واشنتۆن باڵیۆزەکەی لە تورکیا دوور دەخاتەوە و دیپلۆماتکارەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
٤ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٤٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
واشنتۆن تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە تورکیا بانگهێشتکردەوە و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانیش پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەگەری زۆرە نەگەڕێتەوە بۆ ئەنقەرە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی بە پشتبەستن بە لۆرا لۆمەر، ڕۆژنامەنووسی ئەمریکیی نزیک لە دۆناڵد تڕەمپ، هۆکاری بەپەلە بانگهێشتکردنەوەی باڵیۆزەکە بۆ ئەو لێدوانانەی دەگەڕێتەوە کە لەبارەی "بەرزاییەکانی جۆڵان" دابووی.
لۆمەر ئاماژەی بەوە کردووە کە لێدوانەکانی باراک خەریکبوو جەنگێکی بەرفراوان لە نێوان ئیسرائیل، تورکیا و سوریادا هەڵبگیرسێنێت.
لۆمەر لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە، کە بەرپرسانی واشنتۆن خوازیاری دوورخستنەوەی باراکن، تەنانەت ئامادەن پەنا بۆ کۆمپانیایەکی گواستنەوە ببەن بۆ کۆکردنەوە و پێچاندنەوەی کەلوپەلە تایبەتییەکانی لە ئەنقەرە.
لەلایەکی ترەوە، ئەمریکا پرۆسەی گەڕانەوەی دیپلۆماتکارانی و بەشێک لە خێزانەکانیانی بۆ باڵیۆزخانەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی ئاڵۆزییەکان و جەنگی ئێرانەوە گواسترابوونەوە.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، ئەم بڕیارەی واشنتۆن لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی نوێ هاتووە کە نیشانی دەدات هەڕەشە ئەمنییەکانی ئێستای ناوچەکە بەراورد بە قۆناغەکانی پێشوو کەمتر بوونەتەوە.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووه کە فشار و داواکاریی بەردەوامی ئەو دیپلۆماتکارانەی منداڵیان هەیە بۆ دیاریکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، فاکتەرێکی سەرەکی بووە لەوەی واشنتۆن پرۆسەی گەڕانەوەیان خێراتر بکات.