لە نێوان فشاری تاران و سزاکانی واشنتۆندا: نەوتی عێراق دەبێتە قوربانیی جەنگی وزە؟

٤ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٣٠ پاش نیوەڕۆ

 لە نێوان فشاری تاران و سزاکانی واشنتۆندا: نەوتی عێراق دەبێتە قوربانیی جەنگی وزە؟

پەنجەرە

زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئابووریی ناوچەکەی دووچاری گرفتی گەورە کردووە و نەوتی عێراقیشی ڕووبەڕووی مەترسیدارترین تاقیکردنەوە کردووەتەوە. 

دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ خۆی ئامادە دەکات بۆ سەپاندنی سزای ئابووریی زۆر چڕ و بێپێشینە بەسەر ئێراندا، تاران ئاستی هەڕەشەکانی بۆ سەر سەرچاوەکانی وزە بەرزکردەوە و مەترسیدارترین پەیامی ئاراستەی جیهان کرد بەوەی ڕێگە بە هەناردەکردنی وزە بە گەرووی هورمزدا نادات.

لە وەڵامی ئامادەکارییەکانی واشنتۆندا، بەرپرسانی باڵای ئێران بە توندی هاتوونەتە دەنگ. موحسین ڕەزایی، ئەمیندار و بەرپرسی نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کە بە کەسێکی زۆر توندڕەو ناسراوە، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند: "ڕێگە نادەین تەنانەت یەک دڵۆپە نەوتیش بە گەرووی هورمز یان کەنداودا تێپەڕێت." 
ڕەزایی جەختیشیکردەوە کە هەر وڵاتێک هاوکاری سزاکانی ئەمریکا بکات، وەک "دوژمن" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئاشکراشیکرد کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حوسییەکان، هێرش دەکەنە سەر کەشتی و دامەزراوەکانی وزە لە دەرەوەی ناوچەکەش، و وتی: "دوودڵ نابین لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەی دەوروبەر ئەگەر پشتیوانی لە هەڵمەتەکەی ئەمریکا بکەن؛ هاوکاریکردنی ئەمریکا دەبێتە ڕێگریکردن لە ڕەوانەکردنی هەر بارە نەوتێک لە ئاوەکانی کەنداو یان گەرووی هورمزەوە، جگە لەوەی هێرش دەکرێتە سەر تەواوی ئەو ڕێگە بەدیلانەی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو بەکاردێن."

مەترسییەکە تەنها لەسەر ڕێڕەوە دەریاوانییەکان نەبوو، بەڵکو هەوڵەکانی دۆزینەوەی ڕێگەی بەدیلیشی گرتووەتەوە. حەمید ڕەزا حاجی بابایی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشداریی توندی دا لەبارەی دروستکردنی بۆری نەوت و ڕێگەی بەدیل بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز و ئەو هەنگاوەی بە "پشتیوانیکردنی ئابووری ئەمریکا لە دژی ئێران" لەقەڵەم دا. 

حاجی بابایی ڕایگەیاند: "وەڵامی ئێران دەبێت بریتی بێت لە ڕێگریکردن لە دروستکردنی هێڵی بۆری بەدیل و ڕێنەدان بە هەناردەکردنی نەوت لەو ڕێگانەوە، جگە لەوەی ڕێگە بە ئەمریکا نەدرێت بە هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە نرخەکانی نەوت دابەزێنێت."

ئەم هەڵوێستە توندەی تاران وەک وەڵامێکە بۆ قسەکانی چەند ڕۆژ پێشتری دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕایگەیاندبوو بەنیازن توندترین و کاریگەرترین گەمارۆی ئابووری بخەنە سەر هەر وڵاتێک کە هاوکاری ئێران بکات، و سەرۆکی ئەمریکا ئەو سزایانەی بە جەنگێکی ئابووری هەمەلایەنە وەسف کردبوو کە ئامانج لێی بڕینی پەیوەندییەکانی ئێرانە لەگەڵ جیهاندا بە شێوەیەکی بێپێشینە.

لە لایەکی ترەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ترامپ خەریکی ئامادەکردنی کۆمەڵێک سزای زۆر قورسن بۆ ئەوەی ئابووری ئێران بە تەواوەتی ئیفلیج بکەن، بەمەش بە گوتەی خۆی: "ڕێگە لە فرەوانبوونی شەڕی سەربازی ڕاستەوخۆ دەگرین و ئێران ناچار دەکەین گەرووەکە بکاتەوە."
ئەم ململانێ توندە لە کاتێکدایە کە عێراق بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت و ئاستەنگەکانی هەناردەکردنەوە دووچاری قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بووەتەوە، و وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن ڕێگەی وشکانی و بەدیل بدۆزنەوە تا مەترسییەکانی گەرووی هورمز کەم ببنەوە، کە پێشتر نزیکەی %٢٠ی نەوت و گازی سروشتیی جیهانی پێدا تێپەڕدەبوو، بەڵام ئێستا جووڵەی کەشتییەکان تێیدا پەکیکەوتووە.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: ئایا عێراق دەتوانێت دامەزراوە نەوتیییەکانی بپارێزێت، یان کۆمپانیا ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکانی ناو عێراق دەبنە ئامانجی ڕاستەوخۆ؟
زیاد ئەلهەشیمی، توێژەر لە بواری ئابووری و گواستنەوەی نێودەوڵەتی، دەربارەی ئاکامەکانی ئەم جەنگە ئابوورییە ئاماژە بەوە دەکات: "چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا تەواوی هێز و تواناکانی بخاتە گەڕ بۆ سەرخستنی گەمارۆدانی ئێران، بەڵام ئەم ئەرکە ئاسان نییە و ئاکامەکانی وەک هێرشی سەربازی دیار نین." 

ئەلهەشیمی هۆشداریش دەدات و دەڵێت: "ئەگەر گەمارۆکە بە توندی جێبەجێ بکرێت، بەهۆی پشتبەستنی زۆری عێراق بە گازی ئێران و کەلوپەلی تر، ڕەنگە عێراق ببێتە گەورەترین زیانپێکەوتووی ناوچەکە. لە سێبەری توندبوونی ئەمریکاشدا، ئەگەری هەیە هاوردەکردنی هەموو جۆرە کەلوپەلێکی ئێرانی بۆ عێراق ڕابگیرێت، بەمەش عێراق لە سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی وزە بێبەش دەبێت کە بۆ وێستگەکانی کارەبای پێویستیەتی."

لە لایەکی دیکەوە، بێدەنگیی بەغدا بەرامبەر ئەم هەڕەشانە ڕەخنەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە.
قوسەی شەفیق، ڕاگەیاندکاری عێراقی، هەڵوێستەکەی تاران بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکەی دەبینێت و ڕایدەگەیەنێت: "هەڕەشەکەی ئێران وا دەکات عێراق ڕاستەوخۆ بکەوێتە بەرامبەر ئێران، کە ئەمەش ئاڵنگارییەکی ڕوونە بۆ دەوڵەتی عێراق، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا هیچ بەیاننامە یان وەڵامێک لە حکومەتی عێراق، وتەبێژەکەی، یان وەزارەتی دەرەوە دەرنەچووە."

شەفیق ڕەخنەی توند لە هەندێک لایەنی ناوخۆیی دەگرێت و دەڵێت: "پرسیارێک بۆ ئەو عێراقییانەی لە خۆدی ئێران زیاتر بەرگری لە ئێران دەکەن: ئایا ئێوە ڕازین تاران هەڕەشە بکات و ڕێگە نەدات عێراق سەرچاوەکانی وزەی هەمەجۆر بکات و لە قەیرانی ئابووری ڕزگاری بێت، لە کاتێکدا هەر خۆی سزای ٣٠ ملیۆن دۆلار دەسەپێنێت بەسەر بارهەڵگرێکی چینیدا بەهۆی هەڵگرتنی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمز؟" 

لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە: "ئێمە بەرەوڕووی ڕووبەڕووبوونەوە بووینەتەوە لەلایەن ئێرانەوە. بە دڵنیاییەوە دەبێت ڕای گشتی عێراق وەڵامی ئەم لێدوانانەی ئێران بداتەوە و بڕیارێکی بەهێز و ڕەسەنی عێراقییانەی لەسەر بدرێت. بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە تەواوی سنوور و دەروازەکان بە بێ بەرامبەر بخرێنە خزمەتی ئێرانەوە."

لە نێوان داڕمانی ئابووریی، هەڕەشەی سەربازیی ئێران و سزاکانی ئەمریکادا، بێدەنگیی بەغدا ترس و دڵەراوکێی زۆری لای توێژەران دروستکردووە کە ئەگەر ئاگرەکە بکەوێتەوە، عێراق و شادەماری ئابوورییەکەی (نەوت) دەبنە یەکەم سووتەمەنیی ئەم جەنگە بێپێشینەیەی وزە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو