نەوت هەیە و کڕیار نییە؛ گرفتی ئابووری عێراق لە سایەی قەیرانی هورمزدا

٤ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٤٢ پاش نیوەڕۆ

نەوت هەیە و کڕیار نییە؛ گرفتی ئابووری عێراق لە سایەی قەیرانی هورمزدا

پەنجەرە

گەرووی هورمز حەساسترین ڕێڕەوی دەریاییە لە جیهاندا، چونکە نزیکەی %20ی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. بۆ عێراق، ئەم ڕێڕەوە گرنگترین شادەماری ئابوورییە، چونکە زۆرینەی نەوتەکەی لەوێوە هەناردە دەکرێت کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی دەوڵەتە.

بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل و داخستنی گەرووەکە لەلایەن ئێرانەوە لە سەرەتای ساڵی 2026، عێراق تووشی تاقیکردنەوەیەکی سەخت بووەوە. ئەوەی ڕوویدا سەلماندی کە پشتبەستنی ڕەها بە هورمز، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی ئابووریی وڵات.

تەنگژەی ناوخۆ و وەڵامنەدانی نرخە بەرزەکان

داخستنی گەرووەژە و گەمارۆ دەریاییەکان بوونە هۆی پڕبوونی کۆگاکانی نەوت لە باشووری عێراق و وەستانی هەناردەکردن. ئەگەرچی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە، بەڵام عێراق نەیتوانی هیچ سوودێک لەو بەرزبوونەوەیە ببینێت؛ چونکە کاتێک نەتوانی نەوتەکەت بفڕۆشیت، بەرزیی نرخ هیچ بەهایەکی نامێنێت. 

بە پێچەوانەی هەندێک وڵاتی تر کە بەهۆی بوونی دەروازەی بەدیلەوە زەرەرەکانیان کەم کردەوە، داهاتی عێراق تووشی داڕمانی توند بوو.

بەدیلەکان لە کوێن و ئاستەنگەکانیان چیین؟

لەگەڵ دروستبوونی ئەم قەیرانەدا، جارێکی تر پرسی دەروازە بەدیلەکان بۆ هەناردەکردنی نەوت بووەوە ڕۆژەڤ، بەڵام زۆربەی ئەم بەدیلانە تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە:

 * هێڵی کەرکووک-تورکیا: خێراترین و ئامادەترین بژارە بوو چونکە ژێرخانەکەی هەبوو، بەڵام بەهۆی کێشەی یاسایی و دارایی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و زیانەکانی هێڵەکەوە، توانای تەواوی بەکارنەهێنراوە. سەرەڕای ئەوەش، پشت بەستن بەم هێڵە بە تەواوی کەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی بڕیاری سیاسیی تورکیا.
 
* هێڵی بەسرە-حەدیثە-عەقەبە (ئوردن): پڕۆژەیەکی ستراتیجیی گرنگە و عێراق دەبەستێتەوە بە دەریای سوورەوە. بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە تێچوویەکی زۆر (دەوربەری 9 ملیار دۆلار) و کاتێکی درێژ (کەمتر لە 4 ساڵ) هەیە، جگە لە مەترسییە ئەمنییەکان و تێپەڕبوونی لە ڕێڕەوە باریکەکانی دەریای سوور.
 
هێڵی عێراق-سوریا (بانیاس/تەرتووس): ڕێگەیەکی ڕاستەوخۆ دەگات بە بە دەریای ناوەڕاست و ئەوروپا، بەڵام بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانەکە و ئاڵۆزیی بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی سوریاوە، تەنها وەک بژارەیەکی درێژخایەن سەیر دەکرێت.

 * هێڵی بەسرە-سعودیە: ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە پشتبەستن بەم هێڵە مەترسیدارە، چونکە سعودیە لە ساڵی 1990 دەستی بەسەر ئەم هێڵەدا گرت، جگە لەوەی نەوتی عێراق وەک ڕکابەرێک بۆ نەوتی خۆی دەبینێت.

گرنگیی تۆڕی ناوخۆیی و کۆگاکردنی دەرەکی

شیکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێڵی بەسرە-حەدیثە کلیل و جەرگەی سەرەکیی هەموو بژارەکانە، چونکە نەوتی باشوور بە باکوور و ڕۆژئاواوە دەبەستێتەوە. بەهێزکردنی ئەم هێڵە ناوخۆییە ڕێگە دەدات عێراق لە کاتی قەیراندا نەوتەکەی بەرەو هەر دەروازەیەک ببات کە کراوە بێت.
لە لایەکی ترەوە، شارەزایان پێشنیاز دەکەن عێراق لە بری بەخشینی ملیارەها دۆلار بۆ بۆڕیی درێژ، کۆگای گەورەی نەوت لە وڵاتانی ئاسیا (کە کڕیاری سەرەکیی نەوتی عێراقن) بکڕێت یان دروست بکات. ئەمە تێچووی کەمترە و نەوتەکە لە ناوچەی ئارامدا کۆگا دەکرێت.

دەرئەنجام

قەیرانی ساڵی 2026 دەریخست کە حکومەتەکانی عێراق تەنها لە کاتی سەرپۆشکردن و تەقینەوەی قەیرانەکاندا بیری دەروازەی بەدیل دەکەونەوە، بەڵام کاتێک دۆخەکە هێور دەبێتەوە، پڕۆژەکان فەرامۆش دەکرێن.
عێراق پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە لە تێڕوانینی بۆ پڕۆژەکانی هەناردەکردن؛ نابێت ئەم پڕۆژانە وەک خەرجییەکی زیادە ببینرێن، بەڵکو دەبێت وەک "بیمەی ژیان" بۆ ئابووریی وڵات سەیر بکرێن تا لە قەیرانە جیۆپۆلیتیکییەکانی داهاتودا وڵات تووشی ئیفلیجی نەبێتەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو