتەجێبوون و ڕێکارەکانی پشکنینی ئەمنی تێدا تۆمار دەکرێت.
لە بیابانی نەجەفەوە، بیابانەکە بەرەو موسەنا درێژدەبێتەوە، لەوێ ڕێکارە ئەمنییەکان شێوازێکی تر وەردەگرن بە پێکهێنانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بیابان بە فەرماندەیی لیوا ڕوکن عماد مالکی.
بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی، فەرماندەییەکە لە سێ لیوا پێکهاتووە و بەرپرسە لە دابینکردنی ئاسایشی بیابانی قەزای سەلمان و ناحیەی بۆسیە لە موسەنا، سەرەڕای بیابانی ئەلشەبەکەی سەر بە پارێزگای نەجەف.
ئەرکەکانی فەرماندەییەکە بریتییە لە پاراستنی ناوچە بیابانییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزەکان لەسەر ڕێگا و ڕێڕەوەکان، لەوانەش ڕێگای بەرەو دەروازەی سنووریی "جومەیمە" لەگەڵ سعودیە، کە هێشتا لە ژێر دروستکردندایە، لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەی سەربازیی و چاودێری بۆ بەدواداچوونی بیابانەکە، کە بارەگای فەرماندەیی لە گوندی عەسرییەی سەر بە قەزای سەلمانە.
ڕوتبە
بیابانی سەلمان بە یەکێک لە گەورەترین ڕووبەرە بیابانییەکان لە پارێزگای موسەنا دادەنرێت، لەسەر ڕووبەرێکی بەرفراوان درێژدەبێتەوە کە پڕییەتی لە سەرچاوەگەلێک کە دەکرێت ببنە بنەمای گرنگ بۆ گەشەپێدان و وەبەرهێنان، بەتایبەتی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پێشەسازی و نەوتدا.
هەرچەندە گەشتەکە بەرەو ڕۆژئاوا بڕوات، هاوکێشەی بیابانەکە بەرفراوانتر و ئاڵۆزتر دەبێت؛ بیابانی قەزای ڕوتبە لە ڕۆژئاوای ئەنبار، بەپێی ئیدارەی ناوخۆیی، لەسەر ڕووبەرێک کە بە نزیکەی 90 هەزار کیلۆمەتر دووجا دەخەمڵێنرێت درێژدەبێتەوە، لە نزیک سنوورەکانی سوریا و سعودیە، و ڕێگا و میحوەری ستراتیژی شۆڕ دەبێتەوە کە عێراق بە وڵاتانی دراوسێوە دەبەستێتەوە.
سەرەڕای ئەم ڕووبەرە بەرفراوانە، قایمقامی ڕوتبە، عەماد دلێمی، جەخت دەکاتەوە کە دۆخی ئەمنی لە سنووری قەزاکە و ڕۆژئاوای ئەنبار "ساڵانێکەجێگیرە"، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێزە ئەمنییەکان لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن و کێوماڵکردن و ڕاوەدوونانی شانە تیرۆریستییەکان و چاودێریکردنی سنوورەکان.
دلێمی دەڵێت ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن کە چالاکی تیرۆریستی بەرفراوان هەبێت، و ئاماژەی بەوەدا ئەو مەفرەزە سنووردارانەی کە ڕەنگە هەبن لە هەندێک حاڵەتدا لە سێ یان چوار کەس تێپەڕ ناکەن، لە کاتێکدا سنوورەکانی بە "تۆکمە" وەسف کرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هەماهەنگی نێوان پێکهاتە ئەمنییە جیاوازەکان.
لە ڕوتبە، سیستەمی چاودێری تەنها لە هێزە سەربازییەکاندا کۆنابێتەوە؛ دانیشتووانی بیابان و ئاژەڵداران بەشێکن لە تۆڕی چاودێری.
دلێمی دەڵێت هاووڵاتیان و شوانکارەکان وەک "چاوی دەزگا ئەمنییەکان" وان، بەهۆی هاوکارییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی ناوخۆیی، لە کاتێکدا دەروازەی دیاریکراو بۆ هاتنەنەژوورەوە و چوونەدەرەوەی شوانەکان هەیە، لەگەڵ تۆمارکردنی ناوەکانیان و خستنەژێر پشکنینی ئەمنی.
ئەم دیمەنە لەگەڵ بیابانی نەجەف و سەلمان هاوبەشە، کە جووڵەی شوانکارەکان، جووتیاران و گەشتیاران بەشێکە لە جووڵەی ڕۆژانە لە بیاباندا، کە ئەمەش ڕێکخستنی هاتن و چوون و پشکنین دەکاتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکان بۆ چاودێریکردنی ناوچەکە.
لە هەمان کاتدا، ڕێگای نێودەوڵەتی کە بەغدا بە دەروازەکانی تەرێبیل و ئەلوەلیدەوە دەبەستێتەوە، ئاڵۆزییەکی خزمەتگوزاری و ئەمنی تر دروست دەکات، بەهۆی درێژبوونەوەی بۆ مەودای دوور لە ناو بیاباندا و بەرزبوونەوەی پێویستی بە وەڵامدانەوەی خێرا بۆ ڕووداوەکان.
قایمقامی ڕوتبە پێی وایە قەزاکە پێویستی بە سەنتەرێکی فریاکەوتنی خێرا هەیە کە بە کۆپتەری فریاکەوتن دابینکرابێت، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی ڕزگارکردن و بەرگری شارستانی، بۆ کەمکردنەوەی کاتی گەیشتن بە ڕووداوەکان.
پاسەوانی سنوور
لە ناوچە سنوورییەکاندا، فەرماندەی ناوچەی پێنجی پاسەوانی سنوور، لیوا ڕەحیم یونس ڕەحیم، پێشتر جەختی کردبۆوە کە پاراستنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە یەکێکە لە دیارترین ئەرکەکانی سەر شانی هێزەکانی پاسەوانی سنوورە و ئاماژەی بەوەدا کە بۆ دووەم ساڵ لەسەر یەک هیچ سەرپێچییەکی ئەمنی لەسەر سنوورەکان تۆمار نەکراوە.
ڕوونیشیکردەوە کە سروشتی ناوچە سنوورییەکە هۆکارە بۆ ماندووبوونی ئەمنی بەردەوام، بەهۆی بەرفراوانی ڕووبەری بیابانەکان و سەختی تۆپۆگرافیای ناوچەکە، کە ئەمەش پێویستی بە بڵاوبوونەوە و چاودێری بەردەوام هەیە، لەگەڵ ئۆپراسیۆنەکانی پشکنین و کێوماڵکردن و بەدواداچوون بۆ هەر جووڵەیەکی گوماناوی.
ئەو ناوچەیەی کە ناوچەی پێنجی پاسەوانی سنوور بەرپرسیارێتی لەئەستۆ دەگرێت، بەسەر ڕووبەرێکی بەرفراوانی بیابانی عێراقدا درێژدەبێتەوە، کە بیابانەکە لە دیمەنی یەکەمدا وەک ڕووبەرێکی کراوەی بێ سنوور دیارە، بەڵام بۆ هێزە ئەمنییەکان ناوچەیەکە کە ڕێگا و ڕێڕەوە کۆنەکان، و تێپەڕگەکان کە لەلایەن شوانکارە و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانەوە بەکاردەهێنرێن، یەکتر دەبڕن.
لە وەها ڕووبەرێکدا، هێزە ئەمنییەکان بە شەو و ڕۆژ کار دەکەن بۆ چاودێریکردنی سنوورەکان و پاراستنیان، بە سوودوەرگرتن لە خاڵەکانی چاودێری، مەفرەزەکان و ئۆپراسیۆنەکانی کێوماڵکردن، لە هەوڵێکدا بۆ هێشتنەوەی بیابانەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدا و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی بۆ هەر چالاکییەکی نایاسایی.
ئاسایشی ڕەها بوونی نییە
لەگەڵ بەرفراوانی ئەم ڕووبەرانە و فرەیی میحوەری سنوورەکان، شیکەرەوەی ئەمنی، خەلدون حازم، پێی وایە پێكهێنانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بیابان هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام بە تەنها بەس نییە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی ئەمنی کە بتوانێت زانیاری پێشوەختە دابین بکات و ڕاوەدووی هەر چالاکییەکی نایاسایی بکات.
حازم وتی : "لە سیستەمی ئەمنی و هەواڵگریدا ئاسایشی ڕەها بوونی نییە، بە دڵنیاییەوە کەلێن دەبن، ئەم کەلێنانەش لەلایەن بزووتنەوە تیرۆریستییەکان یان قاچاخچییەکانەوە دەقۆزرێنەوە، کە بەردەوام هەوڵ دەدەن کەلێن لە سنوورەکان یان ناوچە بیابانییەکاندا بدۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی کاری نایاسایی."
وتیشی: پێکهێنانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بیابان زۆر گرنگە"، بەتایبەتی کە ناوچەکە دەکەوێتە قووڵایی بیابانی نێوان عێراق و سعودیە لە لایەک، و ناوچەی ڕۆژئاوا لە لایەکی ترەوە، هەروەها پێی وابوو فەرماندەیی نوێ نوێنەرایەتی "تەواوکردنی فەرماندەیییەکانی ئۆپراسیۆنەکانی ئامادەبوو لە جەزیرە، ئەنبار و کەربەلا دەکات."
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم ناوچەیە "لە زۆر کاتدا بە شێوازی پێویست ئەمنییەتەکەی ڕانەگیرابوو، و کەلێنی گەورەی تێدا ڕوویداوە".
ئاماژەی بە هەندێک زانیاری کرد سەبارەت بە بەکارهێنانی لە رابردودا بۆ هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو وڵاتانی دراوسێ، سەرەڕای قسەکردن لەسەر ئەگەری بەکارهێنانی وەک خاڵێکی ئۆپراسیۆنی پێشکەوتوو.
حازم ڕوونیکردەوە کە سروشتی ناوچە بیابانییەکە و تۆپۆگرافیاکەی، لەوانەش دۆڵەکان، ئاڵۆزی بۆ کاری ئەمنی دروست دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەندێک سوود بۆ کاری ئەمنی و هەواڵگری دابین دەکەن لە ڕێگەی زانینی سروشتی زەوییەکە و ڕێڕەوەکانی جووڵە تێیدا.
گەورەترین ئاڵۆزیی
حازم پێیوایە پێکهێنانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بیابان "بە تەنها بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری ئەمنی پێشوەختە و ڕاوەدوونانی باندەکان"، ئەگەر سیستەمێکی هەواڵگری و چاودێری بەردەوام لە ناوچەکەدا بەردەست نەبێت.
سەبارەت بە ڕێکخراوی داعش، وتی ڕێکخراوەکە "بە شێوەیەکی سەرەکی لەم ناوچەیەدا بوونی نییە"، و ڕوونیکردەوە بوونی ئەوان زیاتر لە وادی حۆران بەرەو سەرسار چڕبووەتەوە، کە ناوچەگەلێکن بە "نەرم" وەسفی کردن و پێویستیان بە پشتیوانی ئەمنی و هەواڵگری هەیە، لەگەڵ بەهێزکردنی هێڵی سنووری و ناوچە بیابانییەکان.
شیکەرەوە ئەمنییەکە جەخت دەکاتەوە کە ناوچە بیابانییەکان پێویستیان بە پشتیوانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) هەیە، و پێی وایە کە ئەوان لە هەندێک ئەرکدا کاریگەرییان زیاتر دەبێت لە هێشتنەوەی ژمارەیەکی زۆری هێزە سەربازییەکان لە ناوچە دوورەدەستەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
وتیشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان "شوێنی ئەو هێزە سەربازییانە دەگرنەوە کە زەویی دەپارێزن، چونکە زیاتر بەدواداچوون دەکەن و وردتر دەبن، و کار دەکەن لەسەر شێواندنی دوژمن لە ڕێگەی بوونیانەوە"، و ڕوونیکردەوە کە بەردەوامبوونی چاودێری ئاسمانی ئەو ڕووبەرانە تەسک دەکاتەوە کە گروپەکان یان قاچاخچییەکان دەتوانن تێیدا بپەڕێنەوە.
داواشی کرد کە ژمارەیک لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بخرێنە بەردەست فەرماندەیی سوپای عێراق و بچنە ناو کاری کردارییەوە، و ئاماژەی بەوەدا بەکارهێنانیان نابێت تەنها لە ئەرکی سەربازیدا قەتیس بێت، بەڵکو دەکرێت چاودێری سنوورەکان، ڕاوەدوونانی قاچاخچییەکان، و چاودێری هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت، سەرەڕای ئەرکە ئەمنییەکانی تر بگرێتەوە.
حازم پێی وایە فەرماندەیی نوێ هەوڵ دەدات بۆ "قەتیسکردنی هەر ئۆپراسیۆنێک کە ڕەنگە لەم بیابانەدا ڕووبدات"، و پێشبینی دەکات هێزەکان بە شێوەی گرووپ بڵاوببنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی زەویی، بەڵام جەختی لەسەر سەختی مانەوەی هێزە زەمینییەکان کردەوە بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەندێک ناوچەی بیابانەکەدا.
ڕوونیشیکردەوە چارەسەرەکە تەنها لە زیادکردنی هێزەکاندا نییە، بەڵکو لە دۆزینەوەی سیستەمێکی تەواوکارییە کە پشت بە زانیاری هەواڵگری، چاودێری ئاسمانی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بڵاوبوونەوەی زەمینی ببەستێت.
یەک بیابان.. چەندین نەخشە
لە ڕوتبەوە لە ئەقسای ڕۆژئاوای ئەنبار، بە تێپەڕبوون بە بیابانی نەجەف و ئەلشەبەکە، تا دەگاتە سەلمان و بۆسیە لە موسەنا، بیابانی عێراق وەک یەک ڕووبەر درێژدەبێتەوە کە بەرپەرسیارێتی، نەخشە و پێکهاتە ئەمنییەکانی تێیدا فرەن.
بەڵام خاڵی هاوبەشی نێوانیان بریتییە لە بەرفراوانی زەوی، کەمی چڕیی دانیشتووان، و تێکەڵبوونی ڕێڕەوەکانی لەوەڕاندن، کشتوکاڵ و سەفەر لەگەڵ ڕێگا سنووری و نێودەوڵەتییەکاندا.
لە گۆڕەپانی ئەم جوگرافیایەدا، خاڵێکی ئەمنی جێگیر بەس نییە بۆ چاودێریکردنی دەیان یان سەدان کیلۆمەتر، لەبەر ئەوە ساتر و خەندەقەکان تەواوکاری دەکەن لەگەڵ مەفرەزەکان، ئۆپراسیۆنە پێشوەختەکان، دەروازەکان، خاڵەکانی پشکنین، و فڕینی چاودێری.
لە نێوان 90 هەزار کیلۆمەتر دووجا لە بیابانی ڕوتبە، و 38 هەزار کیلۆمەتر دووجا لە حەوزی بیابانی نەجەف، و ساترێک کە 155 کیلۆمەتر درێژدەبێتەوە، و فەرماندەیییەکی نوێی ئۆپراسیۆن لە سەلمان، بیابانی عێراق پەردە لەسەر یەکێک لە گەورەترین ئەرکە ئەمنی و جوگرافییەکان لە وڵاتدا لادەدات.
ئەمە بیابانێکە سنوورەکانی لە پارێزگایەکدا ناوەستێت، و بە یەک ڕێڕەو کورت ناکرێتەوە؛ زەوییەکی بەرفراوان کە پێویستی بە هێزێک هەیە زەوییەکە بیپارێزێت، چاوێک لە ئاسمانەوە چاودێری بکات، زانیارییەک لە کاتی گونجاودا بگات، و وەڵامدانەوەیەک کە پێش جووڵەکردن پێویستی بە پێوانی مەوداکان نەبێت لە سەفەرکردن بەسەر ڕێگا سنووری و نێودەوڵەتییەکاندا.
شەفەق نیوز