باجە قورسەکە؛ عێراق دەبێتە قوربانیی شەڕی ئابووریی ئەمریکا و ئێران؟
٤ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٥٢ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
عێراق ڕووبەڕووی قۆناغێکی ئابووریی سەخت دەبێتەوە و ڕەنگە ببێتە یەکەم قوربانیی هەڵمەتە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئێران.
پشتبەستنی قورسی بەغداد بە گازی ئێرانی، تێکەڵاوبوونی بەشێک لە کەرتی بانکیی عێراق لەگەڵ تاران، و قەیرانی وەستانی هەناردەی نەوت بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە، عێراقیان خستووەتە دۆخێکی ناهەموارەوە.
لە ساڵی 2025دا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاند، بەڵام مەترسییەکە تەنها بازرگانیی ئاسایی نییە. سێ سێکتەری هەستیار ئابووریی عێراقیان بە ئێرانەوە بەستووەتەوە کە بریتین لە: گاز و کارەبا، نەوت، سیستەمی بانکی.
مەترسیی یەکەم: گازی ئێرانی
عێراق ساڵانە نێوان 4 بۆ 5 ملیار دۆلاری بەرامبەر هاوردەکردنی گاز دەدا بە ئێران، کە رۆژانە 50 ملیۆن پێی سێجا گاز بوو و زیاتر لە 40%ی کارەبای وڵاتەکەی دابین دەکرد.
لە کانوونی دووەمی 2018ەوە، ئەمریکا 23 جار لێخۆشبوونی کاتیی بە عێراق بەخشیبوو بۆ هاوردەکردنی وزە، بەڵام لە ئاداری 2025دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە یەکجاری کۆتایی بەو لێخۆشبوونانە هێنا.
لە سایەی سزاکانی واشنتۆندا، بەغداد ناکرێت پارەی گاز بە تاران بدات. بەپێی وتەی شارەزایانی ئابووری، ئەمە ئێران ناچار دەکات پێدانی گاز ڕابگرێت. نەمانی گازیش واتە کوژانەوەی وێستگەکانی کارەبا و زیاتربوونی کاتژمێرەکانی بڕینی تەزووی کارەبا لەسەر هاوڵاتییان.
بەرپرسانی کەرتی وزە هۆشداریدەدەن کە ئەم دۆسیەیە تەنها خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو دەکرێت هەڕەشە لە سەقامگیریی حکومەتەکەی عەلی ئەلزەیدی بکات.
مەترسیی دووەم: نەوت
داخستنی گەرووی هورمز گورزێکی کوشندەی لە ئابووریی عێراق داوە. بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکە لە 4.3 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە. لە ئێستادا تەنها رێگەی چالاک بۆ هەناردەکردن، هێڵی بۆڕیی هەرێمی کوردستانە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا.
شارەزایان دەڵێن ئەگەر عێراق بە تەواوی پابەندی سزاکانی ئەمریکا بێت، ڕەنگە ئێران ڕێگە لە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەش بگرێت کە نەوتی عێراقیان هەڵگرتووە. سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی لە "دیالۆگی هەشتەمی بەغداد" دانی بەوەدا نا کە داخستنی گەرووی هورمز ئاڵنگارییەکی گەورەی لەبەردەم وڵاتەکە دروستکردووە.
مەترسیی سێیەم: سزای سەر بانکەکانی عێراق
کەرتی بانکیی عێراق کەوتووەتە ژێر مەقەستی سزاکانی ئەمریکا. تا ئێستا لە کۆی 72 بانکی چالاک لە عێراق، 35 بانکیان سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێنراوە.
لە تەممووزی 2023، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر 14 بانکی عێراقیدا سەپاند.
لە کانوونی دووەمی 2024، بانکی "الهدی"ی عێراقی وەک تۆڕێکی سپیکردنەوەی دراو بۆ گرووپەکانی سەر بە ئێران دەستنیشانکرا.
لە ئایاری ڕابردوو، ئەمریکا لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "تووڕەیی ئابووری" سزای بەسەر بەرپرسێکی نەوتی و چەند سەرکردەیەکی گرووپە چەکدارەکاندا سەپاند.
لە شوباتی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کرد کە دەیان بانک و کۆمپانیا لە مامەڵەکردن بە دۆلار بێبەش کراون.
تەنگژەی سیاسی و تاقیکردنەوە سەختەکەی بەغداد
ئەمریکا لە رێگەی وەزارەتی گەنجینەکەیەوە بە سەرۆکایەتی سکۆت بیسێنت، دەستی بە "ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" کردووە بۆ تەنیاکردنی ئێران لە ڕووی داراییەوە.
بەپێی وتەی چاودێران، واشنتۆن فشار لە حکومەتی عێراق دەکات بۆ داخستنی ئەو ناوەندە داراییانەی ئێران کە لە ناوخۆی عێراقدا کار دەکەن، هەروەها کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان.
بەپێی بڕیاری حکومەت، دەبێت تا 30ی ئەیلوول هەموو چەکێک بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، کە ئەم بەروارەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. شیکەرەوەکان پێیان وایە قورسیی کۆنتڕۆڵکردنی هەژموونی ئابووری و سەربازیی ئێران لە ناو عێراقدا، ڕێک ئەو هۆکارەیە کە بەغداد دەخاتە ژێر هێڵی گەرمی سزاکانی ئەمریکا.