سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار؛ ئایا گەمارۆ ئێران بەتەواوەتی لە جیهان دادەبرێت؟
٤ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران توندتر دەکاتەوە. واشنتۆن هەڕەشەی لە بانک و کۆمپانیا بیانییەکان کردووە کە ئەگەر لە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تاران بەردەوام بن، ڕێگەیان پێنادرێت سیستەمی دارایی ئەمریکا بەکاربهێنن.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئەم هەنگاوەی بە ڕێکارێکی بێپێشینە ناوبرد بۆ گۆشەگیرکردنی تەواوەتیی ئێران.
بێسێنت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە کە وەزارەتی گەنجینە کەمپینێکی بە ناوی "پرۆسەی دەرکراوی ئابووری" (Operation Economic Outcast) دەستپێکردووە. لە ڕێگەی ئەم پرۆسەیەوە، سزاکانی ئەمریکا بەرفراوانتر دەکرێن تا ئەو کۆمپانیا و لایەنە بیانییانەش بگرێتەوە کە مامەڵە لەگەڵ پێنج کەرتە سەرەکییەکەی ئابووریی ئێراندا دەکەن، کە بریتیین لە: سەرمایەی دیجیتاڵی، تەکنەلۆژیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و کەشتیوانی.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا دەستبەجێ سزای بەسەر زیاتر لە ٦٠ کەسایەتی، کۆمپانیا و کەشتیدا سەپاندووە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "ئامانجمان ئەوەیە هەموو سەرچاوە و شادەمارێکی ئابووریی بپچڕێنین کە ئەم ڕژێمە سەرکوتکەرە بە زیندوویی دەهێڵێتەوە، تا ئەو کاتەی تاران خۆی بە تەواوی لە جیهان دادەبڕێت."
ئەم هەڵمەتە نوێیە ڕاستەوخۆ ئەو وڵات و کۆمپانیایانە دەکاتە ئامانج کە هێشتا پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ ئێراندا ماوە. بەڵام بێسێنت ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک ترامپ دەیەوێت وادەیەکی دیاریکراو بداتە حکومەت و کۆمپانیا بیانییەکان تا ئەو چالاکییانەی لەگەڵ ئێراندا هەیانە ڕابگرن، بەرلەوەی سزاکانیان بەسەردا بسەپێنرێت.
وتیشی: "بۆ هەر وڵاتێک مۆڵەتێکی دیاریکراو دادەنرێت تا ئەرکەکان ڕابگرێت. ئەگەر خۆیان ڕێکاری پێویست نەگرنە بەر، ئەوا ئێمە بەپێی دەسەڵاتەکانی وەزارەتی گەنجینە بە شێوەیەکی یەککلایەنە سزایان بەسەردا دەسەپێنین."
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی هۆکاری پێدانی وادە بە وڵاتان لەبری سەپاندنی دەستبەجێی سزاکان، بێسێنت ڕوونی کردەوە کە واشنتۆن دەیەوێت دەرفەتێکی کورت بدات بۆ کۆتاییهێنان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان، تا ڕێگری بکات لە تێکچوونی لەناکاوی سەقامگیریی ئابووری لە سەرانسەری جیهاندا.
ئەو وتی: "ئێمە دەرگایەک دەکەینەوە تا هەمووان ڕەفتارەکانیان ڕاست بکەنەوە. ئامانجی ئێمە تێکدانی سیستەمی دارایی جیهان نییە." بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریدا کە ئەم مۆڵەتە زۆر کورت دەبێت.
وتیشی: "ئێمە ئاگادارکردنەوەیەکی ڕوون دەدەین و داواکارییەکانمان دیاری دەکەین. ئەگەر لایەنێک نەیەوێت پابەند بێت، دەبێت ئەوە بزانێت کە لە سیستەمی دارایی پشتبەستوو بە دۆلار دەردەکرێت."
بێسێنت ئاشکرای کرد کە بەرلەوەی ئەم هەفتەیە کۆتایی بێت، وەزارەتی گەنجینە سزای نوێ بەسەر "دامەزراوەیەکی دارایی گەورەدا" دەسەپێنێت، کە ئەمەش دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی کرداری بۆ ئەوەی دەرکەوێت واشنتۆن تا چەند لە جێبەجێکردنی ئەم سزایانەدا جدییە.
بەپێی یاساکانی ئەمریکا، کاتێک سزایەک دەسەپێنرێت، تەواوی سەرمایە و دارایی ئەو لایەنە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکادا سڕ دەکرێت و هاووڵاتییان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان قەدەغەیان لەسەر دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. هەروەها وەزارەتی گەنجینە دەتوانێت ڕێگری لە بانکە بیانییەکان بکات کە مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکی ئەنجام بدەن؛ ئەمەش سزایەکی زۆر گەورەیە چونکە دۆلار بڕبڕەی پشتی بازرگانیی جیهانییە.
چین لە ناوەندی تاقیکردنەوەکەدایە
گەورەترین تەحەدا لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی ئەمریکادا وڵاتی چینە، کە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێرانە.
بەپێی ئامارەکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان کە ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردووەتەوە، چین ساڵی ڕابردوو ڕۆژانە نزیکەی ١.٤ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە. بەشێکی زۆری ئەم نەوتە لە ڕێگەی تۆڕی ئاڵۆز و شاردراوەوە ڕەوانەی پاڵاوتگە سەربەخۆکانی چین کراوە تا سەرچاوەکەی دیار نەبێت.
ئەمریکا پێشتر سزای بەسەر چەند پاڵاوتگە و کۆمپانیایەکی بچووکی کەشتیوانیی چینیدا سەپاندووە، بەڵام تا ئێستا خۆی لە بەئامانجگرتنی بانکە گەورەکانی چین پاراستووە کە ئاسانکاری بۆ کڕینی نەوتی ئێران دەکەن. ئەگەر ئەمریکا سزای ئەو بانکە گەورانە بدات، کاریگەریی زۆر قورسی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو ئابوورییە گەورەیەی جیهان دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە شی جێنپینگ، سەرۆکی چین، لە ٢٤ی مانگی نۆدا، سەردانی واشنتۆن بکات تا لەگەڵ ترامپ کۆببێتەوە، دوای بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک. هەردوو سەرۆک هیوادارن ئەم کۆبوونەوەیە بێتە هۆی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان.
ترامپ چەندین جار خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ سەرۆکی چیندا، بەمەش سەپاندنی هەر سزایەک بەسەر بانکە گەورەکانی چین بەرلەوەی سەردانەکە بکات، کارێکی زۆر هەستیار دەبێت.
کاتێک ڕۆژی دووشەممە لە بێسێنت پرسرا دەربارەی ئەو سزایانەی ڕەنگە بەسەر بانک و کۆمپانیا کەشتیوانییەکانی چیندا بسەپێنرێن، وەڵامێکی ڕاستەوخۆی نەدایەوە و تەنها وتی: "دەبێت هەموو وڵات و کۆمپانیایەک بزانێت کە دەبێت ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزاکانی ئەمریکا. ئێمە لێپرسینەوە لەگەڵ هەمووان دەکەین."
لە بەرامبەردا، هەمان ڕۆژ حکومەتی چین ئەم هەڵمەتەی ئەمریکای ڕەتکردەوە. لین جیان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ڕایگەیاند کە سزاکان هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکەن و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی چاودێریی بارودۆخەکە دەکات و ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی دەگرێتە بەر.
ئیمارات وەک نموونەیەک
بێسێنت ئاماژەی بە بڕیارەکەی ئیمارات کرد کە هەفتەی ڕابردوو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێراندا ڕاگرت، و بە بەڵگەی دەستپێکردنی کاریگەریی هەڕەشەکانی ئەمریکای دانا.
ئەو وتی: "پێموایە ئەم بڕیارەی ئیمارات ڕێکەوت نەبوو، بەڵکو بە ئەگەری زۆرەوە ئەنجامی ڕاستەوخۆی گوشارەکانی ئەمریکا بوو." هەروەها پێشبینی کرد کە وڵاتانی دیکەش بە هەمان ڕێگەدا بڕۆن.
لە بەرامبەردا، ئێران هۆشداریدا بەو وڵاتانەی هاوکاریی کەمپینەکەی ئەمریکا دەکەن.
موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ڕایگەیاند کە تاران بەشداری کردنی هەر وڵاتێک لەم هەڵمەتەدا بە "کردەوەیەکی جەنگی" ئەژمار دەکات، و هەڕەشەی کرد کە ڕێکاری توندتر دەگرنە بەر بۆ ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کەنداوی عەرەبییەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن کە ئابووریی ئێران بەهۆی ساڵانێک لە سزاکان و نزیکەی شەش مانگ لە جەنگ، لەبارۆخێکی زۆر خراپدایە. ڕۆژی دووشەممە نرخی تمەنی ئێرانی بۆ نزمترین ئاست لە مێژووی خۆیدا دابەزی، و گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکاش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە.
بێسێنت وتی ئەم ڕێکارە نوێیانە تەنها دوو ڕێگە لە بەرامبەر تاراندا دەهێڵنەوە: یاخود گۆشەگیریی تەواوەتیی جیهانی و ئابوورییەکی زۆر هەژارانە، یاخود ڕێککەوتنێک کە پەیوەندییەکان ئاسایی بکاتەوە.
سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار
ئیدارەی ترامپ پێشتریش ئەم شێوازەی بەکارهێناوە؛ بەوەی سەرەتا سزای گەورە ڕادەگەیەنێت و پاشان پلەبەپلە لە ڕێگەی وەزارەتی گەنجینەوە جێبەجێیان دەکات.
لە مانگی دووی ٢٠٢٥، ترامپ فەرمانی دا بە کاراکردنەوەی "سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار" (Maximum Pressure) دژ بە ئێران، و داوای لە وەزارەتی گەنجینە کرد ڕێگری لە سەرپێچییەکان بگرێت و هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر دابەزێنێت.
لە مانگەکانی دواییدا، وەزارەتەکە چەندین خولی سزای نوێی ڕاگەیاند کە پاڵاوتگە بچووکەکانی چین (کە بە پاڵاوتگەکانی چا ناسراون)، تۆڕەکانی کەشتیوانی، و بەڕێوەبەرانی بەندەر و کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێرانی کردە ئامانج.