سوەیدا، لە بەڵێنی دەوڵەتەوە بۆ داوی وەهم
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٤٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
زیاتر لە ساڵێک بەسەر ڕووداوە خوێناوییەکانی پارێزگای سوەیدا تێپەڕیوە. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: بۆچی ئەم پارێزگایە، سەرەڕای هەموو دەرفەت و ڕێککەوتنەکان بۆ ئەوەی بەشێک بێت لە سوریای نوێ، گەیشتە ئەم دۆخە مەترسیدارە؟
کێشەکە لەوەدا نەبوو کە چارەسەر نەبوو، بەڵکو کێشەکە ئەوە بوو کە زۆربەی ڕێککەوتنەکان شکستیان هێنا. هۆکاری سەرەکی نەچوونی سوەیدا بۆ ناو دەوڵەت، نەمانی متمانە بوو؛ چونکە لایەنێک لە سوەیدا بەردەوام لە پەیمانەکان پاشگەز دەبووەوە و تێکەڵ بەو پڕۆژە ئیسرائیلییە بوو کە دەیویست پشتێنەیەکی ئەمنی لە باشووری لوبنانەوە تا باشووری سوریا دروست بکات.
هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتن
کاتێک لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ڕژێمی ئەسەد ڕووخا، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ سوریا ڕەخسا. لەو کاتەدا سوەیدا دەبووایە نموونەیەکی جوان بێت بۆ پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشقدا.
بۆ ئەم مەبەستە، لە سەرەتای ٢٠٢٥دا چەندین کۆبوونەوە لە نێوان حکومەتی کاتی و شێخ حیکمەت ئەلهەجەری مەرجەعی دیاری دروزەکان کرا.
گەیشتنە ڕێککەوتنێکی باش، کە بریتی بوو لەوەی ئاسایش و پۆلیسی سوەیدا لە خەڵکی ناوخۆ ببن و چەکدارانی ناوخۆش بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگری لەناو سنووری پارێزگاکەدا.
شکستپێهێنانی ڕێککەوتنەکان
سەرەڕای ئەم ڕێککەوتنانە، هەندێک لایەن لە سوەیدا بەردەوام پەیمانشکێنییان دەکرد، هەرچەندە ڕێککەوتنی فەرمی لەگەڵ حکومەت دەکرا، بەڵام دوای ٢٤ کاتژمێر هێجری یان کەسانی نزیکی پەیمانەکەیان هەڵدەوەشاندەوە.
هێجری لە نیسانی ٢٠٢٥ شاندێکی گەورەی ناردە فەڵەستین بۆ سەردانیکردنی مەقامی نەبی شوعەیب، کە ئەمەش نیگەرانی و دووبەرەکییەکی زۆری لە نێوان پێکهاتەکانی سوریادا دروست کرد.
لە کاتی پێکدادان و کۆمەڵکوژییەکانی تەموزی ٢٠٢٥دا، هەجەری سەرەتا پێشوازی لە چوونەژوورەوەی هێزەکانی حکومەت کرد، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک داوای کرد شەڕیان لەگەڵ بکەن!
کەوتنە داوی ئیسرائیلەوە
دواجار دەرکەوت کە حیکمەت هەجەری ماوەیەکی زۆرە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئیسرائیل. ئیسرائیل دەیویست لە ڕێگەی بەکارهێنانی دروزەکانی سوەیدا و دروستکردنی خەونی وەهمی بە ناوی "دەوڵەتی باشان"، نەخشەی باشووری سوریا بگۆڕێت. بەڵام ئەم خەونە تەنها خوێن و کاولکاری بۆ خەڵکی سوەیدا هێنا و هیچ دەوڵەتێکی ڕاستەقینەی لێ سەوز نەبوو.
هەڵوێستی ولید جومبڵات
لە بەرامبەر ئەم سیاسەتە هەڵەیەدا، ولید جومبڵات، سەرکردەی دروزی لوبنانی لە یەکەم ڕۆژەوە هۆشداری دا و دووپاتی کردەوە که، دروزەکان بەشێکن لە نیشتیمانی سوریا و هیچ داهاتوویەکیان لە دەرەوەی دەوڵەتی یەکگرتووی سوریادا نییە.
ئاماژەی بەوەش دەکرد هیچ پاراستنێک بۆ دروزەکان لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە نایێت، بەڵکو پاراستنی ڕاستەقینە تەنها لە سایەی دەوڵەتدا دەبێت.
هەروەها داوای لێکۆڵینەوەی شەفافی کرد بۆ سزادانی ئەوانەی لە خوێنڕشتنەکەدا دەستیان هەبووە، چونکە دادپەروەری مەرجی سەرەکییە بۆ ئاشتەوایی.
بەشێک لە درووزەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەزموونی ساڵی ڕابردوو ئەوەی سەلماند کە زۆربەی خەڵکی سوەیدا باوەڕیان بە جیابوونەوە نییە و دەیانەوێت بەشێک بن لە سوریای نوێ. چارەسەری ڕاستەقینە و تاقە ڕێگەی ڕزگاربوون ئەوەیە: لێکۆڵینەوەی شەفاف، سزادانی تاوانباران، دیالۆگی نیشتمانی، و گەڕانەوە بۆ ناو دەوڵەت.
وەکچۆن کێشەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەسەدە لە ڕێگەی تێکەڵبوون بە دەوڵەت چارەسەر کرا، داهاتووی سوەیداش هەرگیز لە دەرەوەی سوریا دروست نابێت، بەڵکو چارەنووسی لە ناو دڵی سوریایەکی یەکگرتوودایە.